خەوننامەی کوردی بەشی چە؛ چرا-گڵۆپ:

 خەوننامەی کوردی بەشی چە؛ چرا-گڵۆپ:


ئیبن سیرین دەڵێ: چرا لەخەودا ژنە، هەندێ لە لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: خزمەتکاری ماڵە و فتیلە و چرا کارگوزارە.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر دیتی چرادانەکە ئاسنین بوو، ئەوە نیشانەی خزمەتکاری ترە.
ئەگەر قوڕین و سواڵەتی بوو، واتە خزمەتکارەکە لە بنەڕەتدا موسڵمانە و بڕوادار و دەست پاکە.
ئەگەر دیتی چراکە، لە دەستی کەوتە خوارەوە و شکا، واتە ژنەکەی یان خزمەتکارەکەی دەمرێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: چرا لەخەودا، خادەمی ماڵە و شیکارەکانی خەو دەڵێن: کەیوانوو-کەیبانووی ماڵە.
ئەگەر خەوی دیت کە لە ماڵەکەیدا چرایەکی پاک و ڕوونی لێیە، واتە کەیبانووی ماڵەکە، ئافرەتێکی چاک و سرووشت پاکە.
ئەگەر بینی چراکە لە تاریکیدا دەسووتا، واتای ڕەنج و کۆششی کەیبانووی ماڵ، یان خادەم یان ژن دەگەینێت.
ئەگەر بینی چراکە بەرەو کزی دەچێت و دەکوژێتەوە، واتە کەیبانووی ماڵەکە دەمرێت.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی بە ئاگردانێک چراکەی داگیرساند، ئەوا ئەگەر ژنی هەبوو، واتە منداڵی دەبێت.
ئەگەر غەریب و بێکەس بوو، ئەوا ژن دێنێت، یانیش کەنیزەک دەکڕێت.
ئەگەریش کەسێکی لە گەشتدایە، ئەوا بە سەلامەتی دەگەڕێتەوە.
ئەگەر بینی چرای زۆر لە شارەکەدا هەیە، واتە فەرمانڕەوای ئەو هەرێمە، دادپەروەرە و قازیش بە ویژدانە و خەڵکی شارەکەش کار و کاسبی و چالاکییان زۆرە.
ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: ئەگەر دیتی چرای زۆری بەدەستەوە بوو، واتە منداڵێکی دەبێت کە دەسەڵات و شکۆ پەیدا دەکات.
ئەگەر بینەری خەوەکە داوێن پیس بوو، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ لای خودای پەروەردگار و تەوبە دەکات.
ئەگەریش بێ بڕوا بوو و شەریکی بۆ خودا قەرار دەدا، ئەوا هیدایت دەدرێت.
ئەگەر موسڵمانیش بوو، ئەوا بەردەوام دەبێ لەسەر خودا پەرستی.
ئەگەر دیتی چراکە کوژایەوە، واتە منداڵەکەی دەمرێت یانیش دەسەڵات و شکۆکەی کەموکورتی تێدەکەوێت.
ئەگەر دیتی چرای هەڵکراوی بە هەردوو دەستیەوە گرتبوو، واتە بە ئاواتی دین و دونیای دەگات.
ئەگەر بینی چرا دەستیەکەی دوو کون و دوو فتیلەی بڵێسەداری هەبوو، واتە دوو منداڵی ساڵح و باشیان دەبێت، کە بە یەک سک دێنە دونیاوە.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی چرا لە خەودا، چواردە واتای هەیە.
یەکەم: پاشا. دووەم: قازی و دادوەر. سێیەم: منداڵ. چوارەم: هاوسەرگیری. پێنجەم: دەسەڵات. شەشەم: کۆشک و خانوو. حەوتەم: گەورەیی. هەشتەم: خۆشی و شادی. نۆیەم: زانست. دەیەم: دوڵەمەندی. یازدەیەم: ژیانی خۆش. دووازدەیەم: کەنیزەک. سێزدەیەم: سوود و قازانج. چواردەیەم: ئەوەی دیبینێ رێک وایە.

تعليقات