ھونەری ڕۆژھەلاتی کوردستان پلێتیکی ئاڵتونی ٧٠٠ ساڵ پێش زاین

ھونەری ڕۆژھەلاتی کوردستان پلێتیکی ئاڵتونی ٧٠٠ ساڵ پیش زاین لە گەنجینەی قەڵای زێویە لە نزیک شاری سەقز دۆزراوەتەوە.


قەڵای مێژوویی زێویە لە ٥٥ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سەقز و لە باکووری گوندی زێویە و لە سەر تەپۆڵکەێک ھەڵکەوتووە.

ڕووبەری ئەم قەڵا، پتر لە ٤ ھێکتارە و بەرزاییەکەی لە ئاستی زەوییەکانی دەوروبەری ٩٠ تا ١١٠ مەتر دەبێت و ھەر ئەم ئاستی بەرز بوونە وایکردووە کە جوان بە چوار دەوری خۆیدا بڕوانێ و بەرجەوەنێکی جوان و سەرنج ڕاکێشی ھەیە.
زێویە یا ئیزیپیە یا زیپیا لە سەدەی ھەشتەمی پێش زایینی مەسێح، یەکێک لە ناوەندەکانی دەسەڵاتداری ھۆزی ماننا بووە و لە کتێبە ئاشوورییەکان بە ناوی گەلی مێننی، ناوی لێبراوە وتێیدا ھاتووە کە ئەم شوێنە زۆر جار لە لایەن دەوڵەتەکانی ئاشوور و ئورارتوو، ھێرشی کراوەتە سەر، بەڵام ئەم گەلە ھیچکات نەبەزیووە و قەڵاکەی بە دەستەوە نەداوە. شایانی باسە کە یەکەم جار ناوی زێویە لە ساڵنامەی ئاشووری و لە کاتی دەسەڵاتداری سارگێنی دووھەمدا تۆمار کراوە.
ناوبراو پاش ھێرش کردن بۆ سەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ماناییەکان و پاش ئەوەی پێتەختی ماناییەکانی داگیر کرد و پاشاکەیانی بە ناوی ئیرانزوو بەزاند، دوو قەڵای گرینگی ناوەندی ھەرێمی مانای بە ناوی زیپیە (ئیزیپییە ئیزیپنا) و ئارماسیت، داگیر کرد، کە زۆربەی نووسەران و پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ئاسەوارە مێژووییەکان، پێیان وایە کە ئەو زیپییە، ھەر ئەم زێویەی سەقزیە، و لەوانەشە کە شوێنی قەڵای ئارماسیتیش لە گوندی قەپڵانتوو بێ، کە لە ٥ کیلۆمەتری زێویە ھەڵکەوتووە.‌
لە‌وەیدا کە قەڵای زێویە، قەڵاێکی دەسەڵاتدارەتی گرینگ و جێگە سەرنج بووە ھیچ شک و دوو دڵیێک لە نێوان شارەزایان و پسپۆڕانی بواری ئاسەوارە دێرینەکان نیە و تا ئێستا زۆربەی نووسەران و ئاسەوارناسان لە سەر قەڵای زێویە لێکۆڵینەوەیان کردووە و لەم بارەوە لێدوانیان داوە. یەکێک لەو کەسایەتییانە پرۆفسۆر گیرنێس، لێکۆڵەر و ئاسەوار ناسی بە ناوبانگی فەڕانسە‌یی و نووسەری پەرتووکی ھۆنەری ئێران لە دەورەی ماد و ھەخامەنشی، پێیوایە کە قەڵای زێویە، قەڵاێکی حوکمڕانی بووە و ناوبراو ھەموو ئەو ئاسەوارە مێژوویی و بە نرخ و بێ وێنانە کە لەم قەڵا پەیدا بووە بە میراتی پاشاێکی سەکایی دەزانێت کە بە حورمەتی ئەوەوە لە گەڵیدا لە گۆڕ نراوە.
بە بڕوای شارەزایان و پسپۆڕانی ڕێکخراوەی میراتی کلتووری کوردستان، ئاسەوارە قوڕینەکان و باقی ئاسەوارەکانی زێویە ئەوە نیشان دەدەن کە لە ناوەڕاستی سەدەی ھەشتەمی پێش زایین تا سەرەتاکانی دەسەڵاتداری ھەخامەنێشییەکان، ژیان لەم قەڵا بەردەوام بوە و پاش بە دەسەڵات گەیشتنی داریوشی ھەخامەنشی و ھێرش کردن بۆ سەر ناوچەی سەقز، ژیان لەم قەڵادا کۆتایی پێھات.

تعليقات