وڵاتی ئیسرائیل: هاوشێوه‌ى سووریا هێرش ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر هێزه‌كانى ئێران له‌عێراق

وڵاتی  ئیسرائیل: هاوشێوه‌ى سووریا هێرش ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر هێزه‌كانى ئێران له‌عێراق 


وه‌زیری به‌رگرى ئیسرائیل، هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشكردنه‌ سه‌ر عێراق ده‌كات و، ڕای گه‌یاند، پێده‌چێت ئیسرائیل، هاوشێوه‌ى هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر سووریا، هێرش بكاته‌ سه‌ر هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازیی گومانى لێبكات ئێرانى بێت و له‌عێراق جێگیر كرابێت.

ئاژانسى هه‌واڵی ڕۆه‌یته‌رز، بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌ڤیدۆر لیبه‌رمان، وه‌زیری به‌رگرى ئیسرائیل، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ ئۆرشه‌لیم، ڕای گه‌یاند: ”به‌وردى چاودێری ڕووداوه‌كانى سووریا ده‌كه‌ین، سه‌باره‌ت به‌هه‌ڕه‌شه‌كانى ئێرانیش، ئێمه‌ ته‌نها خۆمان له‌ سووریا كورت ناكه‌ینه‌وه‌“.

له‌وه‌ڵامى پرسیارێك، كه‌ ئایا ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ عێراقیش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ به‌پێی سه‌رچاوه‌كانى ئاژانسى ڕۆه‌یته‌رز، بریكاره‌ شیعه‌كانى ئێران له‌ عێراق، چه‌ندین مووشه‌كى بالیستییان گواستووه‌ته‌وه‌، لیبه‌رمان، گوتی: ”ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ى سه‌ربازیی له‌گه‌ڵ هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئێرانى ده‌كه‌ین و گرنگ نییه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌كوێیه‌، چونكه‌ ئازادى هه‌ڵسوكه‌وتى خۆمان ده‌پارێزین“.

درەنگانی شەوی شەممە 1ى ئه‌یلوولى ٢٠١٨، چەند تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەیەکی دیمەشقی پایتەختی سووریا روویان دا، کە میدیا عەرەبییەکان باسیان لەوە كرد، ”دەیان تەقینەوە“ بوون.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، تەقینەوەکان بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل روویان داوە و ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەیە.

پێشتریش چه‌ندین جار فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ئیسرائیل، هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانى سووریا، دواى هێرشه‌كانیش، كوژرانى ڕاوێژكار و فه‌رمانده‌ ئێرانییه‌كان، ڕاگه‌یاندراوه‌.

Comments