دانیاڵ پێغەمبەر: دەم لەخەودا، کلیلی کارەکان و کۆتایی ئەو کەسەیە و هەرشتێک لە دەمەوە بێتە دەرەوە، لێکدانەوەکەی بەپێی ئەو قسەیە کە دەیکات. ئەگەر قسەکە چاک بوو یان خراپ، ئەوا هەرچییەک لەدەمەوە دەردەچێت، نیشانەی ڕزق و ڕۆزییە و هەرچییەکی وەکوو خواردن بچێتەوە ناو دەمەوە، نیشانەی خاوێنی ئیمانەکەیەتتی.
ئەگەر بینی شتێکی ناخۆش لە دەمیدا بوو کە بە زەحمەت و دژواری بۆی دەخورا، نیشانەی ڕەنج و سەختی بژێوی ژیان و گوزەرانە.
بەڵام، ئەگەر ئەوەی لە دەمیدا بوو، شیرین بوو و بەئاسانی بە گەروویدا دەچووە خوارەوە، نیشانەی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانییە.
ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر بینی دەمی توند داخراوە، واتە دەمرێت، یان نەخۆش دەکەوێت، یانیش کاتی مردنی نزیک بووەتەوە.
ئەگەر بینی دەمی کراوەتەوە بەجۆرێک کە خواردنی زۆری دەگرت، واتە بەو ئەندازەیە رزق و ڕۆزی دەست دەکەوێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر کەسێک لەخەویدا دەمی بەشێوەیەکی جوان بینی، واتە قسەی جوان دەبیستێت.
ئەگەر دەمی خۆی بەخواری، یان بە سست و ناشیرین بینی، واتە قسەی خراپ و ناشیرین دەبیستێت، کە بۆ هیچ شتێک بەکار نایەت.
ئەگەر کەسێک دیتی گۆشتی دەم و پلی کەوتە خوارەوە، واتە زیانی پێدەگات.
ئەگەر بینی خوێن لە دەمیەوە دەهات، واتە گفتوگۆی شەڕەنگێزی لە کەسێکەوە دەبیستێت. ئەگەر دیتی بەو خوێنە، شەرواڵەکەی پیس بوو، واتە ژنان دەبنە داوەر و نێوانگیری لەو نێوەندەدا.
ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: ئەگەر بینی کرم و جڕوجانەوەر لە دەمیەوە هاتە دەرەوە، واتە یەکێ، لە خزمەکانی لێ جیا دەبێتەوە، ئیتر بە مەرگ بێ یان بە زیندووی.
ئەگەر بینی شتی پیس لە دەمیەوە هاتە دەرەوە، واتە ئەو کارانەی کە بۆ خەڵکی دەکات، بەهۆی منەتکردنەوە بەتاڵ دەبێتەوە.
ئەگەر بینی بۆنی خۆش لە دەمیەوە دەهات، واتە خەڵکی پەسنی چاکەکەی دەدەن.
ئەگەر بینی بۆنی ناخۆشی دەهات، لێکدانەوەی بەپێچەوانەوەیە.
ئەگەر بینی مرواری لە دەمیەوە دەهاتە دەرەوە و خەڵکان دەیانگرتەوە و خۆی هیچی نەگرتەوە، واتە خەڵک سوود لە زانستەکەی وەردەگرن و خۆیشی هیچ قازانجێکی لێ نابینێت.
ئەگەر بینی شتی پیسی لە دەمیەوە فڕێ دەدا و خەڵکیش هەڵدەهاتن، واتە ئەو کەسە شاعیرە-هەڵبەستوان و جنێو بەخەڵک دەدات.
ئەگەر بینی کەسێک مۆری لە دەمی ئەو دا و نەیزانی ئەو کەسە کێیە، واتە لەنێو خەڵکدا ڕسوا دەبێت.
ئەگەر کەسێک بینی شتێک لە دەمیەوە هاتە دەرەوە، واتە دەبێتە قسەکەری ناو کۆڕ و کۆبوونەوەکان.
ئەگەر دیتی شتێکی باشی خستە دەمیەوە، واتە ڕزق و ڕۆزی حەڵاڵی دەست دەکەوێت.
ئەگەر دیتی شتی پیسی خستە دەمیەوە، رزق و ڕۆزی حەرامی دەست دەکەوێت.
ئەگەر بینی تووشی دەم ئێشە دەبێت، وەک ئەوەی باو بێت، واتە شکایەت و گازندە لە کەسێک دەکات.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی دەم لەخەودا، حەوت واتای هەیە.
یەکەم: ماڵ و خانوو. دووەم: خەزێنە. سێیەم کرانەوەی کارەکان. چوارەم: سەروەت و سامان. پێنجەم: خواست و ئاوات و هیوا. شەشەم: وەزیر و شالیار. حەوتەم: دەرگاوان و پاسەوان.
Comments
Post a Comment