بەشی سێ٣: ئەگەرەکانی ناولێنانی ئەم هۆزانە بەناوی هیندۆئەورووپی یان هیندۆئێرانی یان هیندۆئاری.
توێژەران شوێنی بنەڕەتی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێننەوە بۆ (ئیرانویج)، کە دەکەوێتە نێوان هەردوو ڕووباری (سیحۆن و جیحۆن)، کە ئاماژەمان پێدا، یاخود ناوەکەیان بەناوی ئەو ناوچانەوە بووە، کە لێ جێگیربوونەتەوە.
ئەوانیش هیندۆئێران بووە. یاخود کاتێک دەڵێین هیندۆئەورووپی بەهەمان شێوە ئەو شوێنە بووە، کە گەیشتوونەتێ. ئەوانیش هیندستان و ئەورووپا بووە. بەڵام ناوی (ئاری) ئەگەر بە گشتی بەکاربهێنرێت، ئەوا هەڵەیەکی گەورەیە. هەروەک (مێژوونووس محەممەد ئەمین زەکی) ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت: "لێکدانەوە یان تەعبیری (ئاری) هەڵەیەکی بەناوبانگە بۆ ئەقوامی هیندۆئەورووپی بەکار دەهێنرا یان ئیستعمال دەکرا، وە ئەکرێ واژە یان لەفزی ئاری، کە لێکدانەوەی ئێران و ئاریانی لێ پەیدابووە، تەنیا هەر دەلالەت لە عەشایری ئێران بکات، کە بەشێکی ئەقوامی هیندۆئەورووپاین."
بۆچوونێکی تر دەڵێت: هۆزە کۆچەرەکان شوێنی خۆیان ئاسیا بووە، بەرەو دەشتە بە پیتەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری قەزوین کشاون، کە خەریکی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات بوونە. لە نزیکەی دوو هەزار ٢٠٠٠ساڵ پێش زایین پێیان دەوترا ئارییەکان. دوای لە نزیکەی هەزار و هەشت سەد ١٨٠٠ پێش زایین بوونەتە دوو بەش. بەشێکیان بەرەو ڕۆژهەڵات-هیندستان چوون. بەشەکەی تریش بەرەو ڕۆژئاوا-باشووری ڕۆژئاوا کشاون، کە دوو هۆزی ئازا و جەربەزەی میدییەکان و فارسەکان بوونە. سەرەتا لە دەورووبەری دەریاچەی ورمێیە-ورمێ نیشتەجێبوونە، دوای بەرەو ناوچەکانی تر بەڵاوبوونەتەوە. هەواڵی ئەم دوو هۆزە لە نووسراوە جەنگییەکانی پاشایەتیی ئاشوری ئاماژەی پێکراوە، وەکوو: پاشا شەلمانسەری سێیەم (هەشت سەد و بیست و چوار تاکوو هەشت سەد و پەنجا و هەشتی پێش زایین ٨٢٤-٨٥٨پ.ز) لە هەڵمەتە سەربازییەکەی بۆ چیای زاگرۆس لە ساڵی (هەشت سەد و سی و شەشی پێش زایین-٨٣٦ی.پ .ز) ناوی هۆزێکی گەورەی ئێران دەهێنێت بە ناوی (پارسوا-parsua)وە، لە لەشکرکێشەکەی ساڵی (هەشت سەد و چل و چواری پێش زایین ٨٤٤ی پ.ز) ئاماژە بە (میدییەکان-Madai) دەکات.
هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن، کە ناوی ئێرانی ئێستا لە وشەی ئاریا هاتووە. ئاریا یان ئێران، کە فارسەکان ئەم ناوەیان بۆ وڵاتەکەیان بەکارهێناوە، لە (ئاڤێستا) کتێبی پیروزی زەردەشتییان بە واتای وڵاتی (ئاریان) دێ. هەروەها بە چینی پاشایان و دەسەڵاتدارانیان وتووە. (ئاریا مەھر) یان (ئاریا مهر)، واتە پارێزگاری ئاریان. یۆنانییەکان زاراوەی (ئاریانا)یان بە بەرزاییەکانی ئێرانی ئێستاوتوە، کە لە ڕۆژئاواوە، چیاکانی زاگرۆسەوە هەتا ڕۆژهەڵاتی ڕووباری سند بووە.
لەمەوە دەردەکەوێت کە ناکرێ وشەی ئاریی بۆ هەموو هۆزەکانی هیندۆئەورووپی بەکاربهێنرێت، بەڵکوو (ئاریی) تەنیا گوزارشت لە هۆزەکانی ئێرانی دەکات، کە ئەوانیش بەشێکن یان لقێکن لە هۆزانی هیندۆئەورووپی.
یەکەمجار بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئێستا هاتن، دووای لە (١٥٠٠ پ.ز) بەرەو ڕۆژئاوا چوون، کە دەکاتە کوردستان و دۆڵی نێوان دوو ڕووبار، ئەوانیش (میدییەکان) و (ئەخمینییەکان) بوون.
No comments:
Post a Comment