سۆمەرییەکان دوو گرووپ پاشایان هەبووە، پاشایانی پێش لافاوەکە و دووای لافاوەکە:

سۆمەرییەکان دوو گرووپ پاشایان هەبووە، پاشایانی پێش لافاوەکە و دووای لافاوەکە:
ئایا کەشتیەکەی نۆح (د.خ) لەسەربێت، لەسەر چیای کوردستان لەنگەری گرت؟
ڕۆڵی گۆتییەکان لە مێژووی کۆنی کورددا:
شوێنی نیشتەجێبوونیان.
یەکێک لە پێکهاتەی ڕەگەزی کورد ((گۆتییەکان))ن، هەرچەندە بەڵگەی تەواو و دیار لەبەردەستان نییە بۆ سەلماندنی ڕاستی ڕەگەزی گۆتییەکان، ئایا ئەوان لە ڕەگەزی هیندۆئەورووپییەکانن یان ئاری؟ بەڵام دەکرێت بووترێت ئەوان زۆر زوو لە کوردستاندا ژیاون.
سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونیان، چەندەها بیروبۆچوون هەیە، وەک هەندێک ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی چیاکانی (زاگرۆس) بە شوێنی ڕەسەنی ئەوان دەزانن، یان لەو ناوچانەی، کە دەکەوێتە باشووری دەشتایەکانی شارەزوور تا ڕۆژهەڵاتی (زەهاو ئەزەربایجان).
یان لە ناوەڕاستی چیاکانی زاگرۆس، بە تایبەتی لە ناوچەی (هەمەدان) بێت،
دیارە گۆتییەکان گەل و هۆزێکی ئێگجار گەورە و فرە تیرە بوونە، بۆیە لە زۆر جێگا بینراون، هەر وەک مێژوونوس (محەممەد ئەمین زەکی) دەڵێت: (هەندێكیان لە خوارووی زێی بچووک، (ئارەبخا) و بەشێکی تر لە باشووری ئەوان بوونە، لەمە دەردەکەوێت کە (گۆتییەکان) دوو گرووپ بوونە: کۆمەڵێکیان لای سۆمەرییەکان بوونە، وەکوو دکتۆر (سپایزەر) دەڵێت: بە گوێرەی ناوە تایبەتییەکانی سۆمەری دەتوانرێت بگوترێت، "لە حکوومەتی هەرەکۆنی وڵاتی سۆمەر، ڕەگەزی (گوتی) هەبووە").
بەشێکی تر لە (گۆتییەکان) هاتوونەتە لای باکووری ڕۆژهەڵاتی سۆمەرییەکان، لای چیاکانی (پشتکیۆ) و دۆڵی (کەرخا) و (ئەلوەند) خۆیان گرتەوە، دوای پەیوەندییان لەگەڵ تیرەکانی تری ناوەوە پەیدا کردووە، لەوانەوە کۆمەک و یارمەتیان بۆ هاتووە و بەهێز بوونە.
بەڵام کورتەی هەموو بیروڕاکان لەلایەن (ئەر. کامپبیل تۆمسنەوە) وا داڕێژراوە، کەوا وڵاتی (گوتۆ) ئەو سەرزمینە چوارگۆشەیە دەگرێتەوە، کە دەکەوێتە نێوان زێی بچووک و ڕووباری دیجلە و هەڵەتەکانی سلێمانی و زێ دیالە.
دیارە خراپی و لاوازی ڕەوشیی ناوخۆی دەولەتی ئەکەدی، بەهەل دەزانن، کە لە ساڵی (دوو هەزار دووسەد و سی- تاوەکو دوو هەزار دووسەد و پەنجا و چواری-٢٢٣٠-٢٢٥٤ پێش زایین) دەتوانن گەورەترین ئیمپراتورییەت، کە ئیمپراتورییەتی (ئەکەدی) بووە لە ناوبەرن و بۆ ماوەی زیاتر لە سەد ساڵ دەسەڵاتداری (وادەی رافیدین مێزۆپۆتامیا یان، وڵاتی نێوان دوو ڕووبار) بگرنە دەست.
