ئایا چاى سەفەرى دەبێتە هۆى شێرپەنجە؟


ئایا چاى سەفەرى دەبێتە هۆى شێرپەنجە؟

(تۆماس سوللیڤان)ى ئەمەریکى کە بازرگانێکى چاى و قاوە بوو، ساڵى 1908 چاى بە ئەندازەى ئەوەى هەر جارێک لە قۆرییەکدا لێبنرێت، خستە توورەکەوە و بەو شێوەیە خستییە بازاڕەوە. ئەو مەبەستى ئەوە بوو کە چایەکە لە توورەکەکان دەربهێنرێن، وەلێ کڕیارەکان بە هەڵە تێگەیشتبوون، چایەکەیان بە توورەکەوە لێنابوو. سوللیڤان بەو کارە حەپەسا، بەڵام کاتێک بینی کڕیارەکانى خواستى زۆریان لەسەر ئەو چایەیە، کەوتە درێژە دان بەو کارە. بەم جۆرە ئەوەى پێیدەگوترێت چاى سەفەرى، بەو شێوەیە و باییی قۆرییەک دەخرایە توورەکەوە، تا واى لێهات باییی کوپێک بخرێتە ناوییەوە.


رۆژ بە رۆژ ژمارەى تووشبووان بە جۆرەها نەخۆشی و لە سەرووى هەمووشیانەوە شێرپەنجە لە هەڵکشاندایە. ئەمە واى کردووە خەڵکى بکەونە گەڕان لە هۆکانى، بەتایبەت ئەوەى چ جۆرە خواردنێک پەیوەندییی پێیانەوە هەیە. قسە و باسی ئەوەى چاى سەفەرى پەیوەندیی بە شێرپەنجە خستنەوەوە هەبێت، خەریکە لاى خۆشمان بڵاو دەبێتەوە. ئایا ئەمە بنەماى زانستیی هەیە؟



چاى سەفەرى لە دوو شت پێکهاتووە، کیسەکە و چاکەى ناوى. چایەکە هەر چایە، بۆیە کێشەیەکى واى لەگەڵ تەندروستیدا نییە. هەر ئەوەندەیە کە چایەکى وردە تا بە ئاسانى و بە ماوەیەکى کەم ڕەنگ بدات بە کوپە ئاوەکە. بەڵام دەبێت بزانرێت کە کۆمپانیاکان لاى سەرەوەى بارە چاکان دەفرۆشن و وردەکەى لاى خوارەوە دەکەن بە چاى سەفەرى. کەواتە رێک ئەو بەشەى خوارەوەى ناو قوتووە چاکانن کە خانمان فڕێی دەدەن! هەر چەندە هەندێک کۆمپانیا چاى درشت بەکاردەهێنن.



ئەوەى کە کێشە سەرەکییەکەیە و جێی مشتومڕە، کیسى چاکەیە. ئەو کیسانە بە شێوەیەکى گشتى لە کاخەز، پلاستیک یانیش ئاوریشم دروست دەکرێن.



(ئێپیکلۆرۆهایدرین-) ماددەیەکى کیمیاییە، کاتێک بەر ئاو دەکەوێت، دەگۆڕێت بۆ ماددەى ٣-م سی پی دی، کە بەپێى چەند توێژینەوەیەک دەبێتە هۆى شێرپەنجە و نەزۆکى لە پیاوان. ئەمە بەتایبەت ئەو کاتانە روودەدات کە رووبەڕووى ئاوى گەرم دەبێتەوە. جا ئەم ماددەیە لە بەرهەم هێنانى نایلۆن (پلاستیک) و بە رێژەیەکى کەمتریش لە دروست کردنى کاخەزدا بەکار دەهێنرێت، بەتایبەت ئەو کاخەزانەى بۆ کیسی چاى بەکاردەهێنرێن. هەر وەک لە دەرمانى مێشکوژیشدا بەکاردێت!



ئەگەرچی ئەم ماددەیە لە پێکهاتەى هەموو کیسی چایەکى سەفەریدا نییە، بەتایبەت ئەوانەى لە ئاوریشم درووستدەکرێن. هەندێک چاى سەفەرى لەسەریان دەنووسرێت کیسەکانیان لە ئاوریشم دروست کراون، بەڵام ئایا رێىتێدەچێت شتێکى لە ئاوریشم دروستکراو بە هەزار-دوو هەزار دینارێک بێت؟!



مەترسیی بەرکەوتن بەو ماددە زیانبەخشە ئەو کاتە تەواو زیاد دەکات، کە چایە سەفەرییەکە لە پەرداخى سەفەریی پلاستیکدا بخورێتەوە. ئەوەش هەیە کە بە خواردنەوەى چەند جارێکى چاى سەفەرى ئەو کێشانە روو نادەن، ئەگەر نەکرێت بە خوو.



چارە ئەوەیە، لەسەر نەریتى باب و باپیران کەمێک زیاتر خۆ ماندوو بکەین و دان بە خۆدا بگرین، چاى ناو قۆری نەبێت نەیخۆینەوە. ئەو کاتیش چاى نەک هەر تووشی شێرپەنجەمان ناکات، بەڵکو دەیشمانپارێزێت لێى.



د. زانا ئەحمەد خوێندکاری بۆرد لە هەناو و شارەزایە لە دروستیی خۆراک

ڕووداو

تعليقات