رۆژنامەیەکی ئیسرائیل: قوباد تاڵەبانی ئەزموونی کەمە و بنەماڵەکەیشی خاک فرۆشن

رۆژنامەیەکی ئیسرائیل: قوباد تاەڵبانی ئەزموونی کەمە و بنەماڵەکەیشی خاک فرۆشن.

میدیایەکی ئیسرائیلی، سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ”بێ ئەزموون“ وەسف دەکات و ئاشکرای دەکات کە بەبێ کۆمەکی دایک و پووری، ناتوانێ کارەکانی ڕایی بکات. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە برا و ئامۆزاکانی کەرکووکیان ڕادەستی بەغدا کردووەتەوە.
سیڤان گاملیان  رۆژنامەنوسێکی فریلانسە و تایبەتمەندی ھەیە لە پەیوەندییەکان، لە باکووری ئیسرائیل دەژی و دەرچووی زانکۆی ئمکۆ یەزرەیلە.
ماڵپەڕی (ئۆرشەلیم ئۆنلاین) راپۆرتێکی ڕۆژنامەنووس سیڤان گاملیانی بە ناوی (ئایا کوردستان جارێکی تریش خیانەتی لێدەکریت؟) بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”خێزانەکەی قوباد تاڵەبانی، بە دیاریکراوی براکەی و ئامۆزاکانی، رۆڵی سەرەکیان ھەبوو کە کورد کۆنتڕۆڵی کەرکووک لە دەست بدات، ئەوان ئەو ناوچە گرنگەیان دایە دەست عێراق و ئێران بەبێ شەڕکردن، بۆ کوردەکان ئەوە شکستێکی گەورە بوو، سوپای عێراق و ھاوپەیمانەکانی  کەوتنە کوشتن و گرتن و دەستدرێژیکردنە سەر ئەو ھاوڵاتییانەی ئاڵای کوردستان یان چەکیان پێ بوو، یاخوود لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستان بوون. ماڵەکوردەکانیان تەختی زەوی کرد و تەقاندیانەوە، ھەزاران هاووڵاتیی کورد ئاوارەبوون، سەرەرای ئەو بارودۆخە مرۆییە، کوردستان لەرووی ئابووری و سیاسیشەوە لاواز بوو“.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە بۆ  ئەمریکا و ئیسرائیل، لاوازیی کوردستان، شکاندنی ئەو ریگرییە بوو کە لە بەردەم ھیلالی شیعە ‌دانرابوو، بۆیە ”ئێستا ئێران لەکەنداوی فارسەوە دەگاتە دەریای ناوەڕاست، بەبێ بوونی ھیچ ڕێگرییەک، ئەمەش مەترسیی راستەوخۆیە بۆ سەر ئیسرائیل، بەھۆی ئەوەی ئێران دەتوانێت بە ئاسانی لە تارانەوە ‌چەک بۆ بەرزاییەکانی جۆلان بگوازیتەوە“.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە کاندیدەکەی ئێستای بنەماڵەی تاڵەبانی کردووە کە سەرۆکایەتیی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەکات و ئاشکرا کراوە: ”قوباد تاڵەبانی کەسێکە ئەوەندە ئەزموونی سیاسی نییە، بەڵکوو دایکی و براکەی و پووری ھێڵەکانی بۆ دەکێشن، تەنیا ھۆکاریش کە ئەو جێگری سەرۆکی حکوومەتە و سەرۆکی لیستی یەکێتییە بۆ ھەڵبژاردنی کوردستان، لەبەر دەسەڵاتی خێزانەکەیەتی“.
ئەو میدیا ئیسرائیلییە باسی لە مێژووی بنەماڵەی تاڵەبانی کردووە و نووسیویەتی: ”لە ١٩٦٦، باوکی قوباد تاڵەبانی و ئیبراھیم ئەحمەدی باپیری، شۆڕشی کوردستانیان پارچە کرد و لەگەڵ عێراق و ئێراندا ڕێککەوتن، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٦ یەکێتی، ئێرانی ھینایە سەر کوردستان، بۆ لەناوبردنی پارتی دیموکراتی کوردستان“.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا، دووبارە ئاماژە بە هۆکاری پشتبەستنی قوباد تاڵەبانی بە خێزانەکەی کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە: ”قوباد تاڵەبانی کەم ئەزموونە، بۆیە لەبارەی چۆنیەتیی کارکردنیەوە پشت بە خێزانەکەی دەبەستێت“.

تعليقات