کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بە ئامادەبوونی بارزانی دەستیپێکرد


بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی ، سەرۆکی پارتی ، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە پیرمام دەستیپێکرد کە تایبەتە بە پرسی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان.

سەنگەر عەبدولرەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر رایگەیاند: "کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 2-4-2017 کاژێر 11:00 لە سەری بڵند لە شوێنی مانەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی بەڕێوەدەچێت".

پەیامنێری رووداو لە هەولێر دەڵێت: "ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیەدا شاندێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداربوون بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی و مەلا بەختیار، حاکم قادر ، عەدنان موفتی، سەعدی ئەحمەد پیرە، رزگار عەلی، عومەر فەتاح و ئەرسەلان بایز ".

پەیامنێری رووداو دەشڵێت: "جیا لە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکە، شاندەکەی پارتیش لە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکە پێکدێن، لەوانە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی ، هۆشیار زێباری ، رۆژ نووری شاوەیس ، مەسروور بارزانی، مەحموود محەممەد و ئازاد بەرواری".

پەیامنێری رووداو، ئاماژە بەوە دەدات، ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیە و پێشتر بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵکو ئێوارەی دوێنی بڕیاری لەسەر درا، هەرچەندە لە کۆبوونەوەی دوێنێی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری ئەوە دراوە سەردانی پارتی بکەن، بەڵام نەک بەم زووییە، بەڵام بەهۆی پێشهاتە نوێیەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، پرسی ریفراندۆم و پرسی کەرکووک ، ئەو دۆخەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق روویدا، کۆبوونەوەکەی یەکێتی و پارتی خێراتر کرد.

پەیامنێری رووداو، ئاماژە بەوەش دەدات، بەپێی زانیارییەکانی رووداو پارتی و یەکێتی یان کورد سوورە لەسەر ئەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەڵبکرێت، هاتنەخوارەوەی ئاڵای کوردستان جارێکی دیکە لە کەرکووک شتێکی مەحاڵە.






Comments