جەنگی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان.

سۆڤیەت بۆ ماوەی ۱٠ساڵ لەخاکی ئەفغانستاندا مایەوە، بەڵام بەشداریکردنی ئەمریکا لەو جەنگەدا بووە هۆی تێکشکاندنی سۆڤیەت و حکومەتی کۆمۆنیستی.
داگیرکردن و پەلاماردانی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەت بەشێک بوو لە دەستێوەردانەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە وڵاتانی 

جیهان، ئەمەش لەپێناو بەهێزکردنی پێگەی یەکێتی سۆڤیەت و یارمەتیدانی بزووتنەوە و جوڵانەوە کۆمۆنیستیيەکانی وڵاتانی جیهان، کە یەکێتی سۆڤیەت رابەرایەتی بیری کۆمۆنیستی دەکرد لەجیهان، ئەم جەنگە لەناوه‌ڕاستی گەرمەی ململانێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سۆڤیەت بوو.
لە ۲۷ی نیسانی ۱۹۷۸ کودەتا لە ئەفغانستان روویدا، “پارتی گەلی دیموکراتی ئەفغانی” رابەرایەتی کودەتاکەی دەکرد کە پارتێکی چەپی کۆمۆنیستی بوو، کۆماری دیموکراتی ئەفغانستان دامەزرا، پارتی گەل بەتەواوی دەستی بەسەر دەسەڵاتەکانی ئەفغانستاندا گرت.

لە دوای کودەتا هەر زوو دەنگی ناڕەزایی دژ بە حکومەتی کۆمۆنیستی بەرز بووەوە و، شەر دژ بە حکومەتی نوێ لە ناوچەی نورستانی رۆژهەڵات دەستی پێکرد، لەماوەیەکی کەمدا شەڕ سەرتاپای وڵاتی گرتەوە، یەکێتی سۆڤیەت هەر لەسەرەتاوە پشتیوانيی تەواوی پێشکەش بە حکومەت کرد، لە مانگی کانوونی دووەمی ۱۹۷۸ هاوپەیمانییەکی دوولایەنەیان راگەیاند، کە رێگە بە یەکێتی سۆڤیەت دەدرا دەست وەربداتە ناو کاروباری ئەفغانستان.

لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆيی لە ۱۲ی کانوونی دووەمی ۱۹۷۹، سۆڤیەت هێزی سەربازیی ناردە ئەفغانستان و شانبەشانی حکومەتی کۆمۆنیستی شەڕی دژی نەیارانی حکومەت راگەیاند.
لەبەرامبەردا جیمی کارتەر، سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێگەی بە دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی دا یارمەتی نەیارانی حکومەت بدەن، پاڵپشتيی تەواوی هەواڵگری و سەربازییان پێشکەش بە نەیارانی حکومەت کرد.
دواتر هەر یەکە لە “سعوودیە، پاکستان، شانشینی یەکگرتوو و چین” چوونە بازنەی یارمەتیدانی نەیارانی حکومەت.
ئەم جەنگە بەشێک بوو لە جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت، بەجۆرێک هەردوو دەزگای هەواڵگری ئەمریکی CIA وە دەزگای هەوڵگری سۆڤیەت KGB جەنگەکەیان بەڕێوە دەبرد.
سۆڤیەت بەتەواوی خاکی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵ کرد، ئەمریکا یارمەتی گرووپە توندڕەوە مسوڵمانەکانی دەدا، چەندین گرووپی توندڕەو دروست کران دژ بە یەکێتی سۆڤیەت.

سۆڤیەت بۆ ماوەی ۱٠ساڵ لەخاکی ئەفغانستاندا مایەوە، بەڵام بەشداریکردنی ئەمریکا لەو جەنگەدا بووە هۆی تێکشکاندنی سۆڤیەت و حکومەتی کۆمۆنیستی، لەبەرامبەردا بەهێزبوونی خێڵ و پارتە ئیسلامییەکان، هەروەها گرووپە توندڕەوە جیهادییەکان.
لە ۱٥ی شوباتی ۱۹۸۹ سۆڤیەت بەیەکجاری لە خاکی ئەفغانستان کشایەوە و تووشی شکستێکی گەورەی سەربازیی بوویەوە.
لەماوەی ئەو جەنگەکەدا، نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئەفغانی کوژران، دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون، سێ ملیۆن کەس بریندار بوون.
لەگەڵ ئەوانەشدا، ۱٥ ھەزار سەربازی سۆڤیەتی کوژران، ٥۳ هەزار سەرباز بریندار بوون، ۱۸هەزار سەربازی حکومەتی ئەفغانستان کوژران، سەد هەزار سەرباز و خۆبەخشی نەیارانی حکومەت کوژران و زیاتر لە ۷٥ هەزار بریندار بوون.




تعليقات