بوو بە شەڕی گورکەکان

شاناز برایم کەیسی كوژرانی کاوە گەرمیانی دێنێتەوە رۆژەڤ.
دوای ئەوەی مەحموود سەنگاوی بەتوندی هێرشی كردە سەر شاناز برایم خوشكی هێرۆ برایم بەهۆی سوكایەتیكردنی شاناز برایم بەپێشمەرگەكانی یەكێتی و لێكچواندنی بە(مەیموون)، ئەمڕۆ شاناو برایم وەڵامی سەنگاوی دایەوە و لەمبارەیەوە كەیسی كوژرانی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی هێناوەتەوە ڕۆژەڤ.
شاناز برایم خوشكی هێرۆ برایم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئەمڕۆ پێنجشەممە نووسینێكی بەناوی نووسینگەی خۆی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا وەڵامی هه‌ڕه‌شه‌ ڤیدیۆییەكەی مه‌حمود سه‌نگاوى داوەتەوە و دەڵێ مەحمود سه‌نگاوى پێشمه‌رگه‌ی هان داوە بۆ ملپه‌ڕاندنی، لە بەرانبەر نووسینی وتارێكدا.
هەروەها له‌بارەی وتارەكەى كە بەناوی (هه‌ڵپه‌ڕینى مه‌یموونه‌كان) لە وەسفی سەردانی شاندێكی گەرمیانی پێشمەرگەكانی یەكێتی بۆ لای بەرهەم ساڵح لە بەغدا نووسیبووی، دەڵێ ئاماژه‌ى به‌هیچ ناوێك نه‌كردووه‌ و ته‌شهیری به‌هیچ كاراكته‌رێك نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ى به‌ویستى خۆى ده‌یه‌وێت ئه‌و ناسنامه‌ و خه‌سڵه‌ته‌ به‌سه‌ر خۆیدا ببڕێت، ئه‌وه‌ خواستی خۆیه‌تى‌ و ئەو لاری لێی نیه‌.
شاناز برایم لە بەشێكی تری وەڵامەكەیدا نووسیویەتی ئه‌و سوكایه‌تی‌ و جنێوفرۆشیه‌ى مه‌حموود سه‌نگاوى نیشانی دا كه‌ ئه‌و مۆدێله‌ له‌ سیاسیه‌ چه‌نده‌ خاڵین له‌ ره‌وشتى شۆڕشگێڕانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌، چونكه‌ ئه‌و هه‌موو جنێو و سوكایه‌تیه‌ نیشانی ده‌دات ئه‌وانه‌ له‌ چ نه‌سلێكى مرۆڤن‌ و چ په‌روه‌رده‌یه‌كى سیاسی دوور له‌ رێبازى مام جه‌لالیان هه‌یه‌.
شاناز برایم لە بەشێكی تری وەڵامەكەیدا بە ناڕاستەوخۆ باسی كوژرانی ڕۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی بەبیر مەحموود سەنگاوی دێنێتەوە، كە پێشتر چەندین جار سەنگاوی بەكوشتنی گەرمیانی تۆمەتبار كرابوو، دەڵێ هه‌ڕه‌شه‌كردن به‌سه‌ربڕین‌ و ملپه‌ڕاندن ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات ئه‌وانه‌ چه‌نده‌ دڵڕه‌قن، ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر ئەو هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ربڕین بكه‌ن، ده‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر گه‌نجانى بێكه‌س‌ و رۆژنامه‌نووسانى بێ پشت‌ و خه‌ڵكى به‌شمه‌ینه‌ت ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ تا كوێ سه‌ربكێشێ.
لە كۆتاییشدا مەحموود سەنگاوی ناراستەوخۆ تۆمەتبار كردووە بەوەی سه‌رقاڵى بیره‌ نه‌وت‌ و ئۆتۆمبێل‌ و بازرگانى ئه‌ملاوئه‌ولا و بڵاوكردنه‌وه‌ى ترس‌ و تۆقاندن‌ و راوه‌ رۆژنامه‌نووسە.
دوێنێ چوارشەممە گرتەیەكی ڤیدیۆیی مەحمود سەنگاوی بڵاوبووەوە، تیایدا شاناز برایم بە(بەمەیموون) وەسف كردووە و گوتوویەتی سەدان پێشمەرگە ویستوویانە سەری ببڕن.

Comments