لە بەرەبەیانی سەردەمی بنەماڵە فەرمانڕەواکانی حوکمڕانى، لە ژێر دەسەڵاتی سۆمەرییەکان بووە، لە شێوازی دەوڵەتی شار بوون، کە لە مێژوودا بە سەردەمی حکوومەتی شارەکان، (سیتی ستێتیس-City states) ناسراون و مێژووەکەی بۆ نزیکەی (دوو هەزار و هەشت سەد تاکوو و سێ هەزار ساڵ پێش زایین٢٨٠٠-٣٠٠٠پ.ز دەگەڕێتەوە).
بۆ نموونە: ئەو جەنگەی لە نێوان هەردوو دەوڵەتی: (لەگش و ئۆما) نزیکەی (سەد-١٠٠) ساڵی خایاندووە.
ئەم ڕەوشە رێخۆشکەر بووە بۆ هێزی تر وەک (ئەکەدییەکان)، کە ئەم هەلە بقۆزنەوە و لە ساڵانی (دوو هەزار و دووسەد و سی تاکوو دوو هەزار و سێ سەد و حەفتاویەکی پێش زایین ٢٢٣٠-٢٣٧١پ.ز) دەست بەسەر وڵاتی سۆمەردا بگرن، بەتایبەتی (سەرجۆن) پاشای ئەکەدی، توانی دەست بەسەر هەموو شارەکانی سۆمەریدا بگرێ.
بەمەش زیاتر بەرەو مەرکەزیەت-ناوەندیەت هەنگاوی دەنا، ئەویش بە دانانی پلانێکی سیاسی و ئیداری توند و پتەو، وەک تێکشکاندنی شۆرای هەموو شارەکان، بۆ ئەوەی ڕێگا لە هەڵگەڕاوەکان بگرێت تا نەتوانن دژایتى بکەن و ئەو شوێنانە بکەنە پەناگە بۆ خۆیان، دانانی خەڵکانی سەر بە دەوڵەتی (ئەکەدی) لە بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەی ئیدارییە بەرزەکان و دانانی تیپیکی سەربازیی چالاک بۆ پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتیان لە شارەکان، لەلایەکی تر، ئەندامانی خێزانی بەڕێوەبەرە ناوخۆییەکان، وەکوو بارمەتە لە پایتەختی (ئەکەد) دەهێشتەوە، بەم جۆرە ڕێگای لە سەربەخۆیی و هەڵگەڕاوەکان دەگرت.
(سەرجۆنی ئەکەدی) دەستی بەسەر نزیکەی زۆربەی جیهانی کۆندا گرت، لە ڕۆژهەڵات تا ئێران، لە باکوور تا ئاسیای ناوەڕاست، لە باشوور تا کەنداوی عەرەبی، دوای کوڕەزاکەی (نرام سین، سین نەرام-Sin-Naram), خەریکی فراوانخوازی و پەلهاوێشتن بووە.
چەندەها جار بۆ ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی (کوردستان) لەشکرکێشی کردووە، وەکوو بەڵگە و ئەو هەڵکۆڵینەی کە لە ماوەی نێوان ساڵانی (دوو هەزار و دووسەد و حەفت تاکوو و دوو هەزار و دووسەد و چل و چواری پێش زایین-٢٢٠٧-٢٢٤٤) دەگەڕێتەوە، بۆ ناوچەکانی نیشتەجێی چیاکانی ئەنجامی داوە.
بەتایبەتی ئەو نەخشەی لە وێنەی (نرام سن-نەرام سین) زۆر بە گەورەی کێشراوە. دوو کەس بە کوژراوی لەبەردەمیدا کەوتوون، کە بە وێنەی سەركەوتن بەسەر چیانشینەکان نیشان دەدات. ئەم نەخشە دەکەوێتە نێوان دەربەندێک لە نێوان دوو چیا لە ناوچەی قەرەداخ، کە بە نەخشی (دەربەندی گاور) ناسراوە.
(نرام سین-نەرام سین) عێراقی کۆن و دەوروبەری خستەژێر کۆنترۆلی خۆی، نازناوی (پاشای چوار لا) (شارکبرات ئەرەبعیم) و (پاشای گەردوون) (شارکشاتی) بەکاردەهێنا، هەتا وای لێهات خۆی بە خواوەند دەزانی، کە نیشانەی ئەستێرەی لە پێشناوی خۆی دادەنا، کە بە شێوەزاری سۆمەری (دنگر)ی پێدەڵێن و بە ئەکەدیش "ئیلو"، دیارە ئەم زیادەڕەویەش بەهۆی جەنگە زۆرەکانییەوە بووە، لە ئەنجامدا توانی دەست بەسەر هەموو جیهانی کوندا بگرێت.
