ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر بینی دادوەر، یان فەرمانڕەوا دەستی ئەویان بڕیەوە، واتە براکەی یان خوشکەکەی دەمرێت.
ئەگەر بینی هەردوو دەستی بڕاوەتەوە، ئەوا کاروکاسبییەکانی و ئاواتەکانی لەدەست دەدات.
ئەگەر خەوەی بینی کە بە دەستێکی، دەستەکەی تری دەکردەوە، واتە لەکار و کاسبیەکەی خۆیدا زوڵم و ستەم بەکار دێنێت.
ئەگەر دیتی دەستەکانی خۆی دەبرد بۆ کارێک، واتە بە دڵ و ئارەزووی کەسێک هەڵسوکەوت دەکات.
ئەگەر بینی لەپەکانی دەستی پێکدا دەدات یان چەپڵەی لێدەدا، واتە لەگەڵ کەسێک یەک دەگرێت، یان دەیکاتە حەڵاڵی خۆی و مارەی دەکات.
ئەگەر بینی لە شارەکەی خۆیدا کەسێکیان هێنا و دەستی کەسەکەیان بڕیەوە و کەسێکی تریشیان لە سێدارەدا، واتە ئەمیر و بەڕێوەبەری ئەو شارە لەسەر کارەکەی لادەدرێت و کەسێکی تر لە جێگای دادەنرێت.
ئەگەر بینی دەستەکانی شل بوون، واتە براکەی یان هاوپشکەکەی لەسەر کار لادەدەن و زیان لە پیشەکەی دەکەوێت.
ئەگەر دیتی وەکوو ئاژەڵە چوار پێیەکان، بەچوار دەست و پێ دەڕۆیشت بەڕێگادا، واتە دەگات بە خواست و ئارەزووییەکی ئەستەم و ئەوەش بە دژواری بەدەست دێنێت.
ئەگەر بینی هەردوو دەستی دەلەرزین، واتە لەسەر کارەکەی دەمێنێتەوە.
ئەگەر دەستەکانی بەزگماکی، وشک و باریک بوون و کاری نەدەکرد، واتە واز لە کاری خێر و بەخشینی پارە دێنێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی بووە بە چەپ دەست و هەموو شتێکی بە دەستی چەپ ئەنجام دەدا، واتە کاری نهێنی ئەنجام دەدات و خواستەکانی دێنێتە دی، بەتایبەت ئەگەر بەدەستی چەپ شەڕی دەکرد.
ئەگەر بینی دەستەکانی پڕکردبوو لە سوژن، واتە هەوڵ و تێکۆشانی، بۆ فێربوون و زانست و سەرکەوتن لە کارەکانیدا خستووەتە گەڕ.
ئەگەر بینی دەستی بڕایەوە و نەیزانی دەستی ڕاستییەتی، یان دەستی چەپی، واتە تووشی بەڵایەک دەبێت، ئیتر مردنی براکەی بێت یان منداڵەکەی یان مردنی هاوکارەکەی.
ئەگەر دیتی دەستی گەورەتر یان ئەستوورتر بووە لەوەی کە هەیە، نیشانەی باشی و بەهێزی بارودۆخی ئەو کەسانەیە، وەکوو برا و منداڵ و هاوکارەکەیەتی کە پێشتریش ناومان هێنان.
ئەگەر بینی لەبەر ئەوەی دەستی بڕاوەتەوە، قورئانی دەخوێندەوە، واتە لە کارە خراپەکان دەست هەڵدەگرێت و واز لە شتی حەرام دێنێت و دەست دەکات بەکاری خێر، هەندێکیش لە لێکدەرەوانی خەو دەڵێن:
دەست بڕینەوە لەخەودا، نیشانەی تەمەندرێژی و ژیان و گوزەرانی خۆشە.
ئەگەر بینی دەستی راستیان بڕیەوە بەهۆی تاوانەوە، واتە درۆزنە و ئەمانەت ناپارێزێ.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی دەستی خۆی وەکوو ئەڵقە و چەمەرە، لەملی خۆیی کردبوو، واتە کار و کردەوەی چاک و نوێژ و خواپەرستی و حەج و جەنگ لە پێناوی خودا دەکات و کاری خێر بە ئەنجام دەگەینێت.
