فەرماندەیەكی پاسداران: دەبێ کونسوڵخانەی سعودیە لە هەولێر نەمێنێت


 فەرماندەیەكی پاسداران: دەبێ کونسوڵخانەی سعودیە لە هەولێر نەمێنێت 
فەرماندەیەكی سوپای پاسداران نیگەرانە لە زۆربوونی کونسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان و بە هەوڵدان بۆ شێواندنی ئاسایشی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتباریان دەکات، دەشڵێت دەبێ کونسوڵخانەی سعودیە لە هەولێر دابخرێت، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش خوازیارە ئەگەر وڵاتان هەر كێشە و ململانێیەكیان هەبێت، بۆ هەرێمی كوردستانی نەگوازنەوە.

محەممەد حوسێن رەجەبی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان، رەخنە لە زۆربوونی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت "هەبوونی زیاتر لە 30 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان شتێکی سروشتی نییە و، زۆربەی ئەو كونسوڵخانانە بۆ کاری سیخوڕی کەڵکیان لێوەردەگیرێت".

لەبارەی كونسوڵخانەی سعودیە لە هەولێر، حوسێن رەجەبی دەڵێ "سعودیە دەیەوێ لەڕێگەی کۆنسوڵخانەکەیەوە لە هەرێمی کوردستان، لە ئێران کاری تێکدەرانە بکات، بۆیە دەبێ کۆنسوڵخانەی سعودیە لە هەرێمی کوردستان نەمێنێت، چونکە خەڵکی کوردستان پێویستیان پێی نییە".

محەممەد حوسێن رەجەبی لەبارەی پارێزگای سنەش دەڵێت "بەهۆی ئەوەی  سنە پارێزگایەکی سنوورییە و هاوسنووری عێراقە، نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدان ئاسایشی ئەو پارێزگایە بشێوێنن".

لەبەرامبەردا فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان  دەڵێت "خوازیارین ئەگەر وڵاتان هەر كێشە و ململانێیەكیان هەیە نەیگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان".

فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێمان سەیرە وڵاتێکی دراوسێ دەستبخاتە كاروبارەكانی ئێمە و رێگە بۆ ئێمە دابنێت، رێز لە پەیوەندی دراوسێیەتی دەگرین و خوازیارین پەیوەندی دراوسێیەتی دوولایەنە و تێگەیشتنی هاوبەش هەبێت".

وەك فەلاح مستەفا باسی كرد، هەرێمی كوردستانی عێراق پێگەیەكی شەرعی و دەستووری هەیە، سیاسەتێكی روون و ئاشكرای بەڕووی دەوروبەر و وڵاتانی جیهان گرتووەتەبەر، ئەو كونسوڵخانە و نوێنەرایەتییانەی لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، بە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغداد بووە،  ئەمڕۆش زیاتر لە 30 كونسوڵخانە لە هەرێمی كوردستاندا هەن، یەكێكیش لەوان كونسوڵخانەی سعودیەیە و لە 2-2-2016 بەفەرمی لە هەولێر كراوەتەوە.

فەلاح مستەفا  گوتیشی "نەبووینەتە هەڕەشە بۆسەر هیچ وڵاتێك، رابردووش ئەوەی سەلماندووە، لە سیاسەتماندا كراوەین و نابینە بەشێك لە هیچ ململانێیەكی ناوچەكە و جیهان، خوازیارین ئەگەر وڵاتانیش هەر كێشە و ململانێیەكیان هەیە نەیگوازنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە ئارامی و ئاشتی و خۆشبەختی خەڵكی هەرێمی كوردستانمان مەبەستە."

ڕووداو

تعليقات