بەشی پێنجەم: بابە تایەری هەمەدانی

واتا من وەکوو ئەو دەریایەم، کە لە پیاڵەیەکدا دەرکەوتووم. من وەکوو ئەو نوختەم کە لە سەری پیتێکدا پەیدا بووم لە دوایی هەر هەزار ساڵدا ئەلف ئەندامێک دەردەکەوێت.


بابە (تایەری-تاهیری) هەمەدانی ناسراو بە بابە (تایەری-تاهیری)، هۆنەرمەندێکی بەرز و هەرە گەورەی کلاسیزمی کوردە، ئەم هۆنەرمەندە مەزنە زۆر لایەنی ژیانی بە نادیار و شاردراوەیی ماوەتەوە، تەنها ئەوەندی لێزانراوە، کە خەڵکی شاری هەمەدانە و سەر بە ناوچەی لوڕستانە. چوار خشتەکییەکانی بە زاراوەی لوڕی نووسیوە، پیاوێکی سۆفی و خواناس بوو، لە خەڵک دوور کەوتۆتەوە و گۆشەگیری لا پەسەند بووە، بەڵکوو بگاتە خۆشەویستەکەی. هەر لە هەمەدان کۆچی دوایکردووە، گۆڕەکەی لەسەر گردێکە، کە کەوتۆتە باکووری ڕۆژئاوای هەمەدان، ئێستا ئارامگەیەکی جوانیان بەسەرەوە دروستکردووە.
گەلێک کەس لەبارەی ژیانی دواون و هەر یەکێک بە پێی سەلیقە و بۆچوونی خۆی شتی نووسیوە. بەڵام ژیانی بابە (تایەر-تاهیر) وەک ژیانی هەڵبەستوانە گەورەکانی تر بە دوورنەبووە لە دەتسوەردانی مێژووناسی ئەدەب و ئەوانەی سەرسام و پایبەند بوون بە بیر و بەرهەمە ئەدەبییەکەی. لە ئەنجامدا وا دەرکەتووە کە ساڵی لەدایک بوونی پێش نیوەی یەکەمی سەدەی چوارەمی کۆچی نەبووە، میرزا مەهدی خان گۆتارێکی لەبارەی ژیانی بابە (تایەر-تاهیر)ەوە لە گۆڤاری (کۆمەڵەی ئاسیایی) لە “بەنگاڵدا” لە ساڵی (١٩٠٤)ز بڵاوکردۆتەوە، مێژووی لەدایکبوونی بابە (تایەری-تاهیری) هەمەدانی بە پێی ئەم چوارینەی خۆیەوە بە دیاردەکەوێت کە دەڵێت:
مۆئان بەحروم کە دەر زەرف ئامەدوستوم
مۆئان نوقتە کە دەر حەرف ئامەدوستوم
بە هەر ئەلفی ئەلف قەدی بەرئایۆ
ئەلف قەدوم کە دەر ئەلف ئامەدوستوم

