خەوننامەی کوردی بەشی چە؛ چاڵ-بیر:

 خەوننامەی کوردی بەشی چە؛ چاڵ-بیر:


ئیبن سیرین دەڵێ: چاڵ لە بنەڕەتدا واتای ژن دەگەینێت.
ئەگەر دیتی لە شوێنێک بیر لێدەدەن واتە ژن دەهێنێت.
ئەگەر بینی بۆ هەڵکەندنی بیر، کەسێک سوپاسی کرد، واتە کەسێک دبێتە نێوانگیری ئەو، لەگەڵ ئەو ژنەی کە دەیخوازێت و دەیەوێ بە فروفێڵ ئەو ئافرەتە بکاتە ژنی ئەو پیاوە، چونکە هەڵکەندنی بیر فێڵ و تەڵەکەیە.
ئاوی بیر لەخەودا، پارە و سامانی ژنە.
ئەگەر کەسێک بینی لە چاڵێک یان لە بیرێک ئاوی دەخواردەوە، واتە ماڵی ژنەکەی دەخوات.
ئەگەر لە چاڵێک ئاوی خواردەوە کە بە خشت و کەرپووچی سوورەوەکراو هەڵچێنرابوو، نیشانەی پارە و سامانی ژنە.
ئەگەر کەسێک بینی بیری هەڵکەند و ئاوی لێ هەڵنەدەقوڵا، واتە ژنێکی هەژار و دەست کورت دەخوازێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر کەسێک دیتی ئاوی بیری خواردەوە و تامی ناخۆش بوو، واتە بە زۆر پارە و سامان لە ژنەکەی دەستێنێت.
ئەگەر بینی ئاوی بیری خواردەوە و ئاوەکە گەرم بوو، ئەوا بەهۆی ماڵ و سامانی ژنەوە، تووشی مەینەتی و ئازار دەبێت و بە گوتەی هەندێک لە لێکدەرەوانی خەو: نەخۆش دەکەوێت.
ئەگەر دیتی ئاوی بیر فێنک و خۆش بوو، واتە لە ژنەکەی خێر و قازانجی دەست دەکەوێت.
ئەگەر دیتی ئاوی چاڵەکە زۆر بوو، واتە ژنەکەی جوامێر و دەستکراوە دەبێت.
ئەگەر بینی ئاوی بیرەکە کەم بوو، واتە ژنەکەی پەست و سووک و چرووک و نەزان دەبێت.
ئەگەر بینی بیری هەڵکەند و زوو ئاوی لێ هاتەوە دەرەوە، واتە ژنەکەی نەخۆش دەکەوێت و پارە و سامانەکەی لەو نەخۆشییەدا خەرج دەکات.
ئەگەر ئاوی ڕەش یان بۆر و کەوە لە چاڵەکە هاتەوە دەرەوە، واتە تووشی خەم و مەینەتی دەبێت.
ئەگەر دیتی ئاوی سپی لە بیرەکە هاتەوە دەرەوە، واتە میراتی دەست دەکەوێت.
ئەگەر بینی ئاوی بیرەکە ڕۆچوو بە ناخی زەویدا و وشکی کرد، واتە ژنەکەی دەمرێت و پارە و سامانەکەی لەناو دەچێت.
ئەگەر بینیشی بیرەکە کوێر بوویەوە و ڕۆچوو بەناخی زەویدا، دیسان واتای مردنی ژنە.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر کەسێک دیتی دۆڵچەی خستە ناو ئاوەکەوە، تاکوو ئاو لێ هەڵگۆزێت و دۆڵچەکە کەوتە ناو بیرکەوە و پەتەکەی پچڕا، واتە منداڵێکی ناتەواوی (نوقسان)ی دەبێت.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی ئاوی لەبیردا هەڵدەگۆزی، واتە بە فروفێڵ پارە و سامان کۆ دەکاتەوە، بەتایبەت ئەگەر خۆی بیرەکەی هەڵکەندبێ.
ئەگەر بینی بە دۆڵچە ئاوی لە بیر هەڵگۆزی و لە ناو شتێکی تری دەکرد، واتە پارە و سامانەکەی خۆی بە باشی هەڵدەگرێت.
ئەگەر بینی ئەو ئاوەی کە هەڵی گۆزی، ڕژاندیە سەر زەوی، واتە پارە و سامانەکەی لە ڕێگای خێردا خەرج دەکات.
ئەگەر کەوتە ناو چاڵەکەوە، واتە دەکەوێتە ناو فێڵ و تەڵەوە.
ئەگەر بینی باخی ئاو دەدا، کە دەستی کەوتووە، ژن دێنێت، یانیش کەنیزەک دەکڕێت.
ئەگەر بینی لەناو باخەکەدا میوە هەبوو، واتە منداڵیان دەبێت و هەندێک دەڵێن: ئەگەر بینی باخی ئاو دەدا، واتە لەگەڵ ژنەکەی خۆی جووت دەبێ.
ئەگەر دیتی چاڵەکە ئاوی تێ هات و ئاوی لەبەر دەڕۆشت، واتە ژنێکی دەوڵەمەند دەخوازێت و بەهۆی ئەو ژنەوە، ماڵ و سامان و ڕزق و ڕۆزی دەست دەکەوێت.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی چاڵ یان بیر لەخەودا، شەش واتای هەیە.
یەکەم: ژن. دووەم: کەنیزەک: سێیەم: زانایی. چوارەم: دەوڵەمەندی. پێنجەم: فێڵ. شەشەم: تەڵەکەبازی. هەروەها پیاوی بیرکەن لەخەودا، فێڵ و تەڵەکەیە.

تعليقات