خەوننامەی کوردی، بەشی زە؛ زەوی لەرزە-زەمین لەرزە-بوومەلەرزە:
زەمین لەرزە، بوومەلەرزە یان زەوی لەرزە لەخەودا ئەم واتایانەی هەیە.
ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر بینی بوومەلەرزەیە و زەوی جوڵایەوە، واتە خەڵکی ئەو ناوچەیە بە قەدەر جوڵانەوەی زەوی لە لایەن پاشاوە تووشی ئازار و بەڵا دەبن.
هەندێک لە لێکدەروانی خەو دەڵێن: ئەگەر دیتی زەوی دەلەرزێت، نەخۆشی ڕوو لە خەڵک دەکات لەو ناوچەیەدا.
ئەگەر بینی زەوی هەڵگەڕایەوە و خاکەکەی سەر و ژێر بوویەوە، واتە ئاژاوە و بەڵایەکی گەورە تووشی خەڵکی ئەو ناوچە و هەرێمە دەبێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی زەوی بە ئارامی دەلەرزێت و لایەکی ڕووچوو بە ناخی زەویدا و لایەکی تری وەکوو خۆی مایەوە، واتە پاشایەک دێتە سەر خاکی ئەو ناوچەیە و خەڵکی ئەو دەڤەرە ئازار دەدات و ماڵ و سامانەکەیان بە تاڵان دەبات.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: زەوی لەرزە و ڕووچوونی زەوی لەخەودا ئازار و ناخۆشی و بەڵای گەورەیە لە لایەن پاشا و فەرمانڕەواوە، یانیش نیشانەی وشکەساڵی و نەخۆشییە.
بە هەر حاڵ بینینی بوومەلەرزە بە هەر جۆرێک بێت لەخەودا نیشانەی سزایە و نیشانەیەکی خراپە بۆ ئەو ناوچەیە.

Comments
Post a Comment