بەشی بیست و هەفتەمی مێژوو؛ بەردەوام بوونی ململانێی عوسمانییەکان و سەفەویەکان لە سەر کوردستان:

بەردەوام بوونی ململانێی عوسمانییەکان و سەفەویەکان لە سەر کوردستان:

هۆکاری سەرەکی بەردەوام بوونی ململانێی عوسمانی و سەفەوی کە زیاتر لە سێ سەدەی خایاند ئەوەبوو، هەردوولا چاوی تەماعکارییان بڕیببووە سەر کوردستان و هەوڵیان دەدا بەشێکی زیاتری ئەم وڵاتە داگیر بکەن، بۆ ئەوەی سوود لە تۆانا ئابووری و مرۆییەکانی ئەم وڵاتە وەربگرن.
بۆیە سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک پەیماننامەی ئاشتییان لە نێوان خۆیان مۆرکرد، کەچی هەمیشە لە هەل و دەرفەت دەگەڕان بۆ ئەوەی فراوانخوازی لە سەر حیسابی ناوچەی دەسەڵاتی ژێر دەستی یەکتردا بکەن.
پەیماننامەی(ئاماسیە) لە ساڵی ١٥٥٥ی.ز دا مۆرکرا، یەکەم پەیماننامە بوو لە نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا بەسترا، تیایدا هەردوو دەوڵەت دانیان بە دەسەڵاتی یەکتر نا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان.
بەم پێیە بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێدا کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی دابەشکرا.
دوای مردنی شا تەهماسبی سەفەوی لە ساڵی ١٥٧٦ی.ز بارودۆخێکی ناهەموار لە ژێر دەسەڵاتی سەفەویدا پەیدابوو، ئەمە وای لە دەوڵەتی عوسمانی کرد هێرش بکاتە سەر ئەم دەوڵەتە و هەندێک ناوچەی تر داگیر بکات، کە زۆربەیان ناوچەی کوردستانی بوون.
ئەم (شەڕە-جەنگە) بە پەیماننامەی ساڵی ١٥٩٠ی.ز کۆتای هات کە لە بەرژەوەندی عوسمانییەکاندا بوو.
بەڵام شا عەباسی یەکەمی سەفەوی- کە بە ناچاری ئەم پەیماننامەی مۆر کردبوو- لە ساڵی ١٦٠٢ی.ز، بڕیاریدا تۆڵە لە عوسمانییەکان بکاتەوە.
لە ئەنجامدا پلیتی (شەڕێکی-جەنگێکی) درێژخایان لە نێوانیاندا هەڵگیرسا، لە گرنگترین ڕووداوەکانی ئەم شەڕە ئەوەبوو، لەشکری سەفەوی لە ساڵی ١٦٢٣ی.ز بەغدا و هەندێک ناوچەی باشووری کوردستانی داگیر کرد.
بەڵام عوسمانییەکان لە هەوڵەکانیان بەردەوام بوون تا ساڵی ١٦٣٨ی.ز، توانیان بەغدا و ئەو ناوچانە داگیر بکەنەوە.
ئەم (شەڕە-جەنگە) سەرەڕای چەند پەیماننامەیەکی کورت خایەن تا ساڵی ١٦٣٩ی.ز بەردەوام بوو.
لەم ساڵەدا پەیماننامەی زەهاوی (لە کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لە نێوان سوڵتان مورادی چوارەمی عوسمانی و شا سەفی- کە لە دوای شا عەباس هاتبووە سەر تەخت- مۆرکرا.
ئەم پەیماننامەیە لەسەر خاکی کوردستان گرێدرا، بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوەیتر کوردستان لە نێوان هەردوو بەناو دەوڵەتی داگیرکەردا دابەش کرا، بۆیە بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم شەڕە درێژەی کێشا.
بەڵام تا سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەم ئەم ململانێیە هەروا بەردەوام بوو.
بێگومان ئەم ململانێیە درێژ خایانە، کاریگەری خراپی لە سەر کوردستان هەبوو، لەبەر ئەوەی ناوچە کوردییەکان گۆڕەپانی سەرەکی (شەڕ-جەنگ) و پێکددانەکان بوون و کوردانیش لە هەر دوولادا تێوەگڵابوون، بێ ئەوەی دەستکەوتێکی بۆ ئەوان تێدا بێ.
لە ئەنجامدا هەزاەرها ڕۆڵەی کورد لەناوچوون و کوردستانیش بڕێکی زۆر کاولکاری و قات و قڕی و نەهامەتی تری بە خۆیەوە بینی.
ئەمە سەرباری دابەش بوونی خاک و دابڕینی کورد لە یەکتر کە چەندین جار دووبارە دەبوەوە و دەبێتەوە.















تعليقات