پێشەکی؛ سەردەمانێک لە مێژووی دێرینی کورد:

پێشەکی؛ سەردەمانێک لە مێژووی دێرینی کورد:
بەڕێزان و خۆشەویستان، لەمەودوا باسێک دەکەین لەسەر مێژووی دێرینی کورد لە کتێبی "سەردەمانێک لە مێژووی دێرینی کورد" کە نووسەر بەڕێز کەلسومەر جەمیل، هەروەها لە سەرچاوەیەکی زۆرەوە ئەنجامیداوە بڵاو دەکەینەوە.
پێشەکی ئەوەی دەگوترێت و دەنووسرێت دەربارەی مێژووی کۆنی کورد زۆر جێگای گومانە، زۆر پرسیار هەڵدەگرێت. ڕەنگە وەڵامی پرسیارەکان ئاسان نەبێت. نابێت نەژاد و سنوری وڵاتی کورد هەر لە ماد-میدیا-مێد کورت بکرێتەوە.
واتای ڕەچەڵەک و نەژادی کورد سنووری وڵاتی کوردان، لە دەوڵەتی میدیاوە دەستپێناکات.
بابەتی بوونی میدیەکان دەگەڕێتەوە بۆ (حەفسەد ساڵ) بەر لە دایکبوونی مەسیح دروودی خوای لەسەربێت. ئەگەر مێژووی دێرینی کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە، ئەوە مێژووی کورد زۆر نوێیە.
هەندێ تۆیژەری کورد و ناکورد مێژووی دێرینی کورد هەندە درێژ دەکەنەوە دەیگەڕێننەوە بۆ دوای لافاوەکەی قەومی نۆح پێغمبەر دروودى خواى لەسەر بێت. دەڵێن پاش ماوەکەی کەشتی نۆح هێشتا لە چیای جودیە.
ئێمە زۆر جەخت لەسەر ئەو دوو مێژوویە ناکەین، چونکە مێژووی هەبوونی کورد زۆر کۆنترە لە دەرکەوتنی میدیەکان. هەروەها هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر هەبوونی کورد لە سەردەمی لافاوەکەی نۆح درودی خواى لەسەر بێت. جا لەو ڕەوانگەوە دەخوازرێت بە ژیرییەکی زانستییەوە لە مێژووی دێرینی کورد بڕوانین.
نووسەری ئەم کتێبە باوەڕی وایە کە مێژووی دێرینی کوردان زۆر لە سەردەمی میدیەکان کۆنترە.
میللەتانی-نەتەوەکانی وەک گوتی، میتانی، کاشی، سوبارتی، کاردۆخی، کوردبن یان غەریرە کورد تەمەنی بوونیان هەزار ساڵ لە دەرکەوتنی میدیەکان کۆنترە.
ئەم کتێبە بەتەنیا لە ڕەچەڵەکی کورد ناکۆلێتەوە، بەڵکوو لە بوون و هەڵمەتەکانی ئاشوورییەکان بۆ سەر کوردستان دەکۆلێتەوە. هەروەها لە فاکتەرەکانی ئەو هەڵمەتانە دەدوێت.
وێڕای ئەوەش قسە لەسەر هاوپەیمانێتی میدی-کڵدانی بۆ ڕووخاندنی دەسەلاتی ئاشووریی لە نەینەوا دەکات.
ئەم ڕووخاندنەی ئاشوورییەکان وەرچەرخانێکی گرنگە لە هاوپەیمانێتی کورد لەگەڵ نەتەوەی دی. دەخوازم ئەم نووسینەی نووسەر دەرگاکردنەوە بێت لەسەر زۆری بابەتی داخراوی دۆزی کورد لە ڕابردوودا.
لە جیاتی پێشەکی:
کورد زۆربەی بەشداریی مێژووی ونە یان دروستتر لەلای کورد تۆمارنەکراوە. لە سەرچاوەی بێگانە شتێکمان دەربارەی کورد زانیوە.
مێژووی دێرینی کورد لەم تۆمار نەکردنەدا بەشی شێری بەردەکەوێت، مێژووی دێرین پانتاییەکی زۆر دەگرێتەوە: قۆناغی بەر لە مێژوو؛ واتە پێش داهێنانی نووسین، ئەو ماوە دوور و درێژە دەگرێتەوە، هەروەک مێژوونووس (تەها باقیر) خوا لێی خۆش بێت ئاماژەی پێدەکات.
قۆناغی دەرکەوتنی نەتەوەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس لە هەرێمە کوردیەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە (محەممەد ئەمین زەکی) ناویان لێدەنێت: مەنزوومەی زاگرۆس، ئەوانە لەو ناوچانە نیشتەجێبوون پێش هاتنی هۆزانی ئاریی نەژاد.
ئەوانە کۆمەڵی ناو و نەتەوەی جیاوازبوونە لە سەرچاوە و تۆمارە نوسراوەکانی دەوروبەر ناویان هاتووە. بۆ نموونە تۆمارەکانی ئاشووری و یۆنانی هتد.
ئەم کتێبە هەوڵێکە کە چەند بابەتێک لەخۆ دەگرێت، کە قسە لەسەر نەتەوەکانی چیای زاگرۆس دەکات، هەروەها قسە لەسەر لەشکرکێشی ئاشووری بۆ سەر ناوچە کوردییەکان دەکات. لە قۆناغی کۆتایی ئاماژە بە بوونی شوێنەواری ساسانی دەکرێت لەوانە پەیکۆلی لە باشووری کوردستان.
هیوادارم لەم چەند لاپەڕەیدا شتێکم وتبێت، کە ببێتە بەشدارییەک لە ڕووناهی خستنەسەر مێژووی کورد.

No comments:

Post a Comment