ڕۆژێک باوکێک و کوڕێک ملی ڕێگایان گرتەبەر بۆ سەفەرێکی دووروودرێژ، لە ڕێگا گەیشتنە بێستانێک و هەندێک شفتی-شووتیان لێکردەوە و خواردیان، بابەکە گوتی کوڕی خۆم پەلک و تۆی شووتیەکە فڕێمەدە، کوڕەکە گوتی نە بابەگیان پێویستمان پێنابێت و فڕەیان دەدەم، بابەکەش ئیدی کەل کەلی لەگەڵ کوڕەکەیدا نەکرد و گوتی باشە کوڕم تۆ پێش بکەوە و من بەدووات دەکەوم، کوڕ کە پێش کەوتبوو، لەڕێگا کە شووتیەکەی دەخوارد هەم پەلکەکەی هەمیش تۆیەکانی فڕە دەدایە سەر زەویەکە.
ئەوجا گەیشتنە بیابانێکی بێ ئاو و ئاوەدان، هەردووک تینوویەتی تینی بۆهێنابوون، هیچ کانی ئاوێکیان نەدەدیت، لەناکاو ئەسپ سوارێک هات و گەیشتە باوک و کوڕەکە، گوتی ئەڕێ ئەسپەکەم زۆر برسییەتی ئایا ئێوە شتێکتان هەیە کە ئەسپەکەمی پێ تێر بکەم؟
کوڕەکە گوتی نا هیچمان نییە، بەڵام بابەکە گوتی نا کوڕی خۆم ئێمە خواردنمان هەیە بۆ ئەسپی ئەم بەڕێزە، گوتی چۆن؟
گوتی بەبیرت دێت کاتێک هەردووکمان شووتیمان دەخوارد گوتم کوڕی خۆم پەلک و ناوکی شووتیەکە فڕێ مەدە سەر زەوی، من پەلکەکانم فڕە نەدا و لە کیسەیەکم کرد، پەلک و ناوکی شووتیە فڕێدراوەکەی تۆشم کۆکردەوە کاتێک تۆ لە پێشەوە دەڕۆیشتی، بۆیە ئێمە ئێستا دەتوانین ئەسپی ئەم بەڕێزە تێربکەین و خاوەنی ئەسپەکەش ئاوی خواردنمان بۆ دابین بکات، بۆیە کوڕەکە بیری کردەوە لە حیکمەت و دانایی بابەکە و پەیمانیدا کە جارێکی دیکە بەقەولی بابی بکات و پەند لەم بەسەرهاتە وەربگرێت.
بۆیە لە کۆتایا چ بچێنی ئەوەی دەدووریتەوە.
Comments
Post a Comment