خەوننامەی کوردی بەشی چە؛ چاو:


ئیبن سیرین دەڵێ: بینینی چاو لە خەودا بۆ پیاو، بیناییە کە ڕێگای هیدایەتی پێ دەدۆزێتەوە.
چاوی سەوز، لادانە لە دین و چاوی شەهلایی، منداڵە و هەردوو چاوەکەش نیشانەی دوو منداڵە.
ئەگەر بینی چاوەکانی نابینا بوون، واتە لەسەر ڕێگای گومڕاییە و یانیش منداڵەکەی دەمرێت.
ئەگەر بینی چاوێکی کوێر بوو، واتە نیوەی ئیمانەکەی ڕۆیشتووە، یان گوناهێکی گەورەی ئەنجام داوە و بەڵایەک بەسەر قاچێکی یان دەستێکی یان بەسەر ئەندامێکی تری لەشی دێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر کل و سووورمەی بە چاوەکانیدا هێنا، واتە نیشانەی چاکی و باشی کارەکەیەتی.
ئەگەر مەبەستی لە کل و سوورمەکە بۆ جوانکاری و خۆڕازاندنەوە بوو، واتە بەدەست پاک و ئیماندار خۆی نیشانی خەڵکی دەدات، تاکوو خۆشەویست بێت لەلایان.
ئەگەر بینی کەسێک کل و سوورمەی پێدا تا بەچاوەکانیدا بێنێ، بەو ئەندازەیە پارە و سامانی دەست دەکەوێت.
ئەگەر دیتی ڕووناکی چاوەکانی لاواز بوون، ئەوا بە ڕواڵەت و لە ناخیشەوە دووڕووە.
ئەگەر بینی لەسەر جەستەی، چاوی زۆری پێوە بوو و هەموو شتێکی بە جوان ئەهاتە بەرچاوانی، نیشانەی زیادبوونی بیروباوەڕە ڕەواکەیەتی بە ئایین و زیادبوونی بەجێهێنانی فەرز و سوننەتەکانی شەرعە.
ئەگەر کەسێک دیتی کەسێکی تر چاوەکانی هەڵکۆڵین، ئەوا ئەو شتانەی کە چاوەکانی پێ دەگەیشتەوە، وەکوو ژن و منداڵ و کۆشک و خانوو و باخەکەی، لەبەرچاوی ون دەبن بەجۆرێک کە ئیتر جارێکی تر نایانبینێتەوە.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر کچێک دیتی چاوەکانی ئاسینیە، واتە پەردەکەی دەدڕێت.
ئەگەر بینی هەردوو چاوەکانی ئاوسابوون، بەجورێک کە نەیدەتوانی چاوەکانی هەڵبێنێت، واتە لەگەڵ پیاوێکی سەرپێچکاردا دەکەوێتە گفتوگۆ.
ئەگەر بینی ڕووناکی چاوەکانی لاواز بوون، واتە لە دین و شەرعدا بێبەش دەبێت.
ئەگەر بینی یەک چاوی هەیە، واتە قسەی ناڕەوای لەدژ دەکرێت.
ئەگەر بینی چاوەکانی ڕووناک بوون و خەڵک وایاندەزانی کوێر بووە، یان تووشی شەوکوێری بووە، واتە لە دینەکەیدا باشترە، لە چاو ئەوەی کە بەڕووکەش دەبینرێت.
ئەگەر بینی چاوی کەسێک ڕەشە و دوواتر بە سەوز هەڵگەڕا، نیشانەی خراپی و هەڵگەڕانەوەی دۆخی گوزەرانی ئەو کەسەیە.
ئەگەر دیتی هەردوو چاوی ڕەش هەڵگەڕان، بەجۆرێک کە سپێتی تێدا نەما، واتە دەبێتە کەسێکی خۆبەزلزان.
ئەگەر بینی چاوێک لە چاوەکانی تووشی دەرد و ئافەتێک بوو، واتە منداڵەکانی قڕیان تێدەکەوێت.
ئەگەر دیتی کەسێک دەستی درێژ کرد و چاوێکی ئەوی هەڵکۆڵی، واتە منداڵەکەی لەبار دەبات.
ئەگەر بینی کەسێک چاوەکانی بەستن، یان بەدەست، بەری چاوەکانی گرت، واتە زیانێک بە منداڵەکەی دەگەینێت، یان پارە و سامانەکەی دەڕوات، یانیش تاوانێک ئەنجام دەدات.
ئەگەر بینی خوێن لە چاوەکانی دەهات، واتە منداڵەکەی تووشی خەمێکی دەکات، یانیش ماڵ و سامانەکەی کەموکورتی تێدەکەوێت.
ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵی: ئەگەر بینی چاوەکانی بوونە گوێ و گوێیەکانیشی بوون بە چاو، واتە ژنێک دێنێت کە کچێکی هەیە و لەگەڵ هەردووکیان، کچ و دایکەکە جووت دەبێت.
ئەگەر بینی چاوەکانی لەسەر دەستەکانیدان، واتە سەروەت و سامانی دەست دەکەوێ.
ئەگەر بینی سپیایەک لە چاوەکانیدا بوون، ئەوا تووشی خەم و مەینەتی دەبێ.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: چاو لەخەودا، حەوت واتای هەیە.
یەکەم: ڕۆشنایی. دووەم: ئیمانی ڕاست و ڕزگاری. سێیەم: ئیسلام. چوارەم: منداڵ. پێنجەم: ماڵ و سامان. شەشەم: زانست. حەوتەم: زیادی لە دین و ماڵ و ساماندا.

تعليقات