هێڵەكانی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستان رادەگیرێن



گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ‌و گەیاندن رایگەیاند لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانی پۆلە كۆتاكان (پۆلی 9 و 12)، هێڵی ئینتەرنێت لە كوردستان رۆژانە بۆ 4 كاژێر رادەگیرێن‌.

ئومێد محەممەد ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە‌ و گەیاندن بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لەیەكەم رۆژی دەستپێكی تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكان لە رۆژی 2-6-2016 لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە هێڵەكانی ئینتەرنێت لە كوردستان بۆ ماوەی 4كاژێر رادەگیرێن".

ئەو هەروەها گوتی "راگرتنەكە لە كاژێر 07:00-ی بەیانی بۆ كاژێر 11:00-ی پێش نیوەڕۆ دەبێت، ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە گزی (قۆپی) قوتابیان، پڕۆسەی راگرتنەكەش تاوەکو كۆتایی رۆژانی تاقیكردنەوە بەردەوام دەبێت".

سەبارەت بە هەندێ‌ شوێنیش كە بۆ رایكردنی كارەكانیان پێویستیی زۆریان بەهێڵی ئینتەرنێت هەیە، گوتەبێژەكەی وەزارەتی گواستنە‌و گەیاندن گوتی "ئەو شوێنانەی كە كارەكانیان تەنیا بەبوونی هێڵی ئەنتەرنێت بەڕێوەدەچن وەك هەندێ‌ لەبانكەکان یاخود هەر شوێنێكی دیكە، دەكرێت ئاسنكاریەكیان بۆ بكەین".

رووداو - هەولێر 

تعليقات