شوێنەوارناسانی هەرێمی كوردستانو زانكۆی ریدینگی بەریتانی لە گوندی (بێستانسۆر)ی رۆژهەڵاتی ناحیەی عەربەت كۆنترین شوێنەواری كشتوكاڵیان دۆزیەوە کە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (7هەزارو 700) ساڵ پێش زایین.
ئەو ناوچەیەی شوێنەوارەكەی لێ دۆزراوەتەوە بە دووری 25 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییەوە، ماوەی (3) وەرزە شوێنەوارناسانی هەرێمی كوردستانو زانكۆی ریدینگی بەریتانی كاری كنەو پشكنین لەم ناوچەیەدا دەكەن.
بە وتەی رۆجەر ماتیوس شوێنەوارناس لە زانكۆی ڕیدینگ لە بەریتانیا ئەم شوێنەوارە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ (7 هەزارو 700) ساڵ پێش زایینو (9 هەزار) ساڵ تەمەنیەتی.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی سلێمانی، زیاتر لە (3 هەزارو 400) ناوچەی شوێنەواری لە هەرێمی كوردستاندا هەن، كە (823) شوێنەواریان دەكەونە سنووری پارێزگای سلێمانی.کە تا ئیستا بەشێكی زۆر لە شوێنەوارەكان پشكنینیان بۆ نەكراوەو ماونەتەوە.
لە شوێنەواری گوندی كشتوكاڵی بێستانسۆر 45 لاشەی مرۆڤو چەندین كەلوپەلی كشتوكاڵی دۆزراونەتەوە.
Comments
Post a Comment