بەشی بیست و سێیەمی مێژوو؛ هەلومەرجی کارگێڕی کوردستان، لە سەردەمی عوسمانییەکان:

ئەو میرنشینە کوردیانەی مەزن و قورسایی خۆیان هەبوو، وەک هەردوو میرنشینی (بادینان) و (بۆتان)، بەڕەسمی پێیان دەگوترا (حکوومەتی کوردی) و ماف و دەستکەوتی فراوانیان لە ژێر دەستدابوو.


دەوڵەتی عوسمانی بۆ ئاسانکاری بەڕێوەبردنی هەرێمەکانی ژێر دەستی خۆی کە داگیری کردبوو، دابەشکردنێکی کارگێڕی پیادە کرد کە بەم پێیەی خوارەوە شێوازی خۆی وەردەگرت:
هەر دەڤەرێکی گەورە (ویلایەت)ێکی لێ پێکهێنرا، کە دابەش دەکرا بۆ چەند (سەنجەق)ێک کە (لیوا)شیان پێدەگوترا، ئەمانە وەک (پارێزگا)ی ئێستا وابوون.
هەر سەنجەقێک چەند (قەزا) یەکی لە خۆ دەگرت، هەریەکێکیش لەمانە لە چەند (ناحیە)یەک پێکهاتبوون.
دەوڵەت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم یەکە کارگێڕیانە فەرمانبەری عوسمانی دادەنا بە پێی پلە و پایەکانیان، ئەمەش لە زۆربەی ناوچەکانی سەر بە دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر پەیڕەو دەکرا.
بەڵام لە ژێر سایەی ئەو ڕێکەوتننامەیەی کە لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانی بەسترا، لە کوردستان هەلومەرجێکی کارگیڕی تایبەت لە ئارادا بوو، کە تیایدا میرنشین و قەوارە کوردیەکان لە جیاتی (سەنجەق) بوون و هەر کۆمەڵێکیان لە ژێر سەرپەرشتی گشتی ویلایەتێکدا دادەنران.
هەندێ لەم ویلایەتانە لە کوردستان بوون وەک ویلایەتەکانی (دیاربەکر) و (شارەزوور) و (وان)، هەندێکیشیان لە پاڵ ئەم میرنشینانە ناوچەی تریان لە خۆ دەگرت وەک ویلایەتەکانی (بەغدا) و (موسڵ) و (ئەرزەڕۆم).
لەو ڕێکخستنەدا میرە کوردەکان بە میراتگری لە سەر میرنشین و ناوچەکانی خۆیان مانەوە، سەربەخۆ بوون لە کاروباری ناوەخۆیان و پەیوەندی لە گەڵ یەکتر و هەرێمەکانی دەورووبەردا.
هەروەها باج و پیتاک هەر لە لایەن خۆیان کۆ دەکرایەوە، ئەمانەش لە بەرامبەر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سەرنشینان وەک لە رێکەوتننامەکەدا هاتبوو.
زیاتر لەمەش ئەو میرنشینە کوردیانەی مەزن و قورسایی خۆیان هەبوو، وەک هەردوو میرنشینی (بادینان) و (بۆتان)، بەڕەسمی پێیان دەگوترا (حکوومەتی کوردی) و ماف و دەستکەوتی فراوانیان لە ژێر دەستدابوو.














تعليقات