خەوننامەی کوردی، بەشی دال؛ دەرگا-درگا-دریا-دەروازە:

خەوننامەی کوردی، بەشی دال؛ دەرگا-درگا-دریا-دەروازە:
دانیال پێغەمبەر دەفەرمی: دەرگا لەخەودا، ژنە. ئەگەر بینی دەرگاکان بە ڕوویدا دەکرانەوە کە دەناسرانەوە، واتە دەرگای ڕزق و ڕۆزی و ماڵی دونیا بە روویدا دەکرێتەوە.
ئەگەر بینی ئەو دەرگایانەی کە کرابوونەوە، لەسەر ڕیگا بوون، واتە ئەو سەروەت و سامانەی کە هەیەتی، زۆر زوو خەرجی دەکات بەسەر بەرژەوەندی گشتی و تایبەتیدا.
ئەگەر بینی دەرگای کۆشکی بە ڕوودا کرایەوە، واتە ئەو سامانەی دەستی دەکەوێت، بەهۆی پاشاوەیە و بەسەر خزمەکانی خۆیدا خەرجی دەکات.
ئەگەر دەرگای کۆشکەکەی شکا، یان کەوت و یانش لەناو چوو، نیشانەی بەڵا و ئازارێکی گەورەیە کە تووشی دەبێت.
ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر دیتی کۆشکی کەسێک شکا و بردیان و نەیزانی بۆ کوێیان برد، واتە خاوەن ماڵ تووشی ئازار و مەینەتی و بەڵا دەبێت.
ئەگەر دەرگای کۆشکەکەی لە شوێنی خۆی لەناو چوو، واتە گوزەرانی لە باشیەوە بۆ خراپی دەگۆڕێت، بەهۆی خەڵک و خزمانیەوە.
ئەگەر دەرگای خانووەکەی تەپیبوو، یان هەڵگیرابوو، واتە خەڵکی ئەو ماڵە تووشی بەڵا دەبن.
ئەگەر لەناو کۆشکەکەیدا، دەرگایەکی بچووکی لێبوو، واتە دەرد و بەڵایەک تووشی خزمانی دەبێت.
ئەگەر دەرگای کۆشکەکەی گەورە و پتەو بوو، نیشانەی چاکەی خەڵک و خزمانیەتی.
ئەگەر دەرگای کۆشک و سەراکەی ئەوەندە گەورە بوو کە هیچ دەرگایەک ئەوەندە گەورە نەبوو، ئەوا خێڵێک بەبێ فەرمانی ئەو، دەچنە ناو کۆشکەکەیەوە، ئەویش لەکاتی ناکۆکی یان لەکاتی بەڵادا.
ئەگەر تەقەی لەدەرگای کۆشکی کەسێک دەدا، ئەگەر وەڵام درایەوە، واتە نزاکانی گیرا دەبن، داوای خەزێنەیەک دەکات و پەیدای دەکات.
ئەگەر بینی هەر ئەڵقەی دەرگاکەی لەراندەوە و خێرا دەرگای کۆشکەکەیان کردەوە، ئەڵبەت خودا نزاکانی قبوڵ دەکات و گیرای دەکات و بەسەر دوژمندا زاڵ دەبێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی دەرگای خانووەکەی، دوو ئەڵقەی پێوە بوو، یان دڕندەکان لەبەر دەرگاکەی بوون، واتە ژنان ئەویان خۆش دەوێت.
ئەگەر دیتی دەرگای ئاسمانی بۆ کرایەوە، واتە دەرگای خێر و خۆشی بۆ خەڵکی ئەو دەڤەرە دەکرێتەوە.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی دەرگا لەخەودا، سێ واتای هەیە.
یەکەم: خاوەن کۆشک و خانوو. دووەم: ژن. سێیەم: خادەم و خزمەتکار. هەروەها ئەگەر دەروازەی شاری لەخەودا بینی، نیشانەی خواست و دەرگاوانی پاشا و پیاوێکی گەورەیە.

Comments