دوو چەکداری سەر بە هێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران (جاش) لە شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوەکانی خالید خالیدی و بورهان کریسانی کوژران و دووی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
ئێوارەی دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢٨/٠٦/٢٠٢٦)، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە گەڕەکی میرئاوای شاری پاوە، دوو کەس لە هێزەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران کە لە کوردستان بە "جاش" ناسراون، بە ناوەکانی خالید خالیدی و بورهان کریسانی کوژران.
هەر لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، دوو چەکداری دیکەی سوپای تیرۆریستی پاسداران بە ناوەکانی کامیل شەبرەنگ ناسراو بە کەمال هەجیجی و کەماڵ عەبدی بە سەختی بریندار بوون؛ بارودۆخی تەندروستی کامل هەجیجی ناجێگیرە و ئێستا لە دۆخی کۆمادایە.
گرووپی تازە دامەزراوی «خۆری هیوا» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی، بەرپرسیارێتیی ئەم ئۆپەراسیۆنە و کوشتنی ئەم دوو ئەندامەی سوپای تیرۆریستی پاسدارانی گرتووەتە ئەستۆ. لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە، خالید خالیدی لە کاتی ”بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی“دا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەرکوت، کوشتن و کۆمەڵکوژیی گەنجان لە شاری جوانڕۆدا هەبووە.

Comments
Post a Comment