بۆچی تۆرکیا ناتۆانێت عەفرین بگرێت: سوپای تورکیا سەر بە ناتۆیە و بە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ دادەنرێت.

ئەگەر پێشتر بوترایە تورکیا بە هەفتەیەک نەیتوانیوە شارێک داگیر بکات لەوانەیە زۆر شیکەرەوەی سەربازی گاڵتەی پێبهاتایە.
نزیکەی هەفتەیەکە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان دەستی پێکردووە، بەڵام هێشتا ئەو سوپایە و هێزە هاوکارەکانی نەیانتوانیوە بەرگریی شەڕڤانانی ئەو شارە بشکێنن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، شەڕەکە لە بەرژەوەندیی شەڕڤاناندایە.
هێڵی بەرگریی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لەسەر دوو بنەمای سەرەکییە، کە ئەوانیش بریتین لە دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنی لەسەر سنوور بە چەک و تەقەمەنی و بۆمب و مینی چێندراو، لەگەڵ دروستکردنی تۆڕێکی فراوانی تونێل و پلانی ئەمنی تۆکمە بۆ ناو شاری عەفرین و گوند و ئاواییەکانی تر.
یەکێک لەو پلانانەی زەبری توندی لە تورکیا داوە چاندنی بۆمب و مینە بە شێوەیەکی شارازایانە لەسەر ناوچە سنوورییەکان کە دژی تانک و زریپۆش و ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانە. شەڕڤانان دەست دەکەن بە کشانەوە بۆ ئەوەی تورکیا بە تایبەتی تانکەکانیان بێنە پێشەوە، بەڵام کاتێک بە خۆیان دەزانن کەوتوونەتە زەوییەکی بە مین و تەقەمەنی چێنراو کە دەربازبوون لێی ئەستەمە، هەر بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆریان بە دیلی کەوتونەتە دەست شەڕڤانان.
یەکێکی تر لە پلانی شەڕڤانان بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتووی دژە تانک و زرێیە کە هێزەکانی تورکیا و هاوکارەکانی بێزار کردووە، دوای کەوتنە داوی تانک و هێزەکانی تورکیاوە، شەڕڤانان بەبێ ئەوەی لە سەنگەرەکانیان بێنە دەرەوە یان زۆر دوور بکەونەوە دەست دەکەن بە هێرشکردنە سەر تورکیا و هێزە هاوکارەکانیان.
هاوکێشەی ئێستای شەڕی عەفرین ئێستا لە بەرژەوەندیی تورکیا نییە، زەبریان بەرکەوتووە و ورەیان رووی لە کشانەوەیە. بە تایبەتی سوپای تورکیا سەر بە ناتۆیە و بە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ دادەنرێت، ئەگەر پێشتر بوترایە تورکیا بە هەفتەیەک نەیتوانیوە شارێک داگیر بکات لەوانەیە زۆر شیکەرەوەی سەربازی گاڵتەی پێبهاتبایە. بۆیە ئێستا تورکیا ناوێرێت لەسەر زەوی جوڵە بکات، دەستیکردوە بە بۆردومانی ئاسمانی و تۆپباران لەو دیو سنوورەوە.

تعليقات