Skip to main content

با بزانین لە کۆندا ناوی پاشایانی (گۆتی) چ بووە؟

با بزانین لە کۆندا ناوی پاشایانی (گۆتی) چ بووە؟
ئەم جارە لە کتێبی مێژووی دێرینی کورددا باسی پاشایانی گۆتی و هەندێ ناوی کۆنی ئەو سەردەمە دەکەین:
لیستی پاشا و بنەماڵە فەرمانڕەواکان بە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی شارستانییەتی (دۆڵی نێوان دوو زێی) دادەنرێت، لیستەکە تەواوی ناوی پاشا و فەرمانڕەواکانی لەخۆ گرتووە، کە لە عێراقی کۆنەوە دەسەڵاتدار بوونە، هەر لە دەستپێکی چاخی مێژووییەوە تا سەردەمەکانی دوای لیستەکە هەموو ناوەکانی تێدا نییە، بەڵکوو ساڵانی فەرمانڕەواییشی تێدایە و بەڵگەنامەییەکە کە لەسەر ژیانی سیاسی سۆمەری، بە هەمان شێوە بابلییەکان و ئاشوورییەکان ئەم بەڵگەنامەیان هەبووە کە بە لیستی پاشایان ناسراوە.
ناوی پاشایانی گۆتیش لە پاڵ لیستی پاشایانی سۆمەری هاتووە، کە نزیکەی ناوی (بیست و یەک-٢١) پاشای تێدا تۆمار کراوە، بۆ ماوەی نزیکەی (سەد و بیست و پێنج ساڵ ١٢٥ساڵ) حوکمی وڵاتی سۆمەر و ئەکەدیان کردووە.
(تەها باقر) ئاماژە بەوە دەکا کە ناوی یەکەم پاشایان نازانرێت، بەڵام (جین بۆترۆ) دەڵێ: ((یەکەم پاشای گۆتی ناوی ئەریدۆ زیبیر))بووە.
گوایە چوار پاشایان سەرەتا ماوەی فەرمانڕەوایەکانیان کەم بووە، بۆیە زۆر گرنگیان پێ نەداوە، پاشای گۆتی (شارلگاب) بە شێوەی (سارلکاب-SARLAGAB) هاتووە، پاشای ئەکەدی (شارکالی شری) باسی کردووە لەگەڵی جەنگاوە دواتر بە دیلی گرتووە.
لە تێکستە (مێخییەکان)دا شەشەمین پاشای (گۆتی) بە ناوی (ئیلۆلۆمیش-ELu-Lu. MES) هاتووە، کە کاریگەری لەسەر دەوڵەتی ئەکەدی هەبووە، بەهۆی لێهاتووی و ئازایەتییەوە ئەوەی جێگەی ئاماژەپێکردنە، پاشای ئەکەدی (شارکالی شری) لە سەردەمی ئەو مردووە.
دوای کۆمەڵێک پاشا شەڕیان بووە لەسەر دەسەڵات، بەڵام (ئیلۆلۆمیش) توانیوییەتی دەوڵەتی ئەکەدی لەناو بەرێت، دەسەڵاتی (دۆڵی نێوان دوو زێ) بگرێتە دەست و نازناوی (پاشای بەهێزی پاشای بەهێزی ئەکەد) لەخۆ بنێت.
هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ناوی هەندێ پاشای (گۆتی) کاریگەری زمانی ئەکەدیان بە ئاشکرا پێوە دیاربووە، چونکە لە پاڵ ناوە گۆتییەکەیان ناوی ئەکەدیان بەکارهێناوە، وەک: (کۆرۆم-Kurum) و (خابیل-کین- Khabil kin)ە (لا ئیۆ-رابوم-Laerabum) و ( ئێرارئوم-لێرارئوم-Lrarum) و (ئبرانۆم-لبرانۆم Lbranum) و (خابلوم-Hablum) و (پوزو-سن-Puzuh-Sin)، یارلاجان، ویسئۆم و....هتد.
دووا پاشای (گۆتی) کە لە زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژەی پێکراوە، (تریگان یاتریقان) بووە، کە لە سەردەمی ئەودا باری وڵات زۆر ناھەموار بووە، نەبوونی و هەژاری باڵی بەسەر وڵاتدا کێشابوو.
دیارە (ئۆتۆخیکال) حاکمی شاری وەرکا توانی هێز کۆبکاتەوە دژی بوەستێت، کە پشتیوانی دانیشتوانی وڵاتی سۆمەری لەگەڵ بووە، توانی بەسەر (تریگان)دا زاڵ بێت و بە دیلی بگرێت، بەم جۆرە کۆتایی بە فەرمانڕەوایی گۆتییەکان لە وڵاتی سۆمەر و ئەکەد دا ھات.

Comments