شرۆڤەکارێکی سیاسی و سەربازیی دەڵێت، هێزی دەڵتای ئەمریکا لە سنووری عێراق جێگیرکراون و بەم زووانە ڕووداوێکی گەورە ڕوودەدەن:
ڕۆژنامەی بەریتانی سەن لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە هۆشدارییەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆماری ئیسلامی کە ئەمریکا دەستوەردان دەکات ئەگەر خۆپیشاندەران لە ئێران بکوژرێن، ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازی و هێزی تایبەتی ئەمریکا گواستراونەتەوە بۆ بەریتانیا و ئەڵمانیا، ئەمەش پێدەچێت پەیوەندی بە دۆخی ئێستای ئێرانەوە هەبێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، فڕۆکەی C-17 Globemaster و دوو فڕۆکەی AC-130 لە فەوجەکەی 160ی فڕۆکەوانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لە RAF Fairford لە ئینگلتەرا نیشتوونەتەوە.
ڕۆژنامەی سەن نووسیویەتی: ئەم هەنگاوە هاوتەریبە لەگەڵ جموجۆڵەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا پێش بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا.
لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی سەن دا هاتووە کە “پێدەچێت فڕۆکە شەڕکەرەکان شوێن عەلی خامنەیی بکەوێت کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بەرفراوان خەڵکەکەی بووەتەوە.” بۆیە ئەو فڕۆکانە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ئاراستە کراون.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: "فوجەکەی ١٦٠ بەزۆری ئەرکی وەڵامدانەوەی خێرا و مەترسیدار لە دژی ئامانجە بەها بەرزەکان ئەنجام دەدات."
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریدا لەوەی ئەمریکا وەڵامی "زۆر بە توندی" دەداتەوە ئەگەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندەران بکوژن. ئەمە دووەم هۆشداریی جیددی سەرۆکی ئەمریکایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە کاردانەوە بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران.
................................................
شرۆڤەکارێکی سیاسی و سەربازیی دەڵێت، هێزی دەڵتای ئەمەریکا لە سنووری عێراق جێگیرکراون و بەم زووانە ڕووداوێکی گەورە ڕوودەدەن.
کازم زوبەیدی دەڵێت: ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ژێر ئاڵای عەقیدە-بیورباوەڕی ئێراندا کار دەکەن و دەڵێن چەک پیرۆزە، ڕاستە بۆ ئەوان چەک پیرۆزە، چونکە چەک لای ئەوان بووەتە بیروباوەڕ.
شرۆڤەکارەکە گوتیشی: ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە بەرەی مقاوەمەن-بەرەی بەرگری ئێرانن، نایانەوێت چەک دابنێن، دەشڵێت، ئێمە دەکەوینە بەر مەترسییەکی گەورە لەلایەن ئەمریکاوە، بەتایبەتی کە جەختیان لەوەکردووەتەوە، دەبێت چەک لەدەستی دەوڵەت دابێت، هەروەها دەبێت هەموو هێزەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا بن.
کازم زوبەیدی ئاماژەی بەوەشدا، میلیشیاکان خۆیان خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە، چونکە هەموو لایەنە سیاسی و حکوومییەکان و سەرۆک وەزیرانیش باسیان لەوەکردووە دەبێت چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت، بۆیە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، چەکی دەستی ملیشیاکان لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە و دەبێت سزا بدرێن.
شرۆڤەکارەکە ڕاشیگەیاند، پێم وایە بڕیارەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە بێ هۆکار نییە و ڕێنماییان بۆ هاتووە، ئیرادەیەک هەیە و لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەسەریان داسەپێنراوە. ئەمەش گوتەی خۆیانە و دەڵێن ئێمە لەگەڵ ئێرانین و ئەوان چی بڵێن ئێمە جێبەجێ دەکەین.
کازم زوبەیدی باسی لەوەشکرد، بەرەی مقاوەمە-بەرەی بەرگری سەر بە ئێران بەکردارەکانیان سەلماندوویانە چەکی دەستیان چەکی ئێرانە، ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەین لەگەڵ ئەمریکا، بۆیە ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت عێراق تووشی شین و ڕۆڕۆ دەبێت.
گوتیشی: لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکاندا ئەو زانیارییانە بڵاوبووەتەوە، کە دەگوترێت هێزی دەڵتای ئەمریکا کە مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلایان دەستگیرکرد، هاتوونەتە سەر سنووری عێراق، هێزە تایبەتەکەی ئەمریکا لە دیوی سووریا و ئوردنن، بۆیە بەم نزیکانە ڕووداوێکی گەورە لە عێراق ڕوودەدات.
شرۆڤەکارەکە دەشڵێت، ئەگەر بەرەی مقاوەمە-بەرەی بەرگری سەر بە ئێران لەسەر دانەنانی چەکەکانیان بەردەوام بن، ئەوە ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر گرووپە چەکدارەکان و بنکەکانیان، وە هێرش دەکەنە سەر سەرکردەکانیان، ئەمەش قسەی من نییە بەڵکوو قسەی وەزیری جەنگی ئەمریکایە، کە دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا لێدوانی لەوبارەوە داوە.

Comments
Post a Comment