“واتا من وەکوو ئەو دەریایەم، کە لە پیاڵەیەکدا دەرکەوتووم. من وەکوو ئەو نوختەم کە لە سەری پیتێکدا پەیدا بووم لە دوایی هەر هەزار ساڵدا ئەلف ئەندامێک دەردەکەوێت، من ئەو ئەلف ئەندام و باڵا ڕاستەی وەک ئەلفەم، کە لە ئەلف یا هەزارەدا هاتومەتە جیهانەوە”. ئینجا میرزا مەهدی خان لە دێری کۆتایدا بە پێی ژمارەی ئەبجەد لێکداوەتەوە، کە ساڵی لە دایکبوونی بابە (تایەر-تاهیر) دەکاتە( ٣٢٦) کۆچی بەرامبەر بە (٩٣٨)ز هەروەها ساڵی (٤٠١) کۆچی داناوە بە ساڵی مردنی، بەڵام هیچ بەڵگەی بۆ ئەمە نەهێناوەتەوە، کە بەرامبەر بە(١٠١٠)ز هەر چۆنێک بێت چەند ساڵێک زووتر، یا درەنگتر لە دایکبووبێت نرخی هەڵبەستوانێتی بابە (تایەر-تاهیر) زیاد و کەم ناکات، کە هەڵبەستوانێکی سۆفی و خواناسی گەورەی کوردە لە سەردەمی خۆیدا.
بەرهەمی:
ئەو بەرهەمە ئەدەبییەی، کە لە بابە (تایەر-تاهیر)ەوە بۆمان بەجێماوە و کۆمەڵە چوارینەکانێتی، کە زۆر بەهێزبوون و جێگەی خۆیان لە ناو دڵ و دەروونی خەڵکدا کردۆتەوە و لەبەریان کردوون، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ماونەتەوە، یا بڵێین گوازراونەتەوە، تا گەیشتوونەتە سەردەمی چاپکردن، ئینجا لە دیوانێکی بچووکدا چەند جار چاپکراوەتەوە، بەڵام زۆربەی چوارینەکانی، کە لە چاپدراون دەستکارێیکی زۆریان کراوە و وشەی فارسییان تێکەڵاوکردووە، هەروەها گەلێک چوارینیان بە ئارەزووی خۆیان داوەتە پاڵ ( بابە تایەر-تاهیر)ەوە، هەتا گەیشتۆتە ئەو ڕادەی، کە بابە (تایەر-تاهیر) هەشتا چوارینی نووسیوە، گەرچی نزیکەی پێنجسەد چوارینە بە ناوی ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە، جگە لە کۆمەڵە چوارینەکانی دوو کتێبی تری بە ناوی(کلمات القصار) و (الفتوحات الربانی في اشارات الهمدانی) بە زمانی عەرەبی داناوە، کە لەوانەدا پلە و پایەی بەرزی ئەدەبی و سۆفی و خواناسی ئەومان بۆ دەردەکەوێت.
ڕوخساری هەڵبەستەکانی:
( بابە تایەر-تاهیر) ئەو ڕێچکەیەی کە گرتوویەتی، ڕێچکەیەکی سادەی بێ گرێ بووە، ویستوویەتی دەورووبەری خۆی لە بیرو باوەڕی خۆی تێبگەیەنێت هۆنراوەکانی بە زمانێکی سادە و ساکار نووسیوە، هەموو کەس خوێندەوار و نەخوێندەوار لە هۆنراوەکانی تێگەیشتووە، بە زاراوەی لوڕی پەتی سادە مانایەکی بەرزی دەربڕیوە.
بابە (تایەر-تاهیر) بە دوای وشەکاری و شێوازی بەتینو وشەی گران نەگەڕاوە، بەڵکوو هۆنراوەکانی بە قاڵبی( چواربن) داڕشتووە، ئەو قاڵبە لەگەڵ ئەو شتەی، کە دەیویست یەکدەگرێتەوە، کە وشەکان سادەبن، کاریگەربن لە دەروونی خەڵکدا، بە ئاسانی لەبەر بکرێن.
بابە تایەر شێوازێکی تایبەتی هەبووە و لاسایی کەسی نەکردۆتەوە، شێوازی لە چوارینەکانی وێنەی نەبووە، هۆنراوەی کەس کاری تێنەکردووە هەرچی گوتوویەتی تایبەت بە خۆی بووە، لە داهێنانی خۆی بووە.
کێشی عەروزی عەرەبی بەکارهێناوە بەڵام ئاسانترین کێشی هەڵبژاردووە کە لەگەڵ وشە سادە و ساکارەکان گونجاوە بۆنەتەوە تەواوکەری یەکتری، کە کێشی (مەفاعیلون – مەفاعیل)ە کە ئاوازێکی مۆسیقای خۆشی هەیە.
ناوەڕۆکی هەڵبەستەکانی:
کاتێک بابەتەکانی بابە (تایەر-تاهیر) دەخوێنیتەوە، بۆت دەردەکەوێت، کە بابە (تایەر-تاهیر) هۆنراوەی بۆ کەسێک نەگوتووە، ستایشی کەسی نەکردووە، تا بگاتە پلە و پایەیێک، یان هەندێک شتی دەستبکەوێت، بەڵکوو بۆ ئارەزووی دڵی خۆی هەڵبەستی نووسیەوە، بۆ خۆشەویستی خوای گوتووە، هۆنەرمەندێکی سۆفیگەربووە، تاکە هەڵبەستوانی کوردە، کە ڕێچکەی سۆفیگەری گرتووە و لە سەردەمی پەیدابوونی سۆفیگەری ژیاوە، سۆفیگەری چەند قۆناغێکی هەیە، سۆفی پێویستە ئەو قۆناغانە ببڕێت تا بگاتە پلەی تەواو، ئەو قۆناغانە بریتین لەو ڕێگایانەی، کە سۆفیەکان دەیگرنە بەرو دەست لە هەموو شتێک هەڵدەگرن، کە پەیوەندی بە ژیانی سەر ڕووی زەوینەوە هەبێت، بە دڵ و بەگیان ڕوودەکەنە مەبەستە سەرەکییەکەیان، بۆ ئەوەی بگەنە لای خۆشەویستەکەیان کە خوایە، ئەوکات دەگەنە پلەی توانەوە لە خودی خۆشەویستەکەیان ئەمەش هەندێک لە چوارینەکانیەتی.
١- مۆئان ڕەندەم کە نامەم بی قەلەندەر
نە خون دیروم، نە مۆن دیروم، نە لەنگەر
چو ڕوز ئایەد بگەردەم گەردی گێتی
چو شەو ئایەد بەخشتی وا نەهەم سەر.

٢- دڵی دیروم ز عیشقت گێج و ویجە
موژدە بەرهەم زەنوم خوونا بەریجە
دڵی عاشق بەسانی چووب تەڕبی
سەری سووجە سەری خووان بەریجە.

تعليقات