ئێران بە هاوکاری یەکیتی نیشتیمانی دەیەوێت قەبارەی هەرێمی کوردستان لە ناو ببات

ئێران بە هاوکاری یەکیتی نیشتیمانی دەیەوێت قەبارەی هەرێمی کوردستان لە ناو ببات و بیکات بە دوو ئیدراەی و عێراقچیەتی لە کوردستانا پەرە پێبدات.
پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەم دۆستی ئێران و هەم لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێران دایە و ئەو وڵاتەش ”لە ڕێگەی چەند کەسێکەوە پیلانەکانی جێبەجێ دەکات“.
عومەر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: “ژیان لەگەڵ شیعە و سوننە بە باش نازانم، مەبەستیشم ئەوە نییە خوانەخواستە دوژمنایەتیی ئەوان بکەین، بەڵام دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین کە پێویستە کورد ھەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت، جاری وا ھەیە ھەنگاو دەنێیت و شکست دێنیت، ئەوەیان شتێکی دیکەیە، بەڵام پێویستە ھەموو تاکێکی کورد کە بەیانی لە خەو ھەڵدەستێ، بیر لە سەربەخۆیی بکاتەوە، تا وەکوو ئەو ڕۆژەی سەربەخۆیی بەدەست دێنین“.
ڕوونیشی کردەوە، یەکێتی لە سەرەتاوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتە ناوچەیەکاندا ھەبووە، ”بێگومان وڵاتە ناوچەیەکانیش لە ژێر کۆنتڕۆڵی سیاسەتی ئێرانا تێپەڕیوون، دوواجار ڕوونە یەکێتی بۆچی بە ئاراستەی عێراق و عێراقچێتی قسە دەکات، بێگومان ھۆکارەکەی بۆ فشاری ئێران و کوتلە و کوتلەبازییەکەی ناو یەکێتی دەگەڕێتەوە“.
بە بڕوای عومەر عینایەت، کەسانێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە نێو یەکێتیدا هەن کە باوەڕیان بە سیاسەتی ”بەرەو عێراقچێتی“ی حزبەکەیان نییە، بەڵام ”ئەوانەی ئێستا باڵادەست و دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتین، بەھۆی بەرژەوەندیی سیاسی و بەرژەوەندیی بازرگانییەوە، ناچاریان کردوون پەیوەندییان بە ئاراستەی ئێرانەوە ھەبێت، بەڵام ئێران پیلانی ھەیە ئەم وڵاتە بکات بە دوو ئیدارەیی و فیدڕاڵیەت نەمێنێت، بۆیە ئەگەر بە ویستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت، سەرلەبەری ئەزموونەکەمان ھەڵدەوەشێنێتەوە“.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان جەختی کردەوە، ئێران لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە پیلانەکەی جێبەجێ دەکات کە دۆستایەتییان لەگەڵدا هەیە یانیش لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران دان. دەشڵێت: ”بە بۆچوونی من یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێوان دۆستایەتی و کۆنتڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە، چونکە تا ئێستا یەکێتی سیاسەتێکی سەربەخۆی نییە، ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، لەساڵی ١٩٩٦ کە ٣١ی ئاب ڕووی داوە، تاوەکوو ئێستا، لە یەک ئۆرگانی یەکێتی و لە یەک دەزگای ڕاگەیاندنی ئەو حزبە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکێتی، گلەیی لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکراوە، نەوەکوو ڕەخنەی لێبگیرێت“. بۆیە بە پێویستی دەزانێت ”پێویستە یەکێتییە ڕاستەقینەکان“، ڕاتەکاندنێک و ڕاچڵەکین ئەنجام بدەن، تاوەکوو یەکێتی لەژێر ئەو ھەژموونەی ئێران دەربھێنن.
عومەر عینایەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، نەیشاردەوە کە ھەر حزبێکی سیاسی دۆستایەتی لەگەڵ ئێران و تورکیا ھەبێت، قازانجی بۆ ھەرێمی کوردستان نابێت، چونکە ”ئێران و تورکیا بەھیچ شێوەیەک نایانەوێ کورد لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بۆیە باشترە پارتیش پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بکاتەوە، چونکە ئێران و تورکیا مامەڵەیەکی دوژمنکارانە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکەن“.

تعليقات