بەڵام دواتر (ئەکەدییەکان) بەرەو کزیی و لاوازیی هەنگاویان دەنا، ئەویش بەهۆی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و دژایەتی لە دەرەوە و ناوەوە، وەک لە سەردەمی دوا پاشایان (شارکلیشاری)، کە کوڕی (نرام سین-نەرام سین) بووە، ناوەکەیش بە واتای (پاشای هەموو پاشایان) دێت، وەک جیابوونەوەی پاشای (عیلام) بۆ زۆر (ئنشۆشناک، دوو هەزار و دووسەد و بیست و سێ تاکوو دوو هەزار و دووسەد و پەنجا و چواری پێش زایین-٢٢٢٣-٢٢٥٤ پ.ز) لە ئیمپڕاتۆریەتی ئەکەدی، بە بەکارهێنانی زمانی (عیلامی) لە جیاتی زمانی ئەکەدی لە وڵاتەکەی، کە پێشتر لە جیهانی کۆندا زمانی ئەکەدی زمانی فەرمی و دیپلۆماسی بووە.
هەروەها نازناوی (پاشای چوارلا)ی بۆ خۆی دانا ئەمەش بێهێزی پاشای ئەکەدی دەردەخات، دوایی ڕاپەڕین و هەڵگەڕانەوە لە دژی دەسەڵاتی ئەکەدی تەواوی شارەکانی سۆمەر و ئەکەدی گرتەوە، وەک شارەکانی (کیش و وەرکا، سبار و هەتا دێت).
لە لایەکی ترەوە، مەترسیی هۆزەکانی مارتۆ و (ئامۆرییەکان)، لە بەشی ڕۆژئاوا لە ئارادا بوو، هەرچەند تا ماوەیەک تواندرا بەرپەرچیان بدەنەوە، بەڵام دواتر شاڵاوەکانیان بۆ ناوچەکە زیاتر بوو.
سەرەڕای ئەمانەش، ئەو جەنگە زۆرانەی پاشایانی ئەکەدی ئەنجامیاندابوو، بووە هۆی بەفیڕۆدانی هێز و توانایەکی زۆری ئابووری و مرۆیی.
بەڵام هەندێک نەفرەتی خوداوەندەکانی وڵاتی سۆمەر بووە هۆکاری ڕاستەوخۆی لە ناوچوونی (ئەکەدییەکان) دەزانن، وەک (ساکز هاری) دەڵێ: ((بەم دواییە چەند پارچە تێکستێکی سۆمەری لە چەند مۆزەخانەیەک کۆ کراوەتەوە)).
دێری سەرەتای ئاماژە بەوە دەکەن، کە (شاری ئەکەد) ئەوەندە لە خۆشگوزەرانی و بەختەوریی دەژیا، کە لە هەموو لایەکی وڵاتەوە باج و سەرانەی بۆ دەهات، بەڵام (نرام سین-نەرام سین) ئەوەی کۆتایی پێ هێنا، کاتی ڕێگای بەکاربەدەستانیدا کە پەرستگای (ئەگور-ئەکور-Ekur) بڕووخێنن و تاڵانی بکەن، کە گەورەترین و بەناوبانگترین پەرستگای خوداوەند (ئەنلیل) بووە.
لە ئەنجامی ئەم بێڕێزییە و بێحورمەتەیی (نرام سین-نەرام سین)، (خواوەند ئەنلیل) تووڕە بووە و هۆزی ناوچە چیاکانی (گۆتییەکان)ی بۆ ناردووە بۆ لەناوبردنی (ئەکەدییەکەن)، لە ئەنجامی ئەم تۆڵە سەندنەوە، شاری ئەکەد وێرانکرا و لەناوچوو کە تا ئێستاش شوێنەوارەکەی نەدۆزراوەتەوە، برسیەتی و نەبوونی و ناخۆشی ڕووی لە وڵات کردووە. ڕێگای بازرگانی و ئاودێری و هەڵدێر چووە، کە وڵات لەبارێکی زۆر ناهەمواردا بووە.
Comments
Post a Comment