یەکێتی ترسی لێ نیشتووە شاری سلێمانی لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردمان بکرێت

یەکێتی ترسی لێ نیشتووە شاری سلێمانی لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردمان بکرێت.

زانیاریی جۆراوجۆر، لە بارەی بوونی سەکۆی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی دەکرێ و لەمبارەیەشەوە بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە دەدات.
دوای ئەوەی ئاژانسی (رۆیتەرز)ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە لە نێو عێراقدا سەکۆی مووشەکیی ئێران هەیە و ئەگەری هەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە ئامانج. زانیاریی جۆراوجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند ماڵپەڕێکەوە بڵاو کرایەوە کە یەکێک لە سەکۆ مووشەکییەکانی ئێران، لە سنووری پارێزگای سلێمانی دایە و مەترسی لەوبارەیەوە درووست کردووە. باسیش لەوە دەکرێت کە ئەگەر سەکۆیەکی لەم جۆرە لە سنووری سلێمانیدا هەبێ، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت.
لە بەرامبەر ئەو زانیارییانەدا، جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەسەر پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ”ئەو دەنگۆیەی کە باس لەوە دەکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسنووری پارێزگای سلێمانی سەکۆی مووشەکی بالیستی داناوە،، ھەمووی پڕوپاگەندەیە و ئەسڵ و ئەساسی نییە و دوورە لە ڕاستییەوە“.
بە گوتەی جەلالی شێخ کەریم، کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەک سەکۆی مووشەکی لە سلێمانیدا نییە، بەڵکوو ”دۆشکەشی نییە“. بۆیە دووپاتی کردەوە: ”ناکرێ کۆماری ئیسلامی ئێران، سەکۆی مووشەکی بھێنێتە ناو وڵاتێکی دیکەوە، چونکە ئێرە ھەرێمی کوردستانە و پەیوەندی بەو شتانەوە نییە، مەگەر ئێران لەکاتی شەڕدا بتوانێ شوێنێک داگیر بکات، دواتر سەکۆی مووشەکی لێ دابنێت، بۆیە ئەو دەنگۆیە پڕوپاگەندەیە و ھیچ ڕاستییەکی تێدا نییە“.
لەلایەکی دیکەوە جەوھەر ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ” ئێران لە ھەموو سنوورەکانی عێراق پێی ناوەتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە، لە سنووری قەزای پشدەریش بە گشتی و مەرزی قندۆڵ و گەناو بەتایبەتی، بە درێژایی ٧٠٠ مەتر، زیادەڕۆیی کردووەتە سەر خاکی باشووری کوردستان”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بە درێژایی سنوورەکە، ئێران دەستی کردووە بە درووستکردنی قەڵای سەربازی و ”زۆرێک لەو قەڵایانەش دەکەونە نێو خاکی هەرێمی کوردستان“.

تعليقات