خەوننامەی کوردی بەشی حە؛ حەوز-ئەستێرک:

ئیبن سیرین دەڵێ: حەوز لەخەودا، زانست و زانیارییە.
ئەگەر بینی بە ئاوی حەوز خۆی شوشت، سەرکەوتوو دەبێت و دەست لە گوناه و تاوان هەڵدەگرێت.
ئەگەر هەموو گیانی نوقمی ئاوی حەوزەکە کرد و ئاوەکەی پیخۆش بوو، واتە تەمەنی خۆی بە سەلامەتی و لەش ساغی دەگوزەرێنێت و پارە و سامانیشی زۆر دەبن و ئەگەر ئەهلی زانستە، زانیارییەکانی زیاتر دەبن.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی لەش و جلوبەرگی خۆی لە حەوزدا دەشوشت، واتە ئەندامانی خێزانەکەی تەوبە دەکەن، وە دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا و ڕێگای ئیمان و ڕەوشت پاکی دەدۆزنەوە.
ئەگەر بینی جلی خۆی لەناو حەوزدا شوشت و چڵکی جلەکەی لە ژێر ئاودا بەدیار کەوت، واتە کار بە زانست و زانیاری ناکات و لەنێوان خەڵکیدا بەخراپەکار ناوبانگ دەردەکات.
ئەگەر دیتی سەوزەی لەناو حەوزەکە دانابوو، واتە سوود لە زانیارییەکەی خۆی وەردەگرێت و خەڵکیش سوود لە زانستەکەی وەردەگرن، بەتایبەت ئەگەر حەوزەکە هی ئەوبوو.
ئەگەر دیتی حەزەکە موڵکی ئەو نەبوو و بەڵکوو هی موسڵمانان بوو، ئەوا زیادی و کەموکورتتییەکانی حەوزەکە، بۆ زاناکانی ئەو دەڤەرە، یانیش بۆ فەرمانڕەوای ئەو شارە دەگەڕێتەوە.
ئەگەر بینی ئاوی حەوزەکە لێڵ و ناڕوون بوو، نیشانەی خەم و مەینەتییە.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر لە ئاوی حەوزی خواردەوە، پارە و سامانی لەلایەن پیاوێکی دەوڵەمەندەوە دەست دەکەوێت بەقەدەر گەورەیی حەوزەکە و ئەنجامی کارەکەشی باشە.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی حەوز لەخەودا، چوار واتای هەیە.
یەکەم: سوود و قازانج. دووەم: پیاوێکی دەوڵەمەند. سێیەم: کۆ کردنەوەی پارە و سامان. چوارەم: زانایەکە کە لێوەی فێری زانست و زانیاری دەبێت و سوود لێوەردەگرێت.

تعليقات