بەشی دووەم سوبار و سوبارت و کورد و کوردستانی کۆن.
دەروازە:
کورد لە سەدا نەوەد زیاتری موسڵمانن، هەروەها ژمارەیەک جوولەکە و فەلە و ئێزدی و هەقەیی و کاکەیین. هەروەها وێڕای ئەوەی زۆربەی کورد سونین بەڵام کۆمەڵێکیش شێعە مەزھەبن.
لە کۆندا لە قۆناغی بەر لە مێژوو، یان لە هەزارەی دووەمی بەر لە زایینەوە چەند هەزار هۆز و عەشیرەتی وەک: (سوباری، لولوبی، گوتی، میتانی، خوری، کاشی، نائیری)، بەر لە هاتنی میدییەکان بۆ کوردستان، لە کوردستان ژیاون.
جا وەک چۆن سوورچی، زێباری، هەرکی، دۆسکی، خۆشنا و بەختیاری، گۆران، لەک، دوراج، جاف و.... هەروەها هەتا دێت کوردن. ئەو هەموو ئەقوامە کۆنەش لە بنەڕەتدا کوردن. بەڵام بەداخەوە زۆر نووسەری کورد نەک توێژەری ئاکادەمیی ئەوەندەی گرنگیان بە میدییەکان، ساسانییەکان داوە، هیندە گرنگیان بە ساختکردنەوەی مێژوویی ئەو گەلانە نەداوە.
سوبار و سوبارتۆ:
لە بەڵگەنامەکانی دراوسێکانیاندا:
سۆمەرییەکان، ئەکەدییەکان، بابلییەکان و ئاشوورییەکان لە تۆمارەکانیاندا باسی گەلی سوباری و وڵاتی سوبارییەکانیان کردووە.
هەر یەک لەو دەوڵەت و ئیمپڕاتۆریانە هەڵوێستی نیگاتیڤانە-نەرێنیان لە بەرانبەر سوبارییەکان هەبووە.
سۆمەرییەکان هەرچەندە ئەوانەش لە دیدی هەندێک توێژەری کوردەوە لە بنەڕەتدا کورد بوونە و لە کوردستان ژیاون، بەڵام لە پاشان کۆچیان کردووە بۆ باشووری عێراق. بە خاکی سوبارییەکانیان دەوت سو-بیر، سوبار، شو-بور، هەرچی ئەکەدییەکان بوون پیان دەوتن (سوبارتۆ، سوبار تۆم، شو-با-ری). هەرچی ئاشوورییەکان بوون، بە سوبارییەکانیان دەگوت (مات شوباری-Mat Subarri), هەروەها لە نامەکانی (ئامارنا) ناویان بە (شبر) هاتووە، لەسەردەمی بابلییەنوێیەکاندا، لە سەردەمی (نابوپۆ لاسار، نەبوخزنسەری دووەم و نابونیدوس ناوی) (سوبارتۆ) وەک زاراوەیەک ناوە بۆ ئاشوورستانی، هەتا سەردەمی کامیسێسی دووەم (قەمبیز)، هەر بەو واتایە بەکار هاتووە.
شوێنی (سوبارتۆ) بە گوێرەی نووسینە (مێخییەکان) دوو سوبارتۆ هەبووە، (سوبارتۆی مەزن) کە پێکهاتووە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە کوردستانی ڕۆژئاواوە، بەشێک لە کوردستانی باکوور تا دەریای ناوەڕاست. هەرچی (سوبارتۆی بنە) بووە، ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی باشوور و بەشێک لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی دەگرتەوە.
سەبارەت بە زێدی (سوبارییەکان) چەندها بیر و ڕای جیاواز هەن، لە هەزارەی دووەمی پێش زایندا سوبارییەکان لە دۆڵی نێوان دوو زێ واتە =مێزوپۆتامیا) دەژیان.
ئاشوورییەکان هەڵمەتیان بۆ ئەو ناوچەیە بردووە و (سوبارتۆیان) داگیرکردووە، ئەو داگیرکردنە ڕەوتی ژیانی سیاسى و کلتووریی و ناسنامەی نەتەوەیی سوباریەکانی گۆڕیوە.
دەسەڵاتە سیاسی و عەسکەرییەکەی ئاشورییەکان وای کردووە، سوبارتییەکان لە ناو پێکھاتەی کۆمەڵگەی ئاشووریدا بزرببن. بە جۆرێک توێژە ڕۆژئاواییەکان باوەڕێکیان لەلادروست بووە کە (سوبارتۆ) ناوی کۆنی ئاشورستان بووبێت، ئاشورییەکانیش لە بنەڕەتدا سوباری بن.
