خەوننامەی کوردی، بەشی تە؛ تاج:

 خەوننامەی کوردی، بەشی تە؛ تاج:

ئیبن سیرین دەڵێ: بینینی تاج لە خەودا، بۆ فەرمانڕەوا نیشانەی موڵک و دەسەڵاتە و بۆ ژنان نیشانەی مێردە و بۆ خەڵکی ئاسایی و سادە نیشانەی گوزەرانی باشە.
ئەگەر بینی تاجی زێڕ و گەوهەری لەسەر بوو، واتە ڕێزێکی زۆر و پلە و پایەیەکی گەورە پەیدا دەکات، بەڵام لە بیروباوەڕی ئایینی و رێگەی شەرعدا لاوازە.
ئەگەر ئافرەتێک ئەم خەوەی بینی، واتە شوو بە پیاوێک دەکات کە خاوەنی ڕێز و پێگەیە لە کاری دونیادا.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر دیتی تاجیان لەسەر نا، واتە حاکم خۆشحاڵی دەکات.
ئەگەر بینی فەرمانڕەوا تاجی پێدا و ئەویش نایە سەر خۆی، واتە ژنێکی دەم لووس و ڕووخۆش دەخوازێت و پێ دڵخۆش دەبێت.
ئەگەر بینی تاج لەسەری کەوتە خوارەوە و شکا، واتە ژنەکەی دەمرێت، یان لێ جودا دەبێتەوە.
ئەگەر بینی تاجیان لەسەر داگرت، ژنەکەی لێی جیا دەبێتەوە، یان کەسێک لە ماڵەکەیدا دەمرێت و لە دونیا دەردەچێت.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: ئەگەر ئافرەتێک بینی تاجی لەسەرە، ئەگەر مێردی نەبوو، ئەوا مێرد دەکات، ئەگەر مێردی هەبوو، لە ژنانی تر مەزنتر دەبێت.
ئەگەر ئافرەتێک بینی تاجیان لەسەری داگرت، واتە مێردەکەی ژنێک دێنێت، یانیش لە مێردەکەی جودا دەبێتەوە.
ئەگەر بینی تاجی ڕازێنراوە بە گەوهەری لەسەر حاکم نا، واتە لە حاکمەوە نزیکە و پلە و پایە و ڕێزی حاکمی دەست دەکەوێت.

تعليقات