ئۆباما رەخنەی تووند لە بڕیارەکانی ترەمپ دەگرێت

لە یەکەم پەیامیدا دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی، ئۆباما رەخنەی تووند لە بڕیارەکانی ترەمپ دەگرێت و پشتیوانی خۆشی بۆ خۆپیشاندانەکان دژی بڕیارێکی ترەمپ دەردەبرێت.

دوای ١٠ رۆژ لە جێهێشتنی پۆستەکەی، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە پەیامێکیدا کە گوتەبێژەکەی بڵاویکردووەتەوە، رەخنە لە سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگرێت بەرامبەر رێگریکردن لە چوونی هاووڵاتییانی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمریکا.

ئۆباما پشتیوانی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکان دەردەبرێت و دەڵێت "مایەی خۆشحاڵییە لە ئاستێکی بەرزدا خەڵک لە باگراوندی جیاوازەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکان کردووە. خەڵک بەپێی دەستوور مافی ئەوەیان هەیە ناڕەزاییەتی دەرببڕن بەرامبەر بە بڕیاریک کە وڵاتەکەی خستووەتە سەر لێوارێکی مەترسیدار".

گوتەبێژی باراک ئۆباما راشیگەیاندووە "سەرۆک بەشێوەیەکی بنەڕەتی دژی جیاکارییە لەنێوان تاکەکاندا لەسەر بنەمای باوەڕ و ئایین".

ماوەی چەند رۆژێکە لە زۆربەی شارەکانی ئەمریکا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دژی بڕیاێکی دۆناڵد ترەمپ  بۆ رێگریکردن لە چوونی خەڵکی وڵاتانی عێراق، سووریا، ئێران، یەمەن، لیبیا، سوودان و سۆماڵی بۆ نێو ئەمریکا بەردەوامە.

پێشتر و بەر لە جێهێشتنی پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکیدا ئۆباما رایگەیاندبوو لە کاتی پێویستدا لەبارەی پرسە سیاسییەکان بێ دەنگ نابێت.

لە٢٠١٧-٠١-٢٧ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشتی هاووڵاتییانی بۆ وڵاتەکەی تاوەکو ٢٠٧-٠٤-٢٧ قەدەخەکرد، تاوەکو ئەو کاتە بڕیاری نوێ دەردەکرێت.

Rudaw

تعليقات