بەشی یەکەمی مێژوو؛ کوردستان لە سەردەمی مەغۆل ئیلخانی جەلائیری:

کوردستان لە سەردەمی مەغۆل ئیلخانی جەلائیری.


مەغۆل کۆمەڵێک هۆزی نیشتەجێی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئاسیا (بەتایبەتی مەنغۆلیا و دەورووبەری) بوون، جا لەبەر ژینگەی سەختی بیابانی و وشک بە ڕەوەندی دەیان گوزەراند و لە نێو چادر و ڕەشماڵان دەژیان و گەرمیان و کوێستانیان دەکرد و خۆیان دابووە جەنگ و کوشتار و تاڵان و بڕین، هەر بۆیە بە نەتەوەیەکی ئاکار توند و شەڕەنگێز و تێکدەر لە مێژوودا ناوزێد کراون.
لە دەورووبەری ساڵی (١٢٠٦ی.ز) وەکوو هێزێکی کارای سەربازی و سیاسی دەرکەوتن، کاتێ کە سەرکردەی بەناوبانگیان (جەنگیز خان) توانی هەموو هۆزەکانی مەغۆل یەکبخات و پاشان وڵاتانی چین و “بلاد ما وراء النهر”( ناوچەی پشت ڕووبار) خوراسان و فارس و ئازربایجان و ناوچەی قەفقاسی داگیر بکات.
سەرەتای لەشکەر کێشییەکانی مەغۆلەکان بۆ سەر کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٢٢١ی.ز) کاتێک چەند هەرێم و شارێکیان لە “ڕۆژهەڵاتی کوردستان” داگیرکرد، وێڕای ئەوەی کە کوردان لێیان هاتنە دەست و نەبەردی زۆریشیان نواند، هەروەک دانیشتوانی شاری (مەراغە) لە ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێ کردیان، کاتێک کە بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ ڕووبەڕووی گەمارۆی توندی مەغۆلەکان بوونەوە بۆ سەر شارەکەیان.
هەروەها ساڵی (١٢٣١ی.ز) مەغۆلەکان لەشکرێکی گەورەیان ناردە سەر شارەزوور، بەڵام لە بەر ئەوەی سوڵتانی هەولێر و خەلیفەی عەباسی لەشکریان ئامادەکرد بۆ پێشگیری لەو هێرشە، ئیتر ئەوەبوو مەغۆلەکان پاشەکشەیان کرد، لەگەڵ ئەوەشدا مەغۆلەکان ساڵی (١٢٤٥ی.ز) هێرشێکی بەربڵاوی تریان کردەوە سەر شارەزوور و خەڵکێکی زۆریان کوشت و کاولکارییەکی گەورەشیان نایەوە، هەر لەبەر ئەمەش بوو کە بەشێکی دانیشتوانی شارەزوور و گەلێک ناوچەی تریش ناچاربوون وڵاتی خۆیان بە جێ بهێڵن و ڕوو بکەنە وڵاتی شام.
دووای ئەمە ئیتر مەغۆلەکان لە ژێر سەرکردایەتی (هۆلاکۆ) خۆیان ئامادەکرد بۆ داگیرکردنی بەغدا، بەر لەمەش شاری “کرماشان” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی وێرانی هات بە دەست مەغۆلەکان، چونکە کەوتبووە سەر ڕێگای هێرشی مەغۆلەکان بۆ سەر بەغدا، کە هۆلاکۆ ساڵی (١٢٥٨ی.ز) توانی داگیری بکات و کۆتای بە خەلافەتی عەباسی بهێنێت و دوا خەلیفەی عەباسی (المستصم بالله)ی کوشت و چل ڕۆژ دەستی لە کوشتن و سووتان و کاولکردن و تاڵان کردن هەڵنەگرت.
