دەگێڕنەوە دەڵێن پیاوێک دوو کوڕی دەبێت، هەردووکیان پێ ڕادەگەن و گەورە دەبن، بابەکە دەزانێ لە گوندەکەیان ئیشیان دەست ناکەوێت و ناتوانن بەرەوپێش بچن، ڕۆژێک دێتە لای هەردووکیان قسەیان لەگەڵ دەکات.
بە هەردووکیان دەڵێت: دەبێ ئێوە بڕۆن سەفەر بکەن، بۆ وڵاتەی کە من بۆم دەستنیشان کردوون، ئیش بدۆزنەوە خۆتان ببنە خاوەن ژیانی خۆتان، سەربەخۆ بن، ئەوجا بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان.
بابەکە کیسەیەکی ڕەشی بچووکی دەرکرد، گوتی کوڕەکانم، ئەم کیسەتان دەدەمێ، بەڵام گرەوێکتان لەگەڵ دەکەم، نابێ بە هیچ شێوەیەک سەری ئەم کیسەیە بکەنەوە، مەگەر لە رێگا بگەنە بارودۆخێکی زۆر سەخت و دژوار، ئەوجا ئەم کیسە ڕەشە بکەنەوە، خەرجی خۆتانی پێ بکەن، با لە برسیەتی ڕزگارتان بێت و بۆ ماوەیەک لە ژیانا بمێننەوە، هەتاکوو ئیشێک دەدۆزنەوە. کیسەکەی دەرکرد، دایە دەست کوڕە بچووکەکە، برا گەورەکە لە دڵەوە زۆری پێناخۆش بوو.
بابەکە دیسان گوتی، لەو ڕێگایە کە من پێم گوتن دەڕۆن، بەڵام لە نێوان دوو چیا دەگەنە ماڵی پیرەژنێک، کاتی خۆی من خزمەتم کردووە، ئەگەر شەو مانەوە بڕۆنە لای ئەو پیرەژنە، ناوی من بهێنن، پێی بڵێن کە ئێمە کوڕی فڵانە کەسین، ئەوجا هەرچی لەدەست بێت خزمەتتان دەکات، پاشان کە ڕۆژتان لێ هەڵات، ئەوا درێژە بە سەفەری خۆتان بدەن و بڕۆن.
برا گەورە و برا بچووک تۆێشەی ڕێگایان هەڵگرت، گوندیان بەجێ هێشت، بەو ئاراستەیە ڕۆیشتن کە بابیان پێ گوتبوون، برا گەورە هەر لە سەرەتاوە بیری لەو کیسەیە دەکردەوە، دەیویست لەدەستی برا بچووکی بستێنێت، بۆخۆی خەرجی بکات و نەڕوات بۆ ئەو سەفەرە دووروودرێژە، خۆی لە چەند ڕۆژا دەوڵەمەند بکات و زوو بگەڕێتەوە بۆ گوند، بۆ خوشگوزەرانی و ڕابواردنە کاتیەکانی خۆی.
زۆرێک بە ڕێگادا دەڕۆن، زۆریش ماندوو دەبن هەتاکوو دەگەنە نێوان ئەو دوو چیایەی کە بابیان پێگوتبوون کە تاقە ماڵێکی پیرەژنێکی لێیە، لە دوورەوە ترووسکایێکیان بینی، زانیان کە ئەوە ماڵی پیرەژنە میهرەبانەکەیە، لە دەرگای پیرەژنیاندا، گوتیان ئێمە کوڕی فڵانە کەسین، ئەویش بەخێر هاتنی گەرمی کردن، ئەوەی خواردن بوو پێدان، شوێن و جێگا و پێخەفی باشی بۆ ئامادە کردن و لێ خەوتن.
بەڵام لە نیوەی شەودا برا گەورەی چاوچنۆک هەڵدەستێت، کیسە ڕەشە بچووکەکە لە ژێر بالیفی-سەرینی برا بچووک دەردەکات، لە لای خۆی دادەنێت هەتاکوو دەمەو بەیان، بەیانی پێش هەمووان هەڵدەستێت، سەری کیسەکە دەکاتەوە، دەبنێت بەردێکی تێدایە، سەری دەسووڕمێت، زۆر تووڕە دەبێت، لە ناکاو هاوار دەکات، دەڵێت: کا کا گەوهەر و پارەی ناو کیسەکە...
پیرەژن و برا بچووک لەخەو ڕادەچڵەکن، دەبینن کیسەکە تەنیا بەردێکی تێدایە، برا گەورە بەسەر برا بچووکدا هاوار دەکات، دەڵێت، تۆ شتەکانی ناو کیسەکەت دزیوە؟ بەردت لە جێگەی داناوە؟ برا بچووکیش دەڵێت، وەڵڵا من سەری کیسەکەم نەکردووەتەوە چ بگاتە ئەوەی من دزیبێتم؟!
ئەمجارەیان ڕوو لە پیرەژنەکە دەکات، دەڵێت، مادام ئەتۆ شتەکانی ناو کیسەت دزیوە، وە بەردت لە جێگای داناوە؟! پیرەژنە میهرەبانەکەش دڵی دەشکێت، برا بچووکیش پشتیوانی لە پیرەژنەکە دەکات، بەگژ برا گەورەدا دەچێتەوە، دەڵێت تۆ مافت نییە لەبەرانبەر چاکەکانیدا ئاوها بێڕێزیشی پێ بکەیت.
