Skip to main content

پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەفسەرێکی پلە بەرزی ئێرانیان دەستبەسەر کردووە:

پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەفسەرێکی پلە بەرزی ئێرانیان دەستبەسەر کردووە:
ئەفسەرێکی پلە بەرزی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە لایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە، تا ئێستا باسی ئەوە نەکراوە چۆن و لە چ کاتێکدا دەستبەسەر کراوە، وەک لە پەیچ و ئەکاونتەکانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی دژبەری ڕژێمی ئێراندا باسکراوە، بە تۆمەتی سیخوڕی و کاری تیرۆریستی و هەڵخڵەتاندنی خەڵکی کورد دەستگیرکراوە.
دەقی ڕایگەندراوەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات:
ئاگاداری بۆ خەڵکی نیشتمان پەروەری کوردستان:
بەو پەڕی خۆشحاڵیەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا تیرۆریستێکی پلە بەرزی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بە تۆمەتی کردەوەی تیرۆریستی و سیخوڕی دەستگیر دەکرێت و لە ئاکامدا بە هۆی هەڵەکانی خۆی کە بە شێوەی هەڕەمەکی کاری کردبوو هەموو سەرچاوە سیخوڕییەکانی ئاشکرا بوون و هەموو ئەوانە لە ئاکامی خەیانەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەی خۆیاندا تێوەگڵاون و دەبێ باجی خەیانەتەکەیان بدەن.
ناسنامە و شێوەی کاری ئەم ئەفسەرە بەم شێوەیە:
(مەحموود ڕەزا گەشانی ناسراو بە مەجید-محمود رضا گشانی مشهور بە مجید)، یەکێک لەو ئەفسەرانەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانە کە لە بەشی دەرەوەی سنوور (بروون مەرزی-برون مرزی) چەندین کەسی لە پۆست و پلەی جۆراوجۆردا بۆ کاری سیخوڕی بۆ وەزارەتی ئیتلاعات ڕێکخستبوو.
شێوەی کارەکانی: بۆ هەڵخەڵەتاندنی سەرچاوەکانی بەڵێنی پێدابوون کە بە هەموو شێوەیەک ژیانیان لە ڕووی ئەمنی و ماددییەوە پارێزراوە، بەڵام بە گرتنی ناوبراو ئەوە دەرکەوت کە ئەو بەڵێنانە تەنیا بۆ فڕیودانی ئەو جۆرە کەسانە بووە نەک ژیانی ئەوانی پێ نەپارێزرا تەنانەت ژیانی خۆشی پێ ناپارێزرا و ئێستا ئەوانەی کە هاوکاریان کردبوو، لە بارودۆخێکی خەراپدان و با ئەمە ببێتە وانەیەک بۆ ڕۆڵەکانی نیشتمانەکەمان کە هاوکاری دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی دوژمن نەکەن و تووشی خەیانەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەمان نەبن؛ هەر بۆیە داواکارین لە ڕۆڵەکانی میللەتەکەمان، کە زیاتر وریا ببنەوە و ژیانی خۆیان بە هاوکاری دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانی دوژمن، نەخەنە مەترسی و ئەمه هوشدارییەکی تووندە بۆ ئەو جۆرە کەسانە کە چیتر ژیان و گیانیان پارێزراو نابێت.
بۆ ئەوەی لە داوی ئەو جۆرە کەسانە نەکەون پێویستە نە بە شێوەی ڕاستەوخۆ نە لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، یا هەر شێوازێکی دیکە پێوەندی بە مەحموود و هاوشێوەکانی نەکەن و بە وریاییەوە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵسووکەوت بکەن و لە گەڵ هەر پێوەندییەک چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بە زووترین کات، دەزگا ئەمنیەتییەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە. کە هەم ئەرکێکی نیشتمانی خۆمان بە جێ گەیاندووە و هەم ژیانی خۆمان و گەلەکەمان لە پیلانگێڕییەکان دوژمنان، دەپارێزین.
بۆ وشیار کردنەوەی هەموو تاکەکانمان بە بڵاو کردنەوەی ئەم پۆستە هاوکار و یارمەتیدەری یەکتر لە بەرانبەر پیلانگێڕییەکان دابین.

Comments