ناوی (گۆتییەکان):
لە مێژووی کۆندا ئاماژە بە ڕووداوێک دەکرێت، بە تایبەتی لە مێژوویی دۆڵی نێوان دوو زێ، ئەویش: ڕووداوی (لافاوە گەورەکەیە)، ئەو ڕووداوە زۆر گرنگی هەبووە، چونکە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی: (سۆمەری) و (بابلی) ئامادەگییەکی زۆری هەیە و لە ڕووی سیاسیشەوە، لە لیستی ناوی پاشاکان و شارەکانیان ئاماژەی پێکراوە، سۆمەرییەکان پاشاکانیان دابەش کردووە و ناویان لێناون بە پاشایانی پێش لافاو و دوای لافاو.
هەروەها ڕووداوی لافاو لە داستانەکان و چیرۆکەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە، بووەتە ڕووداوێکی ڕاستەقینەی مێژووی. مێژووەکەی بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی شارستانییەتی پێشکەوتووی هەزارەی سێیەمی (پێش زایین) و کۆتایی سەردەمی بەردینی کانزایی دەگەڕێتەوە.
لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بە لافاوێک کراوە، کە لە سەردەمی (نۆح) پێغەمبەر (سەلامی خوای لێبێ) ڕوویداوە، بە بابلی (ئوتو ناپشتم)ی پێدەڵێن.
قورئانی پیرۆز ئاماژە بە لەنگەرگرتنی کەشتیەکەی (نۆح) پێغەمبەر دەکات لەسەر (چیای جودی) "وَ استَوَتْ عَلَى الْجُودِي" کە (جودی) هەمان ناوی (گۆتییە)، کە هەتا سەردەمی ئیسلامیش لەبیر نەکراوە.
لە سەرچاوە کۆنەکاندا ناوی (گۆتییەکان) بە چەند شێوەی جیاواز هاتووە، وەک سۆمەرییەکان ناوی (Ku-Tu)یان بەو شوێنە وتووە کە دەکەوێتە باشووری ناوچەی (کردا)، و نیشانەی (URU)یان بۆ شار لە دوایی نیشانەی (Ki)یان داناوە، بەڵام (KUR) بۆ ناوچە چیاکانیان بەکار هێناوە, ناوەکە بووەتە (KU KAR.DAKI).
لە سەردەمی ئەکەدییەکان بە شێوەی (KU.TTU) گۆ کراوە، وڵاتەکەشیان بە ناوی (گوتیۆم) تۆمارکراوە. لە نووسراوەکان لۆگاڵ ئەنێ مۆندۆ) پاشای شاری (ئەداب)ی سۆمەریی، کە ئێستا بە (بیسمایا) ناسراوە و دەکەوێتە خوارووی عێراق لە دەوروبەری ڕووباری فورات.
ئەو پاشایە ناوی سەرزمینی بەربڵاو و بەرینی (گۆتۆ)ی لە پاڵ سەرزمینی (سوبارتۆ) و (ئیلام) دەهێنێت.
بەم جۆرە لە سەردەمی ئەکەدییەکان (گوت) ئەو ناوە بووە، کە بۆ دانیشتوانی چیاکانی باکوور و ڕۆژهەڵات، (کوردستان) بەکار هاتووە. (گورتو-gurtu) باسیان کردوون، فارسەکانیش لە ئاشوورەکانیان وەرگرتووە.
هەرچەندە جیاوازێکی کەم لە گۆکردنی وشەکە هەیە، بەڵام هەمان مەبەست دەگەینێ، ئەم جیاوازییەش بەپێی گۆکردنی دانیشوتانە جیاوازییەکانی دەورووبەری ناوچەکە بوو.

No comments:

Post a Comment