Skip to main content

با بزانین پەیوەندی سیاسی لولوبییەکان لەگەڵ دەوڵەتەکانی میزۆپۆتامیا چۆن بووە؟

با بزانین پەیوەندی سیاسی لولوبییەکان لەگەڵ دەوڵەتەکانی میزۆپۆتامیا چۆن بووە؟
پەیوەندی سیاسی لوووبییەکان لەگەڵ دەوڵەتەکانی میزۆپۆتامیا.
پەیوەندی سیاسی حکوومەتەکانی (وڵاتی نێوان دوو ڕوبارەکە). بنەماڵە فەرمانڕەواکان (٢ هەزار و ٨٠٠ تاكوو ٣ هەزاری پێش زایین) و ئەکەدییەکان (٢ هەزار و ٣٧٠ تاكوو ٢ هەزار و ٤٠٠ی پێش زایین) و ئاشوورییەکان لەگەڵ خەڵکی چیانشینەکاندا هەمیشە پەیوەندییەکی پڕ هێرش و شاڵاوکردنە سەر بووە، جا بە هۆکاری ئابووری بێت یان سیاسی، هەموو کات خەڵکی ناوچەکە لە بەرگری و خۆپاراستن بووینە. بەڵگەش بۆ ئەمە چەندها شوێنەواری کوردستان بوونی هەیە.
لە سەردەمی پاشایانی ئەکەدی وەک: (نەرام-سین ٢ هەزار و (٢٢٣ تاكوو ٢ هەزار و ٢٦٠ی پێش زایین)، وڵاتی لولو دوچاری هێرشێکی بەرفراوان دەبێتەوە. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوە بووە کە پاشای لولوبی ساتونی پەیوەندی یەکبوون دژی ئەو پێک دەهێنێ. لە ئەنجامدا بەسەریاندا زاڵ دەبێت.
لە پاش کۆچی دوایی (نەرام-سین) تا ڕادەیەک سەربەخۆ دەبن، بەڵام زۆری پێ ناچێ، دووبارە لە لایەن جێنشینەکەی (شارکلی شاری) (٢ هەزار و ١٩٨ تاكوو ٢ هەزار و ٢٢٣ی پێش زایین) هێرشیان دەکرێتە سەر.
بە لەناوچوونی ئەکەدییەکان لە لایەن (گۆتییەکان)ەوە، (لولوبییەکان) توانیان لەژێر چەپۆکی (ئەکەدییەکان) ڕزگاریان بێ وەکوو چیانشینەکانی تر.
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی (گۆتییەکان)، (لولوبییەکان) دووبارە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی لەگشی دووەم (٢ هەزار و ١٠٩) تاكوو (٢ هەزار و ١٦٤ی پێش زایین). لە سەردەمی بنەماڵەی (ئوری سییەم ١٢٠٣ تاكوو ٢١١١ی پێش زایین). لە نووسراوەکانی (شوسین پاشا ٢٠٢٨ تاكوو ٢٠٣٦ی پێش زایین)، کە چوارەمین پاشای ئەو بنەماڵەیە هاتووە، کە ڕاوێژکارەکەی بە ناوی (ئێرتنا) دەکاتە دەسەڵاتدار بەسەر ناوچەکانی هەولێر و (خەمازی) و دانیشتوانی (سو) و ناوچەی (کەردا).
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی (ئەکەدییەکان)، لە جیاتی ناوی (لولوبی)، زاراوەی (زاماوا) زیاتر بەکار هاتووە، کە ڕاستەوخۆ ناوەکەیان بە (زاماواوە) بەستراوە، بەتایبەتی لە سەردەمی ئاشوورییەکان کە ناوچەکە چەندها جار دووچاری شاڵاو و هێرشە دڕندانەکانیان بوونەتەوە، وەک (ئەددنیراری یەکەم ٨٩٠ تاكوو ٩١١ی پێش زایین) و کوڕەکەی (توکولتی، نینۆرتای دووەم ٨٨٤ تاكوو ٨٩٠ی پێش زایین) و پاشای ئاشوور (ناسربال) لە ساڵەکانی: (٨٨٠ تاكوو ٨٨٤ یان ٨٨٣ی پێش زایین) بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی (لولوبییەکان) هێرش دەکاتە ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ سەر ناوچەی بازیان کە پاشای شاری (دەگارا یان دیاکرا) کە دەکەوێتە نێوان شاری کەرکووک و سلێمانی ئێستا، بە ناوی (ناسیکۆ) بە زمانی ئەکەدی (نور- ئەد)ی پێ دەڵێن، دژی ئاشوورییەکان ڕاپەڕین و جیابوونەوەی خۆی ڕاگەیاند.
توانی خەڵکی ناوچەکە لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و سوپایەک دروست بکات بۆ بەرگری کردن لە شارەکەی و بەرنگاو بوونەوەی سوپای ئاشووری. جا شۆرەیەک لە دەوری شارەکە دروست دەکات، بەڵام پاشا (ئاشوور ناسربال) ماوەی پێ نەدان کە ببنە هێزێک مەترسی بۆ دەوڵەتەکەی دروست بکات.
بۆیە لە ڕێڕەوی (بابیت) (دەربەندی بازیان)ی ئێستا هێرش دەکاتە ناوچەکە و لە پشتی چیاکانەوە شۆرەکە دەبڕێ و دەگاتە ناو جەرگەی (زاماوا) و داگیری دەکات. (ناسیکۆ) ناچار دەبێت بە خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون پەنا بە چیاکانی (نەیسر)، لولوبییەکان پێ دەڵێن. (کینیپا) کە چیاکانی (پیرە مەگرونن)، لە ئەنجامی هێرشێکی یەکلاکەرەوە، لە لایەن ئەم پاشایەوە دەست بەسەر (زاماوا) دەگرێ و سەرانە و باجێکی زۆر لە ئەسپ و زێڕ و زیو و دانوێڵە بەسەر خەڵکی ناوچەکە دەسەپێنێت. لەسەر ڕێگای خۆی سێ میری بچووکی (زاماوا) بەبێ شەڕ ملکەچی ئاشوورییەکان دەبن و ناوچەکەیان ڕادەستی ئاشوورییەکان دەکەن و دەبنە بەشێک لە وڵاتی ئاشوور.
ئەم بارودۆخە زۆر ناخایەنێ، چونکە خەڵکی ناوچەکە لە دژی داگیرکاری ئاشوورییەکان هەڵدەگەڕێنەوە و بانگەوازی سەربەخۆیی ڕزگاربوون لەژێر ستەمی ئاشوورییەکان ڕادەگەیەنن. ئەو جارە پاشا شەلمانسەری سییەم (٨٢٤ تاكوو ٨٥٨ی پێش زایین) هەڵمەتێکی سەربازی فراوان دەکاتە ناوچەکە و دوای شەڕێکی توند لە نێوانیان ڕوودەدات.
بە هۆی نایەکسانی هێزەکانەوە و جیاوازی زۆر لە هەموو لایەکەوە، ئاشوورییەکان بەسەریان زاڵ دەبن و ناوچەکە دەبێتە بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتی ئاشووری.

Comments