ئەگەر پیاوێك بەبێ هیچ پاساوێك ژنی دووەمی هێنا، سزاكەی چییە؟

ژنێك: مێردەكەم رۆژ نییە پۆستی دینی و قسەی ئەو مەلایانە بڵاونەكاتەوە كە باسی فرەژنی دەكە
بەهرۆز پاش ئەوەی چووە خوازبێنی هاوپیشەكەی، پێیانگوت ئەگەر ژنەكەت رازی نەبێت ئامادە نین كچەكەی خۆمانت بدەینێ.

 بەهرۆز محەممەد، 36 ساڵ، ماوەی 12 ساڵە لەگەڵ لانەی تەمەن 28 ساڵان بوونەتە هاوژین و خاوەنی سێ منداڵن، بەڵام بەگوتەی خۆی، بەزۆری باوكی كە دۆستی ماڵی هاوژینەكەی بووە، لانەی هێناوە. ئەوەشی نەشاردەوە كە لانە "كچێكی جوان و منداڵ" بوو، بۆیە پەشمان نییە لێی، بەڵام حەز دەكات ژنی دیكەشی هەبێ‌ "لانە دایكی سێ منداڵمە و هەرگیز لێی جیانابمەوە، بەڵام من پیاوم، دین رێگەی پێداوم، بۆیە ئەگەر ژنێكی دیكە بێنم كارێكی ناشەرعی ناكەم".

لانە كە مامۆستایە، دەڵێت "بەزۆر شووم بە بەهرۆز نەكرد تائێستا ژنم بەسەر بهێنێ‌، ئەوەندە منداڵ بووم، لای ئەو خوێندنم تەواو كرد، ئێستا مامۆستام، تا ئەمڕۆش سێ قوتابخانەم گۆڕیوە لەترس و شەرمی ئەوەی كەس لێم نەپرسێت و نەزانێت كە ژنم بەسەر دێت، چونكە هیچ كەموكوڕییەك لە خۆم شك نابەم تا كە لێیان پرسیم بۆ ژنی دووەمی هێناوە، وەڵام بدەمەوە".

لانە دڵنیایە كە لەلای مەلایەكی دەرەوەی هەولێر ئەو ئافرەتە لە هاوژینەكەی مارەكراوە، بەڵام بەهرۆز بۆ ئەوەی قەناعەت بە لانە بكات، دەڵێت تا تۆ رازی نەبیت، هاوسەرگیری لەگەڵ ناكەم.
 لانە دەڵێت كە پیاوەكەی لە ماوەی 12 ساڵی هاوسەرگیرییاندا 12 رۆژ بەڕۆژوو نەبووە، ئێستا بۆ ئەوەی بڵێن لایەنی دینداریی بەهێز بووە، خەریكی نوێژ و رۆژووە، هەتا ئەو وتەیە بە سەربەرزی بڵێت كە دەڵێت شەرع رێگای بە چوار ژن داوە".

لانە وێنەی پۆستەكانی فەیسبووكی هاوژینەكەی پیشانداین كە تاوەكو ساڵی پار تەنیا شیعری خۆشەویستی بوون بەسەر باڵای ئافرەتدا و وێنەی نیمچەڕووتی دادەنان، بەڵام ئێستا رۆژ نییە پۆستی دینی و وتەی ئەو مەلایانە بڵاونەكاتەوە كە باسی ژنهێنان و فرەژنی دەكەن! بۆیە لانە پێیوایە "دین لای هەندێك پیاو لە بەرژەوەندی زیاتر هیچی دیكە نییە".

لانە سوورە لەسەر ئەوەی ئەگەر هاوژینەكەی ژنی دووەم بهێنێت و لەگەڵی بەردەوام بێت، حەقی خۆی و منداڵەكانی لێوەردەگرێت و دواتر جیادەبێتەوە.

بەپێچەوانەی لانە، شیرین ئەحمەدی تەمەن 47 ساڵان بەپێی خۆی چووەتە دادگا و واژۆی بۆ عەبدوڵڵای هاوژینی كردووە تاوەكو ژنی دووەم بێنێ‌. شیرین بە (رووداو)ی گوت "دایكی 4 كوڕ و 3 كچم، پیاوێك مەبەستی هێنانی ژنی دووەم بێت، هەر دەیهێنێ، 12 ساڵە كێشە لەناو ماڵمدا هەیە، عەبدوڵڵا بەردەوام دەیگوت ژن دێنم، بۆیە كاتێك زانیم لەوە زیاتر پێم ناكرێت رازی بووم، بەڵام بەو مەرجەی 100 مسقاڵ زێڕم بۆ بكات و كاتێكیش ژنی دووەمی هێنا، من لە پێشی ئۆتۆمبێل دابنیشم، ئێستا كە دوو ساڵە ژنی دووەمی هێناوە، بەڵێنەكەی نەشكاندووە، 100 مسقاڵ زێڕەكەی بۆ كردووم و بۆ هەر شوێنێكیش بچین من لە پێشی ئۆتۆمبێلەكە دادەنیشم".

شیرین نایشارێتەوە كە ویستوویەتی لە رێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە مافی ژنان سكاڵا لەسەر هاوژینەكەی تۆمار بكات "پێش ئەوەی ژنی دووەم بهێنێت ویستم بچمە لای ئەو رێكخراوانەی داوای مافی ئافرەتان دەكەن، بەڵام كوڕە گەورەكەم رازی نەبوو، گوتی ناوی باوكم مەزڕێنە، منیش پەشیمان بوومەوە". گوتیشی "مادام شەرع رێگەی بە پیاو داوە ژنی دیكە بهێنێت، من شەڕی چی لەگەڵ بكەم".

پارێزەری راوێژكار زوبێر سەعدی لەبارەی هێنانی ژنی دووەم دەڵێت "دادگاكانی هەرێمی كوردستان رێگە بە هێنانی ژنی دووەم بە مەرج دەدەن، لەوانەش ژنەكەی نەخۆشیی درێژخایەنی هەبێت یان منداڵی نەبێت، هەروەها دەبێت هاوژینی یەكەمیشی رازی بێ‌".

ئەگەر پیاوێك بەبێ هیچ پاساوێك ژنی دووەمی هێنا، سزاكەی چییە؟ ئەو پارێزەرە دەڵێت "بەپێی ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، هەركەسێك بەبێ هیچ پاساوێك و بەبێ‌ رەزامەندی ژنی یەكەمی ژنی هێنا، ئەوا سزای ماددی دەدرێت بە 3 بۆ 5 ملیۆن دینار و حەپسكردن لە ساڵێك بۆ 3 ساڵ".

بۆیە وەك ئەو پارێزەرە دەڵێت "پیاوان بۆ هێنانی ژنی دووەم دەچن لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، وەك كەركووك و پردێ و مەخموور و دیبەگە گرێبەستی هاوسەرگیری دەكەن، چونكە پێویستیان بە رەزامەندیی ژنی یەكەم نابێت و لەلای مەلاش مارەی دەكەن".

ڕووداو

تعليقات