پەکەکە تورکیای داگیرکەر بۆ ناردنی هێز بۆ دەڤەری بارزان هان دەدا

پەکەکە تورکیا بۆ ناردنی هێز بۆ دەڤەری بارزان هان دەدا

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پیلانێکی خۆی لە دژی دەڤەری بارزان جێبەجێ دەکات و هانی تورکیا دەدات، هێزەکانیان بنێرنە ئەو ناوچەیە و دواتر پارتی بە هێنانی هێزەکە تۆمەتبار بکەن.
پاش ئەوەی پەکەکە چەندان جار، تۆماری ڤیدیۆیی چالاکییەکانی گەریلاکانی لە دژی هێزەکانی تورکیا بڵاو کردەوە و دواتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە سنووری دەڤەری (بارزان)ە، لە کاتێکدا بە دەگمەن لە سنوورەکانی دیکەدا جموجۆڵەکانی خۆی لە میدیاکانەوە ئاماژە پێ دەدات. عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: ”ئەو ڤیدیۆیەی پەکەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە ناوچەی بارزان نییە، بەڵکو لەسەر سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیایە و چەند گوندێکی دەڤەری بارزان لەوێیە، بەھۆی پەکەکەوە بۆردومانی ئەو ناوچانە دەکرێ و تا ئێستاش ھەزار گوند لە ناوچەکە ئاوەدانی پێ نەگەیشتووە“.
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەی خستە ڕوو، ناوچەکانی برادۆست، ڕێکان، نێروە و بەروار، لەگەڵ ٨٠%ی دەڤەری سندی، لە ساڵی ١٩٩١ەوە تائێستا، بەهۆی پەکەکەوە وەک خۆیان ماونەتەوە و نەتواندراوە ئاوەدان بکرێنەوە. بۆیە ”ئەو جموجوڵانەی پەکەکە لەسەر سنوور ھیچ سوودێکی بۆ خەڵکی کوردستان تێدا نییە“.
عەلی عەونی نەیشاردەوە کە پلانی پەکەکە لە بانگەشەکردن بەوەی جموجۆڵەکانی لە سنووری بارزان دەکات، ئەوەیە ”تا تورک بێتە بارزان و دواتریش بڵێن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، تورکیایان ھێناوە“. گوتیشی: ”پێشتریش ئەو بنکانەی تورکیا کە هێندراونەتە بامەڕنی و ئامێدی، بە هەمان شێوە پەکەکە، تورکیای پەلکێش کردووە، بۆیە باشترە بۆ پەکەکە، ئەگەر خەبات بۆ کورد دەکەن، خەباتەکەیان ببەنەوە باکووری کوردستان“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر پلانەکەی پەکەکە سەر بگرێ و تورکیا هێزێکی بچووکیشی بنێرێتە دەڤەری بارزان، ئەوکاتە جگە لە خودی تورکەکان، هەریەک لە (ئێرانییەکان، حەشدی شەعبی و ئەوانەی هاوپەیمانی حەشدی شەعبین و ئێستا لە سلێمانین، لەگەڵ پەکەکە)، ”دادەبەزنە سەر پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان“. دووپاتیشی کردەوە: ”ئەوان بەنیازی ئەوەن، ئەو دەسەڵاتەی لە ھەرێمی کوردستانە، ھەڵی بتەکێنن و پەلکێشمان بکەن بۆ سەرکێشی و شتی دیکە، ھەر لەبەر ئەوەش ئێمە پێمان باش نییە، پەکەکە شەڕی لێرە بێت، ناشمانەوێت شەڕی تورک و ئێران و ھی دیکە بکەین“.

تعليقات