بەشی شانزدەهەم: جەنگی چاڵدێران ساڵی ١٥١٤

 چونکە عوسمانیەکان کە هێزێکی پیادەی تۆکمەتر و هەروەها چەکی(تۆپ)یان هەبوو لە شەڕەکەدا سەرکەوتن.

بە درێژای هەردوو سەدەی چواردەهەم و پازدەهەم عوسمانیەکان لە فراوان خوازی دابوون بەرەو رۆژئاوا لە سەرخاکی ئەورووپا، بەڵام کە سوڵتان سەلیمی یەکەم ساڵی(١٥١٢-١٥٢٠)ز هاتە سەر دەسەڵات، هەڵگەڕانەوەیەک لە فراوان خوازیەکانی عوسمانیەکان ڕوویدا و ئەوەبوو عوسمانیەکان ڕووی ئاراستەی لەشکرکێشیان بەرەو ڕۆژهەڵات گۆڕی (واتە بەرەو کوردستان و خاکی عەرەب و….هتد). هەنگاویان نا.
گرنگترین هۆکارەکانی ئەم گۆڕانە ئەمانەبوون:
١- سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەفەوی و پەلهاوێشتنی بۆ “کوردستان و عێراق و ئەنادۆڵ” وایان کرد کە باروودۆخی سیاسی ناوچەکە بشێوێ، بە تایبەتیش کە شا ئیسماعیل بانگەوازی شیعە گەرێتی لەم ناوچانە بڵاوکردبووە و کوشتارێکی زۆریشی لەو پێناوەدا ئەنجام دابوو، لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە ملیان بۆ باوەڕی ئەو دانەدەنا.
٢- عوسمانیەکان ڕازی نەبوون کە ئەم ناوچە پڕ بایەخ و ستراتیژیانە لە ژێر دەسەڵاتی سەفەویدا بمێنێت.
٣- عوسمانیەکان لەو ماوەیەدا نەیانتوانی فراوانخوازی زیاتر بکەن لە ئەورووپا، بۆیە لەوە دەگەڕان کە ناوچەی تر بدۆزنەوە بۆ فراوان خوازی دەسەڵاتەکەیان. ٤- داگیرکردنی “رۆژئاوای عەرەب و کەنداو و دەریای سوور” لە لایەن(ئیسپانی و پورتەگالیەکان) هانی عوسمانیەکانیدا بۆ ئەوەی ڕووبەڕوویان بوەستێن نەوەکوو دەرگا بازرگانیەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەڕووی عوسمانیەکان دابخرێن.
لە ئەنجامدا سوڵتان سەلیم بە لەشکرێکی گەورەوە هێرشی کردە سەر دەوڵەتی سەفەوی، لەشکری عوسمانیەکان بە سەرکردایەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم و لەشکری سەفەویەکان بە سەرکردایەتی شا ئیسماعیلی سەفەوی لە (٢٣)ی ئابی (١٥١٤ ز) لە دەشتی چاڵدێران لە باکووری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی (وان) لە سەرخاکی کوردان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
هەرچەندە لەشکری سەفەوی لە سەرەتادا سەرکەوتنێکی بەرایی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر تووشی کارەسات و نوشستی هات، چونکە عوسمانیەکان کە هێزێکی پیادەی تۆکمەتر و هەروەها چەکی(تۆپ)یان هەبوو لە جەنگەکەدا سەرکەوتن.
سەرەڕای ئەم تێکشکانە مەزنەش هێشتا دەوڵەتی سەفەوی نەڕووخا، چونکە سوڵتان سەلیم هەرچەندە دوای جەنگەکە چووە ناو شاری(تەورێز)ی پایتەختی ئەم دەوڵەتە، کەچی دواتر پاشەکشەی لێکرد و هەوڵی داگیرکردنی ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی سەفەوی نەدا، بەڵام لە لایەکی تر شکستی سەفەویەکان کاری کردە سەر پێگە و دەسەڵاتیان لە کوردستان، هەروەکوو دواتر بۆتان ڕوون دەکەینەوە.










































Comments