بیرمەندێكی عەرەب: كوردستان زیاتر دەگەشێتەوە و عێراقیش كاولتر دەبێت

بیرمەندێكی عەرەب: كوردستان زیاتر دەگەشێتەوە و عێراقیش كاولتر دەبێت

ئەمڕۆ یەكشەممە توێژەر و بیرمەندێكی عێراقی لەبارەی قۆناخی داهاتووی عێراقەوە نووسیویەتی هەرێمی كوردستان بەرەو گەشانەوەی زیاتر دەچێت و عێراقیش كاولتر دەبێت.
غالب شابەندەر توێژەری سیاسی و بیرمەندی ناسراوی عێراق لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك گەشبینی خۆی لە بەرانبەر دۆخی هەرێمی كوردستان لە قۆناخی داهاتوودا دەربڕیوە، ڕەشبینیشی خۆیشی لەبارەی دۆخی داهاتووی عێراق نووسیوەتەوە.
شابەندەر نووسیویەتی “لەمەودوا كوردستان زیاتر دەگەشێتەوە، نەینەواش سەركەوتنەكانی خۆی دەگێڕێتەوە، بەڵام پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زیاتر لێوانلێوی خورافات دەكرێن، چەكی زیاتر دەكڕن، مادەی هۆشبەی زێتر دێنن”.
ئەم لێدوانەی ئەمڕۆی شابەندەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقی تەنیوە و بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی عێراق پشتگیری لە بۆچوونەكەی دەكەن و پشتڕاستیان كردووەتەوە.
غالب شابەندەر پێشتر سەركردەیەكی حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراقی بوو، بەڵام دواتر لەبەر جیاوازی بیروڕا و ئاستی خراپی حكوومەتەكانی ئەم حزبە لە دوای ٢٠٠٣وە لە عێراق، لە حزبەكە كشایەوە. ئێستە شابەندەر وەكو توێژەر و بیرمەندێكی سیاسیی سەربەخۆ كار دەكات.

Comments