لەم هات و هاوارانەدا دەبن، برا گەورە دەڵێ من ئیتر ئەم ڕێگا دوورە نابڕم، دەگەڕێمەوە بۆ گوندەکەی خۆمان، دەچم04.55 بە باوکم دەڵێم کە برا بچووک و پیرەژن ئاوها خیانەتیان لێکردووم، بەڵام برا بچووک ناگەڕێتەوە، دەستخۆشی لە پیرەژنە بەڕێزەکە دەکات، بەتەنیا بەو ئاراستەیە دەڕوات کە بابی بۆی دەستنیشان کردبوون.
برا گەورە دەگەڕێتەوە بۆ گوند، تەواوی چیرۆکەکە بۆ بابی دەگێڕێتەوە، بەڵام بابەکە هیچ کاردانەوەیەکی بۆ قسەکانی نابێت، تەنیا ئەوە نەبێت کە لە وڵامدا دەڵێت، باشە کوڕێ خۆم با برا بچووکەکەت بگەڕێتەوە، ئەوا خۆم لێپێچیەنەوەی لە گەڵ دەکەم.
برا بچووک دەگاتە وڵاتی مەبەست، لە دارستانێکی ئەو وڵاتە دەبێتە دارتاشێکی بەناوبانگ، لەناو خەڵکدا بە دەستپاک و دڵسۆز و ڕاستگۆ ناوبانگ دەردەکات، ڕۆژ لە دووای ڕۆژ دەوڵەمەند دەبێت، خەڵکی ئەو ناوچەیە زۆریان خۆش دەوێت، بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە، هاوسەرگیری دەکات، دەبێتە خاوەن منداڵ، بە حەڵاڵی سەروەت و سامانێکی زۆر کۆ دەکاتەوە.
ئەوجا برا بچووک قسەی باوکی بیر دێتەوە، بە خێزانی دەڵێت، کاتی خۆی کە من لە نیشتمانی خۆم هاتم بۆ ئەم وڵاتە، بابمان پەیمانی لێ وەرگرتین کەوا تا نەبینە خاوەن ژیانی خۆمان و سەربەخۆ نەبین نابێ بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەمان، ئەوا ئێستا من تەواوی بەڵینەکەی بابم جێبەجێ کردووە، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم، خێزانیشی دەڵێت منیش هاوڕاتم، بە منداڵەوە دێین لەگەڵت.
کە برا بچووک دووای بیست ساڵ بە خێزان و ئۆتۆمبێلی نوێیەوە گەڕایەوە گوندەکەی خۆیان، هەموو گوندەکە سەریان سووڕمابوو لەو داهات و بەرەکەتەی کە خودای گەورە پێبەخشیبوو، لەناکاو برا بچووک برا گەورەکەی خۆی بە ڕیشی سپیەوە دەبینێت کە لەسەر داڵانی خانووەکەی بابی لاقی درێژ کردووەتەوە، برا گەورە لە دوورەوە دەیناسێتەوە، هاوار دەکات، ئەها گەوهەرەکەی ناو کیسەکەت فرۆشتووە، بۆیە ئاوها دەوڵەمەند بوویت و ئێستا پۆز و فیزمان بەسەردا دەدەیت؟!!!
لەناکاو پیرە باب دێتە دەرەوە، ئەم هات و هەرایە دەبیستێت، دەبینێت کوڕە بچووکەکەی گەڕاوەتەوە، بە گەرمی پێشوازی لێدەکات، داوا لە هەردووکیان دەکات لە دەرەوە باسی هیچ نەکەن تاکوو پێکەوە سێ قۆڵی کێشەکە چارەسەر بکەن.
بابەکە هەر دوو کوڕەکەی دەباتە غۆرفەیەک، دادەنیشێت، گوێ لە گفتوگۆی هەردووکیان دەگرێت، تاکوو قسەیان تەواو دەبێت، بابەکە دەڵێت، دەمەوێت راستییەکتان پێ بڵێم: ئەو ڕۆژەی کە ئێوەم بۆ ئەو ڕێگا دووروودرێژە بەڕێ دەکرد، تەنیا چەند مەبەستێکم هەبوو:
یەکەم: کا بزانم کامتان خۆڕاگرترن؟ کامەتان خاوەن هەڵوێستی جوانن؟ بە قەولی باتان دەکەن یان نا؟
دووەم: من تەنیا بەردێکم لە کیسەکە کردبوو، وتم با هەڵتان بسەنگێنم کا بزانم چۆن بۆخۆتان دەبنە خاوەن سەروەت و سامانی خۆتان؟ کا بزانم کامەتان بۆ بەرژەوەندی کیسەکە دەیەوێت ئەو سەفەرە بکات؟
سێیەم: کە بەڕێم کردن بۆ ماڵی ئەو پیرەژنە میهرەبانە، ویستم بزانم کامتان ڕێزی لێدەگرن لەبەرانبەر ئەو چاکەی کە بۆتان دەکات؟
چوارەم: ویستم بزانم کامەتان دەبنە خاون ژیانێکی سەربەخۆ و شەرافەتمەندانە و خۆتان لەژێر چەتری باوک و دایکدا دەردێنن لەم ژیانە ئاڵۆزەدا؟
Comments
Post a Comment