هەر ئەو ساڵە، هۆلاکۆ لەشکرێکی گەورەی بە سەرکردایەتی (ئەرقیتۆنویان) نارد بۆ داگیرکردنی “قەڵای هەولێر”، بەڵام کوردانی قەڵا توانیان بە ڕووی لەشکرەکەی هۆلاکۆ بوەستن و بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ رووبەڕووی گەمارۆی مەغۆلەکان ببنەوە، هەرچەندە لە تەنگانە و برسێتی و قات و قڕی دابوون، دواجار هۆلاکۆ بە هاوکاری لەشکری دەسەڵاتداری “موسڵا” (بەدرالدین لٶلٶ) کە ملکەچی خۆی بۆ هۆلاکۆ ڕاگەیاندبوو، بە هاوکاری ئەوان توانیان قەڵای هەولێر بەر “مەنجەنیق” بدەن و درز و کەلێن بخەنە شار و قەڵاکەوە، پاشانیش داگیری بکەن و کوشتارێکی گەورەی تییایدا ئەنجام بدەن.
ئینجا لەشکەری مەغۆل بەرەو باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کشان و شاری (میافارقین) کە یەکێک لەو شارە کوردیانەی باکووری کوردستان بوو کە لە ژێر سەرکردایەتی “مەلیک کامیل ئەیوبی”، توانی بۆ ماوەی دووساڵ بەڕووی گەمارۆی لەشکری مەغۆلان بوەستێت، بەڵام برسیتی و قات و قڕی و گرانی تەنگیان بە دانیشتوانی شار هەڵچنی و دووچاری مەرگەسات بوونەوە، لەم لاوەش بە فەرمانی هۆلاکۆ لەشکری زیاتری مەغۆلان هێرشیان کردە سەر شارەکە، ئەم هۆیانە گشتی وایان کرد کە هۆلاکۆ شارەکە دوای بەرگریەکی دلێرانە بگرێت و (مەلیک کامیل)یش بە دیلی بکەوێتە دەستی هۆلاکۆ و بە ناپاکانە شەهید بکرێت و خەڵکێکی زۆری شارەزووریش بێتاوان بکوژرێن.
دیارترین ئەو هۆیانەی کە وایان کرد زیاتر کوردستان بکەوێتە بەر ئەم هێرشانە ئەمانە بوون:
یەکەم: تەماحکاری و گیانی فراوان خوزای مەغۆلان بۆ دەست گرتن بە سەر شار و ئاوەدانی ناوچەکە و بەهرەمەند بوون لە خێر و بێری.
دووەم: بوونی دەسەڵاتی چەند هێزێک لە ناوچەکە وەکوو: خواڕەزمیەکان کە دوژمنایەتیان لە گەڵ مەغۆلدا هەبوو، وای کرد کە کوردستان ببێتە گۆڕەپانی ململانێ و یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانیان.
شایانی باسە دەوڵەتی خواڕەزم یەکێک بوو لەو دەسەڵاتداریەتیە موسڵمانانەی کە حوکمی بلاد ماوراء النهر (ناوچەی پشت ڕووبار) و خوراسانی دەکرد، ڕووخانی ئەو دەوڵەتە بە دەستی مەغۆلەکان ڕێگای داگیرکردنی کوردستان و بەغدای بۆ مەغۆلەکان کردەوە.
سییەم: گرنگی کوردستان وەکوو رێگە و دوواتر دەروازەیەک بە ڕووی مەغۆلەکان، کە لەوێیەوە بگەنە بەغداد و شام.
دووای ئەمانە لەشکری هۆلاکۆ ڕووی کردە شارەکانی وڵاتی شام و هەرچی ڕووی شارستانی و ئاوەدانی هەبوو هەمووی سڕینەوە، بەڵام فەرمانڕەوای میسر کە مەمالیک بوون توانیان لە جەنگی (عەین جالوت) نزیک “عەککا” ساڵی ١٢٦٠ی.ز لەشکری هۆلاکۆ بشکێنن و ئیتر شاڵاوی مەغۆلەکان تا ئەو سنوورە بوەستێنن، لەم جەنگەدا کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و کوردانی شام ڕۆڵێکی گرنگیان بینی شان بە شانی مەمالیک لە شکاندنی مەغۆلەکان.
بەم جۆرە سەرتاسەری کوردستان و ناوچەکانی دەورووبەری بوونە بەشێک لە دەوڵەتی “مەغۆلی ئیلخانی”.



























تعليقات