خەوننامەی کوردی، بەشی دال؛ دەنگ و بانگی گیانەوەران-گیانلەبەران-قاو:

خەوننامەی کوردی، بەشی دال؛ دەنگ و بانگی گیانەوەران-گیانلەبەران-قاو:
ئیبن سیرین دەڵێ: دەنگی خوێندنی گیانەوەران و خەڵک لەخەودا، نیشانەی نزیکی خەم و مەینەتییە لەو دەڤەرەدا.
ئەگەر بینی لە شوێنێکی دوورەوە بانگی دەکەن و ئەویش وڵامی دایەوە، واتە زوو دەمرێت.
ئەگەر بینی وڵامی بانگەکەی نەدایەوە، نەخۆش دەکەوێت. ئەگەر دەنگی ڕاکردنی دەبیست، شادومان و خۆشحاڵ دەبێت. ئەگەر دەنگی ناڵە و هاواری دەبیست، هەواڵی ناخۆش دەبیستێت.
ئەگەر دەنگی گریانی دەبیست، ئەوا خواستەکەی دێتە دی و بەسەر دوژمندا زاڵ دەبێت.
ئەگەر گوێی لەدەنگی جوێن بوو، شتێکی نەخوازراوی پێدەگات و هەر زوو لەناو دەچێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر گوێی لەدەنگی ئەسپ بوو، واتە موژدەیەکی دەدرێتێ و هەندێک لە لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: خراپەیەکی پێدەگات، لەو ڕووەوە کە گیانەوەرانی کێوی درۆ ناکەن.
ئەگەر گوێی لە دەنگی گوێدرێژ بوو، ئەوا لەلایەن دوژمن و نەزانێکەوە گوێی لە هاوارێکەوە دەبێت، کە داوای کۆمەک-یارمەتی و ناوبژیوانی لێدەکات.
ئەگەر گوێی لە دەنگی وشتر بوو، واتە ئەو کەسە حەج دەکات و یانیش دەچێت بۆ بازرگانی و سوود و قازنجی لێدەبینێت. ئەگەر گوێی لەدەنگی مەڕ بوو، واتە لەلایەن کەسایەتییەکی گەورەوە، سوود و قازانجی پێدەگات.
ئەگەر گوێی لەدەنگی کارژۆلە بوو، نیشانەی خۆشی و شادی و ڕزق و ڕۆزییە.
ئەگەر گوێی لەدەنگی ئاسک و مامز بوو، واتە کەنیزەکێکی دەست دەکەوێت.
ئەگەر گوێی لە دەنگی شێر بوو کە دەینەڕاند، واتە لەلایەن فەرمانڕەوای وڵات و ناوچەکەوە، ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دروست دەبێت.
ئەگەر پڵنگ قاویدا-بانگی کرد، ئەوا ئەو کەسە، تووشی شەڕ و دوژمنایەتی دەبێتەوە.
ئەگەر گوێی لە دەنگی پڵنگی خاڵخاڵەوە بوو (پڵنگی تاژی-یوز پڵنگ)، واتە کەسێک رکی لێ هەڵدەگرێ و بیانگی-بیانووی پێدەگرێ.
ئەگەر بینی گوێی لەدەنگی گورگە و دەیانلووراند، واتە بەسەر دوژمندا زاڵ دەبێت.
ئەگەر چەقەڵ بانگی هەڵداشت-دەیقێڕاند، نیشانەی خەم و پەژارەیە بەهۆی ژنانەوە.
ئەگەر ڕێوی دەنگی لێوە هات، ئەوا پیاوێکی درۆزن، فێڵ و تەڵەکەی لێدەکات.
ئەگەر پشیلە دەنگی هات، واتە ئەو کەسە لە دز دەترسێت. ئەگەر وشترمر-وشترمرغ-وشترمل دەنگی لێوە هات، واتە خزمەتکارێکی ئازا و دلێر پەیدا دەکات-دەدۆزێتەوە. ئەگەر گوێی لە دەنگی داڵە کەرەخۆرە (سیسارکە کەچەڵە- لاشخۆر) بوو، واتە بەبیستنی هەواڵی مردنی پیاوێکی گەورە خەمبار دەبێت.
ئەگەر گوێی لە دەنگی داڵ بوو، گوێی لە هەواڵی فەرمانڕەوا و کاربەدەستی ناوچەکەی دەبێت.
ئەگەر کۆتر دەیخوێند، هەواڵی سەرهەنگ و کاربەدەستەکانی حاکمی ناوچەکە دەگاتە گوێی.
ئەگەر بینی کەڵەشێر دەیخوێند، هەواڵی جوامێر دەبیستێت.
ئەگەر بینی قەلەباچکە-قشقەڕە دەنگی لێوە هات، هەواڵی کەسایەتییەکی نادیار دەبیستێت.
ئەگەر بینی گوێی لە دەنگی قالۆنچەی گووخلێنکە، یان گوێی لە دەنگی کوندەبەبووە-شابووە، هەواڵی خراپ و ناخۆش دەبیستێت. ئەگەر کۆترە باریکە دەیخوێند، هەواڵی درۆی گوێ لێدەبێت.
ئەگەر گوێی لە دەنگی مرەکێفی-مرەکێویی (کەڵەبابی دارستان) بوو، هەواڵی ژنێکی جوانی پێدەگات.
ئەگەر گوێی لە دەنگی تاووس بوو، هەواڵی فەرمانڕەوای عەجەمی (ئێرانی) پێدەگات.
ئەگەر قازوقوڵنگ دەنگی لێوە هات، هەواڵی پیاوێکی هەژاری پێدەگات.
ئەگەر گوێی لە دەنگی لەقلەق بوو، هەواڵی پیاوێکی وەزیری گوندنشین دەبیستێتت و پێ خوشحاڵ دەبێت.
ئەگەر بینی کەو دەیخوێند، هەواڵی ژنێکی چاکەکاری پێدەگات. ئەگەر گوێی لە دەنگی خوێندنی چەندین کەو بوو، هەواڵی ژنێکی خۆپارێزی پێدەگات.
ئەگەر گوێی لە دەنگی قشقەڕە-قەلەباچکە بوو، هەواڵی پیاوێکی حەرامخۆری پێدەگات.
ئەگەر بینی چۆلەکە-مەلیچک-چێشکە جریوەجریوی دەکرد، واتە ئەو کەسە هەواڵی خۆش دەبیستێت. ئەگەر بولبول و ریشۆڵە-گاوانی دەیانخوێند، واتە هەواڵی گۆرانیبێژێک یان بەندبێژێک دەبیستێت.
ئەگەر مراوی (سۆنە) بانگی هەڵداشت، نیشانەی خەم و مەینەتییە. یان ئەگەر گوێی لە دەنگی مراوی بوو، هەواڵی بەڵای کەسێک دەبیستێت، کە لە بنەماڵە و عەشیرەتەکەیەتی.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بیستنی دەنگی هەموو باڵدارەکان لەخەودا، باشە، تەنیا ئەو باڵدارانە نەبێت کە خۆیان شووم و نەحسن و نەکبەتن و دەنگیان ناخۆش و بێزارکەرە.
دەنگی مار ترسناکە و دەنگی زەردەواڵە و کوللەش ترسناکە و دەنگی بۆقیش، نیشانەی ئەوەیە کە لە شوێنێک دادەبەزێت و نیشتەجێ دەبێت.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی لە ئاسمان یان لەسەر زەوییەوە، یان لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگی ترسناک دەهات، نیشانەی خەم و مەینەتییە، ئەگەرچی دەنگە باوەڕ پێکراوەکە خێر و شەڕیش بێت.

Comments