ئەمەو هەر لەسەر ئەم بنەمایە لە زۆر دەقی بابلییدا، سوبارتۆ بە هاوواتای وڵاتی ئاشوور دێت، سەرەڕای ئەمەش هەندێ ژێدەر هەتا ناوی (سوبار)یان بە (کوێلە و بەندە) بردووە.
لە لایەکی ترەوە، هەروەک چۆن (گریکەکان، یۆنانییەکان) هەرچەندە لە ڕووی عەسکەرییەوە لە بەرانبەر رۆمانییەکان دۆڕان، بەڵام لە ڕووی کلتوورییەوە توانیان کاریگەری خۆیان لەسەر کلتووری ڕۆمانی بەجێبهێڵن، بەجۆرێک ئەدەبی ڕۆمانی لە زۆر ڕووەوە بریتییە لە لاسایی کردنەوەی ئەدەبی (گریک).
سوبارییەکانیش بەهەمان شێوە هەرچەندە لە ڕووی عەسکەرییەوە کەوتنە ژێر دەسەلاتی ئاشوورییەوە، بەڵام لە ڕووی کلتوورییەوە توانیان کاریگەریی زمانیی و شارستانی خۆیان لە ناو کلتووری ئاشووردا بسەپێنن و چەندها ناوی خوداوەند و تقوسی ئایینی خۆیان بەسەر ئاشوورەکاندا بسەپێنن، هەتا ناوی (ئۆربیلیوم) قەڵاتی هەولێر - لە بنەرەتدا سوبارییە، نەک ئاشووری.
بەرەبەرە توانیویانە بگەنە ناو سوپای ئاشووریش. چەندها پۆستی گرنگ بگرن، بەجۆرێک هەندێ لە پاشاکانی ئاشووری لە ڕەگەزدا (سوباری) بوونە، نەک ئاشووری.
سوباری، هیت، میتانی، هوری:
ئەوانەی (سوبارییەکەن) دەبنەوە سەر ئاشورییەکان و بە بەشێک لە ئاشورییەکانیان دادەنێن و بە کوردیان دانانێن، لەبەر دوو هۆیە:
یەکەمیان: لەبەر ئەوەی هەر لە هەزارەی دووەمەوە ئاشورییەکان سوبارتۆیان داگیرکردووە، ناوچەکەش ئەو سەردەمە گرنگیەکی سیاسی و کلتووریی نەبووە، سوبارتییەکەن بە درێژایی مێژوو بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئاشووری و بنیاتی ئیمپڕاتۆرییەتی ئاشورییان دامەزراندووە، ناوهێنانی سوبارتییەکانیش بە ئاشوور هەر بۆ شانازی کردنی بووە بەو ئیمپڕاتۆرییەتەوە.
دوەمیان: زۆربەی توێژەران لە نووسینەکانیاندا ناوی کورد نابەن یان ئەوانەی ئەو دەقە ڕۆژئاوایانە وەردەگێڕن لە ڕوانگەیەکی شۆڤینییەوە وەک سیاسییەکانیان دەیانەوێ مێژوویی کورد بشێوێنن.
وەک گوتمان (سوباری) ئاشووری نین، بەڵام لەگەڵ ئەقوامی-خزمانی: (میتانی، هیتی، خوری)- ئەوانە هەموو کوردن- نزیکیان هەیە، زۆر توێژەر لەو باوەڕەدان کە (میتانییەکان) (بەشێکی خزمی سوباری بن)، هەتا وڵاتی میتانی بە سوبارتۆ، یاخود سوباری بەناوبانگ بووە.
ڕۆژهەڵاتناسێکی وەک (جەنس) دەڵێ: ((بنەچەی (میتانییەکان) سوباری بوونە)).
هەروەها زۆرجا ناوی سوبارییەکان لەگەڵ (حوریەکان) یاخود (هوریەکان) هاتووە، هەندێ شیمانە هەن کە سوبارتییەکانی مێزوپۆتامیا، هەر (هوریەکان) بووبن.
(سپێرەر) و (بێنۆلاندزبێرگەر) و (س. ج. گاد) هەوڵیاندا بگەنە ئەو ڕاستییەی کە (سوباری) و (هوری) یەک بن.
لە نزیکەی ساڵی (١٩٠٠)دا (ئارسەر تۆنگناد یان ئۆنگناد) تیۆرییەکی یەکێتی سوباری پەرەپێدا، بە گوێرەی تیۆرییەکەی (ئۆنگناد) بێت، سوبارییەکان بابەگەورەی هیتییەکانن، هەروەها دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆرییەتی ئاشوورین.

No comments:
Post a Comment