خەریکە ئەستێرە ئەمریکییەکە موسوڵمان دەبێت

لێندسی لۆهان ئەستێرەی بەناوبانگی ئەمریکا، رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا سەرقاڵی خوێندنی قورئانی پیرۆزە و پاش تەوابوونی خوێندنەکەشی ئەگەری زۆرە ببێتە موسوڵمان.

لە ماوەی ڕابردوودا وێنەیەکی "لێندسی لۆهان" ئەکتەری ناوداری ئەمریکی بڵاوکرایەوە کە قورئانێکی بە دەستەوەیە کاتێک لە سەنتەری منداڵانی نیۆیۆرک دەرکەوت، دوابەدوای ئەوەش بێدەنگی هەڵبژاردو هیچ قسەیەکی بۆ مێدیاکان نەکرد، بەڵام رۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی بێدەنگییەکانی شکاند و لێدوانێکی تایبەتی لێوەرگرت. 


لێندسی لۆهانی تەمەن 30 ساڵ سەبارەت بەو قورئانەی کە لە وێنەکەدا دەرکەوتووە رایگەیاند: ئێستا خەریکی خوێندنی قورئانی پیرۆزم.



ماوەیەک لەمەو پێش، لێندسی لۆهان وێنەیەکی بڵاوکردەوە و ئایەتێکی قورئانی لە سورتی البروج بە تەفسیری ئینگلیزی لەسەر نوسیبوو، کە دەفەرموێت: إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَهُمْ جَنَّاتٌ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ۚ ذَٰلِكَ الْفَوْزُ الْكَبِيرُ (11)  

واتە: بە ڕاستی ئەوانەی کە باوەڕیان هێناوە و کردەوە چاکەکانیان ئەنجامداوە، باخەکانی بەهەشت کە چەندەها رووبار بە ژێر درەختەکاندا دەڕوات بۆیان ئامادەیە، هەر ئەوەی خۆی لە خۆیدا سەرکەوتن و سەرفرازییەکی زۆر گەورە و بێ سنور و بێ وێنەیە . "تەفسیری ئاسان".

لۆهان راشیگەیاند: من کەسێکی رۆحیم و زۆریش کراوەم بۆ فێربوون. وتیشی: هەموومان بڕوامان بەشتێكە كە ئەوەیە هەموو پەیوەندییە رۆحیەكان بۆلای خودامان دەبەن.

لە ماوەی ڕابردووشدا ئاڵی لۆهان خوشکی لێندسی لۆهان ئایینی خۆی گۆڕی و بوویە بوزی، لەوبارەیەوە لێندسی رایدەگەیەنێت: خوشكەكەم بوزییە بەڵام تائێستاش شت لەمنەوە فێر دەبێت و ئامادەیە شتی نوێ‌ فێر ببێت.

لێندسی وتیشی: من ئێستا بە قووڵی خەریکی خوێندنی قورئانی پیرۆزم، ئێوەش دەزانن خوێندنی ئەم کتێبە پیرۆزە کاتی زۆر دەبات، چونکە من تەنها بە روكەش نایخوێنمەوە بەڵکو زۆر بە قووڵی دەستم بە خوێندنی کردووە.

ئەمە یەکەمجار نیە کە ئەستێرەکانی هۆڵیۆد و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی جیهان موسوڵمان دەبن، پێشتریش چەندین ناوداریتری ئەمریكی وەك و "مایك تایسۆن، جانیت جاكسۆن، كات ستیڤنز، و كاسیۆس كلای" موسوڵمانبوونی خۆیان راگەیاندووە.

 

تعليقات