دامەزراندنی (شەمەندەفەری کارەبایی) لە شاری ھەولێر بەم زووانە دەستپێدەکات

دوای ٧ ساڵ لە تەواوکردنی دیزاینەکەی، بڕیارە پڕۆژەی شەمەندەفەری کارەبایی، کە ناسراوە بە (ترام)  بدرێتە کەرتی تایبەت.


دیزاینی پرۆژەی ترام (شەمەندەفەری کارەبایی) لە شاری ھەولێر لەلایەن کۆمپانیای (ئێف جی تەکنۆپۆل)ی ئیتاڵی، لە ساڵی ٢٠١١ەوە تەواو کراوە.
بەپێی گرێبەستی نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و کۆمپانیای ئیتاڵییەکە، تێچووی دیزاینەکە ٢ ملیار و ٥٩٩ ملیۆن دینار بووە.
بەپێی زانیارییەکان، پڕۆژەکە بە ھەمان نەخشە و دیزایین ئامادە کراوە بدرێتە کەرتی تایبەت، کە درێژییەکەی نزیکەی ٨٠ کیلۆمەترە و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ھاتووچۆ.
سەرچاوەیەک لە پارێزگای ھەولێر بە (باس)ی راگەیاند، ترام پڕۆژەیەکی ھاتووچۆیە، کە ماستەرپلانەکەی لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیتاڵی بۆ کراوە، کە درێژیی ئەو پڕۆژەی ھاتوچۆیە ٨٠ کیلۆمەترە، گوتی: “بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست پڕۆژەکە دوا کەوتووە، ئێستا دووبارە خراوەتە ڕوو، بۆ ئەوەی لە رێگای کەرتی تایبەت و وەبەرھێنانەوە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێشکەش بە چەند کۆمپانیایەکی گەورە کراوە.
سەڵاح جەوھەر، بەرێوەبەری گشتیی گواستنەوە و گەیاندن بە (باس)ی راگەیاند: “لە ماوەی رابردوودا ئەو پڕۆژەیە پێشکەشی کۆمپانیایەکی ئۆکڕانی کرا، ئەوان ئامادەیی خۆیان پیشان دا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، دیزایینەکەیان پێ دراوە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین”.
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت جدییە لە پێدانی پڕۆژەکە بە کەرتی تایبەت، گوتیشی: “لەگەڵ چەندین کۆمپانیا کۆبوونەوە و قسەمان کردووە، کۆمپانیاکان دەیانەوێت حکوومەت لە پڕۆژەکە ھاوبەش بێت و نایانەوێت بە تەنیا خۆیان یەک ملیار دۆلار خەرج بکەن، بەڵکوو دەیانەوێت حکوومەتیش ھاوبەش بێت”.
زیاتر گوتیشی: “کۆمپانیاکان لەبڕی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، داوای زەوی دەکەن، بۆ ئەوەی ھۆتێل و پڕۆژەی بازرگانی لەنزیک پڕۆژەکە دروست بکەن، بۆیە ئێستا گفتووگۆ بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکرێت”.
لەبارەی وردەکاریی پڕۆژەکەوە، بەرپرسەکەی وەزارەتی گواستنەوە گوتیشی: “پڕۆژەکە چوار ھێڵە، کە درێژییەکەی ٧٧ کیلۆمەترە، ھەروەھا بە بازنەییش ٢٥ کیلۆمەترە و بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە و بە چەند قۆناغێک ئەنجام دەدرێت”.
سەڵاح جەوھەر روونی کردەوە، ئەو پڕۆەیە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و بەشێکی گرنگیش دەبێت لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵیی ھاتووچۆ.

تعليقات