ئاگاداری کاریگەری سەرما بین لەسەر تەندروستی دڵ:

ئاگاداری کاریگەری سەرما بین لەسەر تەندروستی دڵ:
هۆکاری ئەمەش زیادبوونی چڕیی خوێنە بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی هەواوە.
بۆیە ئەو کەسانەی پێشینەی کێشەی دڵیان هەیە، پێویستە زیاتر وریا بن لەم بارودۆخانەدا. جگە لەوەش ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێنیان هەیە لە وەرزی سەرمادا، پێویستیان بە چاودێری و وریایی زیاترە.
جگە لە بەفر و سەرما، وەرزی زستان بەزۆری میوانی بێ بانگهێشتکراو لەگەڵ خۆی دەهێنێت وەک: ئەنفلۆنزا و تا و کۆکە، بەڵام ئەم کێشانە تاکە ناڕەحەتی باوی وەرزی سەرما نین، بەڵکوو یەکێکی تر لە کاریگەرییە باو و نالەبارەکان کەشوهەوای ساردە لەسەر تەندروستی جەستە و ڕوودانی ناڕەحەتییەکان. ئەوجا کەسانی بەتەمەن و نەخۆش پێویستە زۆر زیاتر ئاگاداری تەندروستی خۆیان بن لە وەرزی زستاندا.
پزیشکان هەمیشە بیریان دەخەنەوە کە ئەم گۆڕانکاریانەی کەشوهەوا ئەگەری تووشبوون بە کێشەکانی دڵ و کێشەی جددی دیکە بۆ تەندروستی مرۆڤ زیاد دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیندیا ئێکسپرێس، دکتۆر ڤیکاس ئەهلووالیا، پسپۆڕی پزیشکی ناوخۆیی لە نەخۆشخانەی ماکس سوپەر لە هیندستان، ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی پێشینەی کێشەی دڵیان هەیە، پێویستیان بە چاودێری زیاترە لە وەرزی زستاندا.
دەشڵێت: لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، دەبینین حاڵەتەکانی جەڵتەی دڵ و نەخۆشی تری پەیوەندیدار بە خوێنبەرەکانی تاجی، زیاتر زیاد دەبن و ئەم ئەزموونە هەموو ساڵێک لە وەرزی سەرمادا دووبارە دەبێتەوە. هۆکاری ئەمەش زیادبوونی چڕیی خوێنە بەهۆی دابەزینی پلەی گەرمی هەواوە. بۆیە ئەو کەسانەی پێشینەی کێشەی دڵیان هەیە، پێویستە زیاتر وریا بن لەم بارودۆخانەدا. جگە لەوەش ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێنیان هەیە لە وەرزی سەرمادا پێویستیان بە چاودێری و وریایی زیاترە.
د.ئەهلووالیا جەخت لەوە دەکاتەوە: ئەو کەسانەی کە پەستانی خوێنیان بەرزە و توشبووانی دڵ و شەکرەن، پێویستە لەم کاتەی ساڵدا زیاتر لە جاران پەستانی خوێنیان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا ڕابگرن. هەروەها لە کاتێکدا مەیلی خواردنی خۆراکی کالۆری و شیرین لە سەرمادا زیاد دەکات، پێویستە ئەم کەسانە وریا بن و خۆیان لە گۆڕانکاری نەشیاو لە خۆراکە ناتەندروستەکان بەدوور بگرن. جگە لەوەش پێویستە نەخۆشانی دڵ، خۆیان لە وەرزشکردنی بەیانیانی زوو بەدوور بگرن، چونکە بەزۆری کەش و هەوا لەم کاتەی ڕۆژدا زۆر ساردترە. لەم وەرزەی ساڵدا ئەو کەسانەی پێشینەی کێشەی هەناسەدان و تەنگەنەفەسییان هەیە، کێشەی زیاتریان دەبێت.
هەروەها لە وەرزی زستاندا نەخۆشانی تەنگەنەفەسی زیاتر تووشی هێرشی تەنگەنەفەسی دەبن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دکتۆر چاوهان ئامۆژگاری ئەم نەخۆشانە و ئەو کەسانەی دیکە دەکات کە ڕووبەڕووی کێشەی لاوازی و بێ توانایی سیستەمی بەرگری لەش دەبنەوە، وەک نەخۆشانی شێرپەنجە، دڵنیابن لە دەرزی ڤاکسینی ئەنفلۆنزای وەرزی ساڵانە و بە دەرزی هەوکردنی سییەکان هەر پێنج ساڵ جارێک.
هاوکات ئەو پسپۆڕانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەرچەندە ئارەزووی خواردنی ئاو و شلەمەنی کەم دەبێتەوە لەگەڵ ساردبوونەوەی کەش و هەوادا، لەڕاستیدا زۆر گرنگە لە سەرمادا بڕێکی پێویست شلەمەنی بخورێت چونکە ئەگەر ئاوی پێویست لە جەستەدا هەبێت، ئەوا هەموو ئەو ناڕەحەتی و کێشانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.
کەمکردنەوەی خواردنەوەی شلە لە وەرزی زستاندا ئەگەری تووشبوون بە تای ڤایرۆسی و هەڵامەت زیاد دەکات و لە کۆتاییدا پێشنیار دەکرێت، کە کەسانی بەساڵاچوو و دووگیان و منداڵ و تووشبووانی شەکرە، پێویستیان بە چاودێری و گرنگی پێدانی زیاترە لە کەسانی تر لە وەرزی سەرمای زستاندا.

تعليقات