ئێران سەکۆی مووشەکی لە شاخی سوورێن داناوە

ئێران سەکۆی مووشەکی لە شاخی سوورێن داناوە

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران (باڵێکی کۆمەڵە) ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەکۆی مووشەکی لە سنووری شاخی سوورێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی داناوە.

فەرھاد شەعبانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران بە ڕاێگەیاند: ”کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوتووەتە بەر نەفرەت و بێزاریی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، بێگومان ئامانجی بۆردومانکردنی بارەگاکانی (حدک و حدکا)، ھەروەھا ھەڕەشەکردن لە تەواوی ھێزە ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکانی خۆی لە ھەرێمی کوردستان، دەیەوێ بە بۆردومان و مووشەکبارانکردنی حزبە نەیارەکانی خەڵکی کوردستان چاو ترسێن بکات، بۆئەوەی دەست لە داخوازییەکانیان ھەڵبگرن“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”زانیاریمان بەدەست گەیشتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ھێزی ھێناوەتە سەر سنوور و لە بەرزاییەکانی شاخی سوورێن ئەو ھێزەی دابەزاندووە و سەکۆی مووشەکی داناوە، ھەروەھا هەڕەشەی ئەوەش لە ئێمە کراوە کە لەوێوە مووشەکمان تێ بگرن، بەڵام ئێمە ڕێوشوێنی توندمان بۆ پاراستنی خۆمان و بنکە و بارەگاکانمان گرتووەتە بەر“.

فەرهاد شەعبانی ڕوونی کردەوە، دابەزاندنی ئەو ھێزە و درووستکردنی سەکۆی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە، ”تەنھا دژی ئێمە نییە، بەڵکو بۆ باشووری کوردستانیش باش نییە“.
بە پێویستیشی زانی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی جددی بەرامبەر بە جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێران هەبێت. گوتیشی: ”ھێزەکانمان کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ھەموو ڕێگەیەکمان گرتووەتە بەر، بۆ ئەوەی لەکاتی ھەر ھێرشێکدا، ڕووبەڕووی ھیچ زەرەرێک نەبینەوە، بۆیە کۆماری ئیسلامیی ئێران مەگەر شاخەکان و شوێنە چۆڵەکان بۆردومان بکات“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش بۆردومانەکەی سەر هەردوو دیموکرات لە کۆیە، زانیارییەک لەبارەی بوونی سەکۆی مووشەکیی ئێران لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڵاو بووەوە، هەر ئەوکاتە جەلالی شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پشکی یەکێتی لەو پۆستە دایە، ڕەتی کردەوە ئێران سەکۆی مووشەکی لە پارێزگای سلێمانی هەبێت و دەیگوت: ”ئێران دۆشکەیەکیشی لە سلێمانی نییە“.

تعليقات