بەشی بیست و هەشتەمی مێژوو؛ کوردستان لە سەردەمی میرنشینە کوردیەکاندا:

بارودۆخی کوردستان لە ژێر سایەی میرنشینەکاندا:


سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیانەی لە ئەنجامی سیاسەتی عوسمانی و سەفەوی و ململانێی بەردەوامیان بە سەر کوردستاندا هات، ناوچە کوردیەکان توانیان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی میرنشینە خۆماڵیەکان مۆرکی نەتەوایەتی خۆیان بپارێزن، هەروەها بە پێی توانا پەرە بە ژیانی کوردەواری بدەن لە زۆربەی بۆارەکاندا.
تەنانەت بە بەراورد لە گەڵ ناوچەکانی تری دەورووبەر پێشکەوتنێکی زیاتریان بە خۆوە بینی، ئەو گەڕیدە و گەشتیارە بیانیانەی لەو سەردەمەدا بە کوردستاندا گەڕوان، تێبینی هەندێ لەو لایەنانەیان کردووە و تەنانەت هەندێ جار پێی سەرسام بوون.
ئەلف – لایەنی کۆمەڵایەتی:
ژیانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای کوردەواریدا لە سەر بنەمای هۆزایەتی بەند بوو، هەر هۆزێک ناوچەیەکی دیاریکراوی هەبوو کە ڕۆڵەکانی تێیدا گوزەرانیان دەکرد و خۆیان بە خاوەنی دەزانی، ئەو هۆزانە لە ڕووی شێوازی ژیانەوە سێ جۆر بوون:
-بەشێکیان جێگیربوون و لە شار و گوندەکاندا نیشتەجێبوون.
-هەندێکی تریان نیمچە کۆچەر بوون و لە هاویندا کوێستان و لە زستانیشدا گەرمیانیان دەکرد.
–جۆری سێیەمیان ڕەوەند بوون و لە ڕەشماڵاندا دادەنیشتن، چونکە بە دوای میرگ و لەوەڕگادا دەگەڕان بۆ مەڕو ماڵاتەکانیان.
بە هۆی زاڵبوونی ڕژێمی هۆزایەتی لەو ناوچانەی هۆزەکان تێیدا نیشتەجی بوون، مرۆڤی کورد کەسێتی خۆی لە ناو قەوارەی هۆزەکەیدا دەدۆزیەوە، بەڵام لە شارەکان و ناوچەکانی دەورووبەریدا ژیانی هۆزایەتی کەمتر باوبوو.
هەروەها بەگشتی لە کوردستان بە تایبەتی لە دەرەوەی شارەکان ڕژێمی دەرەبەگایەتی زاڵبوو، کە لە ئەنجامدا ڕژێمی چیانیەتی بەرقەرار بوو لە سەر بناغەی جیاوازی نێوان میر و بەگزادە و خانەدانەکان لە گەڵ خەڵکی ڕەمەکی کە پێیان دەگوترا (کرمانج).
بە- لایەنی ئابووری:
کشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەڕوماڵات بڕبڕەی پشتی ژیانی ئابووری بوو لە کوردستاندا و لە ڕیگەی ئەم کار و پیشەیە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتوان بژێوی ژیانیان دابین دەکرد.
هەروەها جۆرەها بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاژەڵی و سرووشتی لەم وڵاتەدا بەرهەم دەهێنرا، بە ڕێژەیەک کە بڕێکی زۆری لێ دەنێردرایە ناوچە و وڵاتەکانی دەورووبەر.
ئەو بەروبوومە سرووشتییانەی کە هەناردەی وڵاتانی دەوروبەر دەکران وەک: (گەزۆ) و (کەتیرە).
گەڕیدەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بازاڕەکانی بەغدا و موسڵ و حەلەب و تەورێز ئاوەدان بوون بە بەرهەمی وڵاتی کوردان.
هەروەها پیشەگەری و دووکان و بازاڕەکانیش لەو سەردەمەدا لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا ڕەواجیان پەیدا کردبوو.
ئەمەش ببووە هۆی بووژاندنەوەی ئەو شارانە و ئاوەدان بوونیان، بۆ نموونە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمدا شاری (بەدلیس) نزیکەی (٩) کاروانسەرا و (١٢٠٠) دووکان و کارخانەی لێبوو.
هەر لە هەمان ماوەدا شاری (ئامێدی) بازاڕێکی گەورەی تێدابوو کە جۆرەها کەلوپەلی تێدا دروست دەکرا و دەفرۆشرا.
لە شاری (مەلاتیە)ش شەش قاوشی پیشەگەران هەبوو کە هەر یەکەیان هەزار کەسی لە خۆ دەگرت.
پیشەگەر و کارسازانی کوردستان لە زۆر پیشەدا ناوبانگیان بە کارامەیی و دەست ڕەنگینی دەرکردبوو.
ئەوەتا گەڕیدەیەکی تورک لە بارەی دیاربەکرەوە دەڵێ: ( ئەو شیر”شمشێر” و دەمانچە و قوڵنگ و تەور و خەنجەر و ڕمانەی لێرەدا دروست دەکرێن لە دونیادا بەناوبانگن)، هەروەها زێڕنگرەکان لە کاری زێڕ و نەخشسازیدا بێ وێنەن.
هەر ئەم گەڕیدەیە لە شاری (وان) زۆر ستایشی وەستا و پیشەگەرەکانی کوردی کردووە لەو شارەدا.

















تعليقات