پێدەچێت ئەمشەو ئەمریکا هێرشبکاتە سەر ڕژێمی ئێران: با ئەمشەو دەستە و تاقمی "مەرگ بەر ئەمریکا" بە ٧٢ حوریەکەیان بگەن:
سیناتۆری ئەمریکی تێد کروز لە پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی:
با ئەمشەو دەستە و تاقمی "مەرگ بەر ئەمریکا" بە ٧٢ حوریەکەیان بگەن.
ئەم نووسینەی سیناتۆر تێد کروز لەسەر نووسینێکی نووسەر کلەی تراڤس هاتووە کە باس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و دەڵێت لە ئێستادا گرنگترین ڕووداوی جیهانە کە هیچ شتێک لێی گرنگتر نییە. دەشڵێت ڕەنگە هاوشێوەی ڕوخانی دیواری بەرلین ببێت. هەروەها نووسیویەتی ئایەتوڵڵا لەسەر پەتەکەیە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە کاتێکدا ترەمپ بیر لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەکاتەوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بژاردەی نوێ بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە ئاگادار کراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام بەجدی بیر لە ڕێگەدان بە هێرشکردن دەکاتەوە.
کاربەدەستانی باڵای ئەمریکا ڕایانگەیاند کە لانیکەم بەشێک لەو بژاردانەی کە سەبارەت بە ئێران پێشکەشی دۆناڵد ترەمپ کراون، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە بەشێک لە ئامێرە ئەمنییەکانەوە هەیە کە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.
بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکا ڕایگەیاند، فەرماندەکانی جێگیر لە ناوچەکە پێش هەر هێرشێکی ئەگەری پێویستیان بە کاتێکی زیاترە بۆ سەقامگیرکردنی پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ڕژێمی ئێران.
ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکا نووسیویەتی: واشنتۆن دەبێت وریا بێت کە هەر هێرشێکی سەربازیی پاشەکشەی تێدا نەبێت، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی ڕای گشتی ئێران بۆ پشتیوانی لە ڕژیم یان هەڵگیرسانی شەپۆلێکی هێرشی تۆڵەسەندنەوە کە ڕەنگە ژیانی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و کارمەندانی دیپلۆماسی ئەمریکا لە ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل لە ئامادەباشییەکی بەرزدایە لە نێوان گەورەترین خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکوومەت لە ساڵانی ڕابردوودا لە ئێران و ئەگەری دەستوەردانی ئەمریکا.
ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاگادار لە وتووێژی ڕۆژی شەممەی نێوان ناتانیاهۆ و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، نووسیویەتی، هەردوولا لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ئەگەری دەستوەردانی ئەمریکایان لە ئێران تاوتوێ کردووە.

Comments
Post a Comment