ئەگەر بینی دەستیان لە شوێنێکدا کورت کردەوە، واتە ئەو ئامانجەی کە هەیەتی، لەلایەن ئەو کەسەوە کە داوای هاوکاری و یارمەتی لێدەکات، دێتە دی.
ئەگەر بینی دەستەکانی کورت بوون و قاچەکانیشی درێژ و بە سەر و سیمای خۆیدا دەیڕوانی و لە حاڵی خۆی دەگەڕا، نیشانەی خراپی کار و بەرژەوەندی و پیشەکەیەتی.
ئەگەر بینی پاشایەک دەستی ڕاستی ئەوی بڕیەوە، واتە سوێندێک دەدرێت و ئەویش سوێندەکە بە درۆ دەخوات.
ئەگەر بینی دەستی گواستەوە بۆ جەستەی پێغەمبەرێک، یان کەسێک لەکەسە باش و چاکەکارەکان، واتە خودا هیدایەتی دەدات-ڕێنموێنی دەکات، یانیش کەسێک لەسەر دەستی، ئەو تەوبە دەکات و بۆ لای خودای گەورە دەگەڕێتەوە، هەر وەک چۆن لەسەر دەستی پێغەمبەران و پیاوچاکان تەوبە دەکەن.
ئەگەر بینی یەکێ لە دەستەکانی درێژ بوو، نیشانەی بەهێزی دۆخی گوزەرانیەتی و دەگات بەو خواست و ئاواتەی کە هەیەتی.
ئەگەر بینی بە هەردوو دەستەکانی دەڕۆشت بە رێگادا، نیشانەی ئەوەیە لە کارەکانیدا پشت بەخۆی دەبەستێت و لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: لەلایەن خزمەکانیەوە قازانجی پێدەگات. ئەگەر بینی دەستی لەگەڵی هاتە قسە، واتە ژیان و گوزەرانی باشە. ئەگەر بینی ڕشتەی مرواری لەسەر دەستەکانی هەبوون، واتە هەموو قورئانی ئەزبەر دەبێت.
ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: ئەگەر بینی دەستی وەکوو دەستی سوڵتان و فەرمانڕەواکانی لێهاتووە، واتە گەورەیی و پاشایەتی دەست دەکەوێت. ئەگەر بینی دەستی ڕاستی درێژ بووە، واتە دەسەڵاتی نامێنێت.
ئەگەر بینی دەستەکانی بە گیاکەفە دەشوشت (ڕەنگە سابوون و شامپۆ بۆ ئەم سەردەمە بگونجێ-وەرگێڕی کوردی)، واتە لە کاری خێری کەسێک نائومێد دەبێت کە ئۆمێدی پێی هەیە.
ئەگەر بینی گیانەوەرێک کە گۆشتی حەڵاڵ و باش بێت، لەلای دەستی چپیەوە هات و لەلای دەستی ڕاستیەوە دەرچوو، یان بینی لەلای دەستی راستیەوە هات و لەلای دەستی چەپیەوە تێپەڕ بوو، واتە لەخەم و خەفەت ڕزگاری دەبێت و ئەنجامی کارەکانی شوکرانەبژێری و باشەیە.
ئەگەر ئەو گیانەوەرە، گیانەوەرێکی خراپ و پیس بوو، ئەوا لێکدانەوەی خەوەکە بەپێچەوانەی ئەوەوەیە.
ئەگەر دیتی دەستی ڕاستی وشک و باریک بوویەوە، نیشانەی خراپی باری تەندروستییەتی.
ئەگەر بینی دەستی کەسێکی گرت بەدەستیەوە، یان دەستی لە ملی کەسێک کردەوە و نەیزانی ئەو کەسە مردووە یان زیندووە، نیشانەی تەمەن درێژییەتی.
ئەگەر بینی بازنگی زیوی کردە دەستی کەسێکی بێ بڕوا و کافر، واتە بێ بڕوایەک لەسەر دەستی ئەو موسڵمان دەبێت.
Comments
Post a Comment